ئایندارانی بەد !
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئایندارانی بەد !

لەگەڵ ئەوەی ئەم سەردەمە سەدەی وێرانبوونە، ساتی رووخانی پایە بە پایەی ئاین و ئەخلاق و عورفە، کەچی ئاین گیری خواردوە بەدەست کۆمەڵێک بەڵاوە، کە خۆیان پێ دڵسۆزترینی کەسانە!

ئایندار - ئەسڵ وایە - ئیسلاحی بێت، چرابەدەست و عاشق بە رۆشنایی بێت، جەنگی تاریکی بکات، کەچی پێچەوانەکەی ئەبینی..

مەعمەعەی ئەهلی ئاین لە ئیستادا، مایەی بەزەیی و هاوکات قێزیشە، لە نێو سەدان گیروگرفتدا بابای ئایندار خەریکی ئەوەیە کە ( سەرفیترە بەپارە بێ یا بە گەنم و جۆ ، یا خوا دەستی هەیە ، یا نییەتی، یا زەوی گۆیە، یا تەختە، یا نیقاب کلتورە، یا دینە، ریش سونەتە یا واجبە و بەم دوایانەش شەری هەندێکم ئەبینی ئەیانوت ابو تاڵب موسڵمانە!)

ئەمانە دەلالەتگەلێکن کە بە ئاشکرا بۆت دەردەخات، کە ئاینداری نەزان چەنێ بەڵایە بەسەر ئوممەتەوە!

توخوا مایەی شورەیی نییە!! ئومەت لە چی لێی قەوماوە و ئێمە خەریکی چین! ، ئیسلامتان بە گەورەیی خۆی لەمانە بچوک کردۆتەوە!؟

ئایندارانی بەڵا کێن؟

١. مەلایی درۆینە، مێزەبەسەری کەش و فشۆڵی خاڵی لە زانست، هەر مێزەربەسەرێکت بینی ، نە ملا جامی و ملا علی، نە منهاج و ئیعانە نە جمع الجوامع و لب الاصول ، نە عبداللە یزدی و مغنی توڵابی نەخوێندبوو، بزانە مەلا نییە! ئیدی بەندبێژە، واعزە، مامۆستایە ، خەریجی کولیەی شەریعەیە، گرنگ مەلا نییە !

٢. بانگخوازانی نەخوێندەوار، لەبەر قسەکانی دەگریت، وتاریت پێ کاریگەرە، خوا جەزای بداتەوە و کەلێنی پڕ کردۆتەوە، بەڵام دابنیشێ و وەڵامی پرسیاری شەرع بداتەوە، دەبێتە بەڵا بەسەر ئومەتەوە، چونکە موتاڵەعە و زانیاری، زانست نین! خوێندنەوە ، خوێندن نییە.

٣. گەنجی ئایندار ! رەدی ئیلحاد ئەداتەوە ،کەچی کتێبێکی عەقائیدی نەخوێندوە، دژە مەسیحییە، کەچی هیچێ لەبارەی ئیسلامی خۆی نازانێ! موریدی یەکێ لە واعیزەکانی فەیسبوکە و تەنێ ئەوی لا زانایە، لەمەڕ هەموو پرسێ قسە دەکات، فەتوا دەدات، کەچی خاڵییە، مێشکێ پوچ، فکری بەتاڵ، بێ زانست، خەڵک تەکفیر ئەکات و لەهەمووی کێشەتر خۆی بە شت ئەزانێ!

٤.عاشقی شوهرەت، ئەو تاکەیە، یا زۆر جار ئەو گەنجەیە حەزی شوهرەتی هەیە و ئاین وەک پلیکانەیەکی باش ئەبینێت، ئیدی قسە دەکات و دەنوسێت و ڤیدیۆ دەکات و هتد..

٥.موسەقەفی ئینتەرنێت، سەرچاوەی هەموو زانست و مەعریفەی پۆستی فەیسبوک و ڤیدیۆی یوتوبە، جار جارەش کتێبێ ئەخوێنێتەوە ، جا ئەبێتە، لێکۆڵەری کۆمەڵایەتی ، پەروەردەکار، ناقدی دینی، سیاسەتمەدار، شیکەرەوە، .. هتد..

کارم لە هیچ کام لە کردە سەقەتەکانی تری نییە، تەنێ بواری ئاینەکەی نەبێت، کە بە نەزانی دەمی تێئەکوتێت، جا بە پێم وایە و پێم وایە، پوچی دەوەشێنێ..

٦. کۆتا بەد، جەماعەتی قورئان و سوننەت، کە نە دەزانن قورئان بخوێننەوە ، نە لە سوننەتیش تێدەگەن، پێیان دەڵێی فلان زانا وادەفەرمووێ، دەڵێ من قورئانت بۆ دێنمەوە، وەک ئەوەی زانایان قورئانیان نەدیبێ! جا بزانە ئەمەش ڤایرۆسێکە!

سارتەر، کاتێ چووە مەرحەلە یەکی زانکۆ تەنها هەزار کتێبێکی خوێندبۆوە، گەنجی ئێمە(تاکی ئێمە) بە پێش و پاشی زانکۆوەش ٥٠٠ کتێب ناخوێننەوە، کەچی دەنوسێ، ڕای خۆی هەیە لەمەڕ پرسەکان ، ئاخر بڵێ تۆ چیت تا ڕات هەبێ!!

يقولون هذا عندنا غيرُ جائزٍ

فمَنْ أنتمُ حتى يكونَ لكم عِندُ

دەڵێن ئەم شتە لای ئێمە جائیز نییە، ئاخر ئێوە کێن تا لاتان هەبێ!

خودا ئایندارانی بەدمان لەکۆڵ کاتەوە..

 

هه‌واڵی گرنگ