چاویلكەی ژیری فەیسبووك تازەترین بەرهەمی ئەو كۆمپانیایە كە زانیاری و وێنەی ڕاستەقینەی دەوروبەر دەردەخات و ماركەی (رای بان) ی پێوە دەبێت كە یەكێكە لە ماركە بەناوبانگە جیهانییەكان.
بڕیارە لەسەرەتای ساڵی (2021) دا كۆمپانیای فەیسبوك چاویلكەیەكی ژیر بە ماركەی (ڕای بان) ئاشكرا بكات كە ئەو ماركەیە یەكێكە لە ماركە بازرگانییە بە ناوبانگەكان و ئەم كارەش بە هاوكاری گروپی (ئیسیلور لۆكسوتیكا) بەڕێوەدەچێت كە ئەویش یەكێكە لە كۆمپانیا پێشەنگەكانی جیهان لە بواری چاویلكەدا.
(مارك زوكەربێرگ) ی سەرۆكی كۆمپانیای فەیسبووك لە لێدوانێكیدا ئەوەی ئاشكراكردووە هاوبەشێتی لەگەڵ (ئیسیلۆر لۆكسۆتیكا) لە چوارچێوەی پرۆژەیەكی بەرفراوانتردایە بۆ بەرهەمهێنانی چاویلكەیەك كە بە تەنها هەر جوان و گرانبەها نەبێت، بەڵكو لە هەمانكاتدا كایەیەكی بینینی زانیاری و وێنەی زانیاری ئامێز بێت سەربارەت بە دەوروبەری ئەو كەسەی بەكاریدەهێنێت.
زوكەربێرگ وتی: ئەم چاویلكە نوێیە جگە لەو شتانەی كەسەكە دەیبینێت بە شێوەی سێ رەهەندیش ژمارەیەك زانیاری بە سوودو ورد دەبەخشێتە بەكاربەركەی بەپێی ئەو شوێنەی تێیدایە.
ئەو وتیشی: پەیامەكە ئەوەیە كە ئەم جۆرە ئامڕازانە یارمەتی بەكارهێنەرەكەی دەدات بۆ جێبەجێكردنی هەندێك ئەرك وەك دۆزینەوەی كلیلێكی ون بوو یان گەڕان بە ناو ناوچەیەكی تازەدا، یاخود تۆماركردنی ساتێكی گرنگ.
كۆمپانیای فەیسبووكیش رونیكردەوە، هەرچەندە زۆر جار ڕەخنە دەگیرێت سەبارەت بەوەی فەیسبووك لاوازە لە پاراستنی ژیانی تایبەتی بەكاربەرەكانی، بۆیە ئەم بابەتە كراوەتە خاڵی پێشەنگ لەم پرۆژە تازەیەدا.
ئێستاو لەم پرۆژەیەدا كۆمپانیای فەیسبووك و هاوكارەكانی سەرقاڵی ئەوەن كە ئەو چاویلكانە زۆر باش و بێ خەوش بن بۆ ئەوەی بە دەردی چاوێلكەكانی كۆمپانیای گۆگڵ نەچن كە (google) لە ساڵی (2013) دا خستییە ڕوو ڕەخنەی ئەوەی لێگیرا كە جۆرە ئامێرێكی وێنەگرتنی هەیە كە دەتوانێت بە نهێنی وێنە بگرێت.