بەرپرسی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی شاژنە ئیلیسابیز لە بێرمنگهام لە وڵاتی بەریتانیا ڕێنمایی نوێ ئاڕاستەی توشبووانی كۆرۆنا دەكات و ڕایدەگەیەنێت: پێویستە توشبووانی كۆرۆنا خواردنی قورس نەخۆن و زیاتر سەوزەو میوە بخۆن.
د. زانا زرار بەرپرسی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی شاژنە ئیلیسابیز لە بێرمنگهام لە وڵاتی بەریتانیا بە كوردیوی ڕاگەیاند: پێویستە توشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو ماوەیەی كە هەڵگری ڤایرۆسەكەن خۆیان بە دووربگرن لە خواردنی قورس و چەورو پڕ شەكر و كاربۆهیترات و گۆشت و نان و سەمون و شیرەمەنیەكان و قاوە.
هەروەها ووتیشی: دەبێت توشبووانی ڤایرۆسەكە خواردنی سوك بخۆن و گرنگی بە مەعیدە نەدەن، چونكە كە زۆر نان دەخۆن یاخود خواردنی قورس دەخۆن خوێنێكی زۆر دەڕوات بۆ مەعیدە ئەوەش وا دەكات خوێن كەمتر بڕوات بۆ سیەكان و ئەو بەشانەی جەستە كە بەهۆی ڤایرۆسەكەوە پێویستیان بە خوێنی زیاترە.
ئاماژەی بەوەشكرد: وا باشترە توشبووانی كۆرۆنا بەیانیان دوو هێلكە بخۆن و نیوەڕوان خواردنێكی سوك و زەلاتە و ئێوارانیش میوە بخورێت و باشتریشە دوای چاك بونەوە لە كۆرۆنا گۆشت و خواردنی پڕ لە ڤیتامین بخورێت بۆ ئەوەی جەستە هێزو توانای بۆ بگەڕێتەوە بەڵام زێدەڕەویی تێدانەكرێت.