شه‌ڕ له‌ نێوان دوو وڵات ڕوویدا،كوژراوو بریندار هه‌یه‌
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

شه‌ڕ له‌ نێوان دوو وڵات ڕوویدا،كوژراوو بریندار هه‌یه‌

وه‌زاره‌تی به‌رگری ئازربایجان ڕایده‌گه‌یهنێت، به‌هۆی تۆپبارانكردنی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی نیشته‌جێبوونی "قه‌ره‌ باغ" له‌ لایه‌ن ئه‌رمه‌نییه‌كانه‌وه‌،پێكدادانی هێزه‌كانیان له‌به‌ره‌ی پێشه‌وه‌دا له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئه‌رمه‌نستان دروستبوه،به‌هۆیه‌وه‌ كۆژراوو بریندار هه‌یه‌.

ئه‌مرۆ یه‌ك شه‌ممه‌ 27 ی ئه‌یلولی 2020 وه‌زاره‌تی به‌رگری ئازه‌ربایجان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست ماڵپه‌ڕی (كوردیو) كه‌وتوه‌ ڕایگه‌یاندوه‌، سوپای ئه‌رمه‌نه‌كان له‌ ده‌وروبه‌ری كاتژمێر 6:00ی به‌یانی ئۆپراسیۆنی به‌رفراوانیان به‌ درێژایی به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ كرد و تۆپ و هاوه‌نی گه‌وره‌یان ئاراسته‌ی چه‌ند پێگه‌یه‌كی سوپای ئازه‌ربایجان و ناوچه‌ مه‌ده‌نیه‌كان كرده‌وه‌، له‌ئه‌نجامیشدا ژماره‌یه‌ك كوژراو و بریندار هه‌یه‌.

هه‌روه‌ها له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، بۆ ڕێگریكردن له‌ هێرشی ئه‌رمه‌نییه‌كان و بۆ مسۆگه‌ركردنی سه‌لامه‌تی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌و ناوچانه‌ی له‌ نزیك له‌ هێڵه‌كانی پێشه‌وه‌ نیشته‌جێن، رێكاری پێویستیان بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ گرتوه‌ته‌به‌ر، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا بڕیاریانداوه‌، به‌ ده‌ستپێكردنی هێرشێكی پێچه‌وانه‌ به‌درێژایی به‌ره‌ی پێشه‌وه‌، له‌ به‌رامبه‌ر هێرشی ئه‌رمه‌نییه‌كاندا.

وه‌زاره‌تی به‌رگری ئازه‌ربایجان ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو، هێزه‌كانی ئازه‌ری توانییان ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ دامه‌زراوه‌ سه‌ربازی و ئۆتۆمبێله‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌رمه‌نستان له‌ قوڵایی هێڵی پێشه‌وه‌ بكه‌نه‌ ئامانج و له‌ناو به‌رن، له‌وانه‌ 12 سیسته‌می موشه‌كی دژه‌ فڕۆكه‌.


لای خۆیەوە لایەنی ئەرمەنی ئاماژەی بەوەدا ئەو جەنگەی ناوێت كە ئازربایجان بۆ ناوچەكەی هێناوە و بەرپرسیارێتی "كارەساتی مرۆیی كە بەهۆی جەنگەوە توشی ناوچەكە دەبێت" خستە ئەستۆی سەرۆكی ئازربایجان.

دەسەڵاتدارێتی ئەرمینیا ڕایانگەیاندوه‌، لانیكەم 10 سەربازی ئەرمەنی بەهۆی بۆردومانی ئازربایجان كوژراون، هەروەك زیانی گەورە بە دامەزراوە مەدەنییەكان كەوتووە و ئاماژەش بە كوژرانی ئافرەت و منداڵێك بەهۆی بۆردومانەكەوە كرا.

هەرێمی ناگۆڕنی قەرەباغ كە دەكەوێتە باشوری ڕۆژئاوای ئازەربایجان و لەناو ئەو وڵاتەدایە، لە دوای هەرەسهێنانی یەكێتی سۆڤییەت جەنگی لەگەڵ وڵاتەكە ڕاگەیاند و دوای ململانێیەكی چەندین ساڵە توانییان هێزەکانی ئازەربایجان دەربکەن و هەرێمێكی سەربەخۆ ڕابگەیەنن.

لە ساڵی 1994یشەوە كە ئاگربەست لەنێوانیاندا ڕاگەیەنرا چەندین جار ململانێ و شەڕ لەنێوانیاندا ڕوویداوە كە توندترینیان لە ساڵی 2016 بووە، و وڵاتی ئەرمینیاش لایەنگیری هەرێمەكە دەكات و بەهۆیەوە لەو ململانێیەدا تێوەگلاوە.

هه‌واڵی گرنگ