دامەزراوەیەك ڕاپرسییەكی ئەنجامداوە لەسەر ئەو شارانەی كە زۆرترین داهێنانیان لە چەند بوارێكی دیاریكراودا تێدا كراوە، لە ڕاپرسییەكەدا شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە.
دامەزراوەی (inkifi) لە ڕاپرسییەكەیاندا چەند پێوەرێكیان دەست نیشان كردووە، لەوانە داهێنان لە بوارەكانی ڕوشنبیری و هونەری و پەیكەرسازی و شانۆو ئەندازیاری لە تەلارسازی و موزیك و كۆمیدیا.
بەپێی ڕیزبەندی دامەزراوەكە دوای شاری پاریسی فەرەنسا هەریەك لە شارەكانی بەرشەلۆنە لە ئیسپانیاو دبلن لە ئێرلەندا و لەندەن لە بەریتانیاو تەلئەبیب لە ئیسرائیل لە پێنج شارە داهێنەرە یەكەمەكانی جیهانن.
(بۆل موسلی) كە بەرپرسی ئەو دامەزراوەیە دەڵێت، هەرچەندە ئێستا كەرتی گەشتیاری لە جیهان گرفتی تێكەوتووە، بەڵام گرنگە گەشتیار بزانێت كە كامە شار لە جیهاندا داهێنانی زیاتری كردووە لە بوارە جیاجیاكاندا.