بریاری ۳۷۷ نەتەوەیەکگرتوەکان دەروازەیەک بۆ ڕزگاربوون لە مافی ڤیتۆ
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

بریاری ۳۷۷ نەتەوەیەکگرتوەکان دەروازەیەک بۆ ڕزگاربوون لە مافی ڤیتۆ

 

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان کەلەساڵی ۱۹٤٥ دامەزاوە لەشەش دەزگای سەرەکی پێکهاتوە ، ئەوانیش )کۆمەڵەی گشتی ــ جمعیە عامە / ئەنجومەنی ئاسایش ــ مجلس الامن / ئەنجومەنی ئابوری وکۆمەڵایەتی/ سکرتاریەتی گشتی / ئەنجومەنی وصایە/ مەحکەمەی عەدلی دەولی( لە ۱۹٥٠ و لەگەرمەی جەنگی هەردوو کۆریادا کۆمەڵەی گشتی)جمعە عامە ( بڕیارێکی دەرکرد کە ناسراوە بە بڕیاری ۳۷۷) یەکێتی لە پێناوی ئاشتیدا ــ أتحاد من أجل السلام -ئەم بریارە هەردوو خاسیەتی )عام ومجرد ی لەخۆ گرتبوو ،هۆکاری دەرکردنی بڕیارەکە ڕێگرییەکانی سۆڤیەت بوو لەهەر جوڵەیەکی ئەنجومەنی ئاسایش لەڕێگەی مافی ڤیتۆە بۆ دەرکردنی هەربڕیارێک دژی کۆریای باکو، ئەم دۆخە پاڵی بە ئەمریکاوە نا کە داوا لە کۆمەڵەی گشتی بکات تا بڕیارێک دەربکات کەڕێگە بە ئەمریکا بدات بۆ بەردەوام بوون لە کارە سەربازییەکان دژی کۆریای باکور کە پێشتر دەستیان پێکردبوو ، بەئامانجی پاراستنی ئاشتی و ئارامی نێو دەوڵەتی . پوختەی بڕیارەکە ئەوەیە ـــ هەرحاڵەتێک یان دوژمنکارییەک هەڕەشە بێت بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی ولەهەمانکاتدا ئەنجومەنی ئاسایش دەستەوسان بێت بۆ دەرکردنی بڕیارێک بە ئامانجی پاراستنی ئاسایشی نێو دەوڵەتی بەهۆی ڕێک نەکەوتنی هەر پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ناو ئەنجومەنی ئاسایش لە ڕێگەی بەکارهێنانی مافی ڤیتۆوە، لەم حاڵەتەدا کۆمەڵەی گشتی ــ جمعیەعامە ــ دەتوانێت سەیری بابەتەکە بکات و ڕاسپاردەی پێویست دەربکات بۆ وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتوەکان تا دەگاتە بەکارهێنانی هێزی سەربازی ئەگەر پێویستی کرد ــ

 

مەرجەکانی کارکردن بەبڕیاری ۳۷۷ ی ناسراو بە ــ یەکێتی لە پێناو ئاشتی دا ـــ

 

بۆکاراکردنی ئەم بڕیارە دوو کۆمەڵە مەرج پێویستە ئەوانیش مەرجی بابەتی و مەرجی شکلیین

 

مەرجە بابەتییەکان

 

یەکەم : دەبێت دۆخێک یان دوژمنکارییەک هاتبێتە پێش کە هەڕەشە لە ئارامی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بکات

دووەم : بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو دۆخە یان ئەو دوژمنکارییە ئەنجومەنی ئاسایش شکستی هێنا بێت لە دەرکردنی بڕیارێک بۆ پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە هۆی بەکار هێنانی مافی ڤیتۆوە

 

مەرجە شکلی یەکان

 

ئەگەر ئەو دوومەرجە بابەتییە هاتنە دی ، ئەوا دەسەڵاتی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی دەولی لە ئەنجومەنی ئاسایشەوە دەگوێزرێتەوە بۆ کۆمەڵەی گشتی پاڵپشت بە بڕیاری ۳۷۷ ی کۆمەڵەی گشتی بەلەبەرچاوگرتنی ئەم ڕێکارانەی خوارەوە

یەکەم / ئەگەر دۆخەکە لەکاتی کۆبونەوەی ئاسایی کۆمەڵەی گشتی دا بوو ئەوا هەر لە کۆبونەوەکەدا کۆمەڵەی گشتی سەیری بابەتەکە دەکات وهەنگاوی پێویست وەردەگرێت

دووەم / ئەگەر هەڕەشەکە لەکاتی کۆبونەوەی ئاسایی دا نەبوو ، ئەوا کۆمەڵەی گشتی کۆبوونەوەی نائاسایی بۆ ئەنجام دەدات لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێردا لەدوای داواکردنی ئەنجام دانی کۆبونەوە لەلایەن کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە

 

کێ دەتوانێت داوای کۆبونەوە بکات ؟

 

یەکەم/ ئەنجومەنی ئاسایش : لێرەدا ئەنجومەنی ئاسایش داوا لە کۆمەڵەی گشتی دەکات بەگوێرەی بڕیاری ۳۷۷ کۆبونەوەیەکی نائاسایی ئەنجام بدات ، بەپێی مادەی ۸ لەپەیڕەوی ناوخۆی کۆمەڵەی گشتی ، کاتێک ئەنجومەنی ئاسایش ئەو داوایە ئاراستەی کۆمەڵەی گشتی دەکات بۆ دەرچونی ئەو داوایە تەنها پێوستیبی بە نۆ دەنگ هەیە و ناتوانرێت لەم حاڵەتەدا مافی ڤیتۆ بەکاربهێنرێت چونکە بابەتێکی ئیجرائییە نەک مەوزوعی

دووەم/ زۆرینەی ئەندامانی نەتەوە یەکگرتوەکان :کە لەهەمان کاتدا دەکاتە زۆرینەی ئەندامانی کۆمەڵەی گشتی ، چونکە هەموو ئەندامانی نەتەوەیەکگرتوەکان ئەندامن لە دەزگای کۆمەڵەی گشتی

 

بەهای یاسایی بڕیاری ۳۷۷ ـ یەکێتی لە پێناو ئاشتی دا ــ

بڕیاری ۳۷۷ ی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بەدەرنەبوو لەڕوبەڕوبونەوەی ڕەخنە بەتایبەتی لە لایەن سۆڤیەتەوە، ڕەخنەگرانی بڕیارەکە دەڵێن بڕیارەکە هەموار )تعدیل( ی میساقی نەتەوە یەکگرتوەکانی کردوە دوور لە ڕێگەو شێوازە یاساییەکانی هەموارکردن، هەروەها دەیانووت پێچەوانەیە لەگەڵ مادەی ۱۱ و مادەی ۱۲ ی میساقی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەمە جگە لەوەی پێیانوابوو سروشتی بڕیارەکە ڕاسپاردەیەو هێزی پابەندکردنی نییە

لەبەرامبەردا لایەنگرانی بڕیارەکە بۆ وەڵامی ئەوان دەیانووت پەنا نابرێتە بەر کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتی مەگەر دوای شکستهێنانی ئەنجومەنی ئاسایش لە چارەکردنی پرسەکەدا ، لەم حاڵەتەشدا یان لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە یان لە لایەن زۆرینەی ئەندامانی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە داوا لە کۆمەڵەی گشتی دەکرێت هەستێت بە پاراستنی ئاسایشی دەولی لەڕێگەی بڕیاری ۳۷۷ ەوە

ئەمە سەرەڕایی ئەوەی ئەم بڕیارە زۆرینەی ئەندامانی نەتەوەیەکگرتوەکانی لەگەڵدا بووە ، ئێستا وەک قاعیدەیەکی عورفی لێهاتوە، بەمەش ئەو بڕیارانەی پاڵپشت بە بڕیاری ۳۷۷ دەردەچن هێزی پابەندکردنیان هەیە، بۆ یەکلایکردنەوەی پرسی یاسای بوون و نەبونی بڕیارەکە کۆمەڵەی گشتی داوای فەتوای لە مەحکەمەی عەدلی دەولی کرد دەربارەی دەرهاویشتەی ئەو ئیلتیزاماتانەی بڕیاری ۳۷۷ دروستیکردبوون ، مەحکەمەی عەدلی دەولی لەوەڵامی داواکەدا بەشێوەیەکی ناوەکی )چمنی( دانای ناوە بەڕەوای بڕیاری ۳۷۷دا بەمەش کێشەی یاسایی بونی کۆتای هات

 

جێبەجێکردنەکانی )تگبیقات(ەتەکانی بڕیارەکە

وەک جێبەجێکردنێک بۆ بڕیای ۳۷۷ ی نەتەوەیەکگرتوەکان ، کۆمەڵەی گشتی یازدە جار کۆبوونەوەی ئاسایی و نائاسایی پاڵپشت بەم بڕیارە ئەنجام داوە بەم شێوەیەی خوارەوە

 

ــ جەنگی نێوان هەردوو کۆریای باکورو باشور ۱۹٥٠

ــ هێرشی سێ قۆڵی بۆ سەر میسر ۱۹٥٦

ــ داگیرکردنی مەجەر لەلایەن سۆڤیەتەوە ۱۹٥٦

ـ جەنگی لوبنان ۱۹٥۸

ــ جەنگی کۆنگۆ ۱۹٦٠

ــ دەستێوەردانی سۆڤیەت لە ئەفغانستان ۱۹۸٠

ــ جەنگی نامیبیا ۱۹۸۱

ــ جەنگ و داگیرکاری ئسرائیل لە حوزەیرانی ۱۹٦۷

ــ داگیرکردنی لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە ۱۹۸۲

ــ داگیرکردنی بەرزاییەکانی جۆلان لە لایەن ئیسرائیلەوە ۱۹۸۲

ــ تایبەت بە کێشەی فەلەستین ۱۹۹۷

 

لێرەدا تەنها بەکورتەی تیشک دەخەینە سەر دوان لەو نمونانەی سەرەوە

ــ قەیرانی مەجەر )هەنگاریا ( : لە ساڵی ۱۹٥٦ سۆڤیەت دەستوەردانی کرد لەوولاتی مەجەر ، بۆ ئیدانەکردنی ئەو دەستوەردانە ئەنجومەنی ئاسایش ویستی بڕیارێک دەربکات بەڵام ڤیتۆی سۆڤیەت ڕێگربو ، سەرەنجام ئەنجومەنی ئاسایش داوای لە کۆمەڵەی گشتی )جمعە عامە( کرد کە پاڵپشت بەبڕیاری ۳۷۷ بڕیارێک بۆ ڕاگرتنی جەنگ و پاشەکشەی سۆڤیەت دەر بکات ، کۆمەڵەی گشتی بەوکارە هەستاو بڕیارەکەی دەرکرد

 

ــ هێرشی سێ قۆڵی بۆ سەر میسر ۱۹٥٦

 

دوای خۆماڵیکردنی نۆکەندی سوێس ، بەریتانیاو فەرەنساو ئیسرائیل هێرشێکی سێ قۆڵییان کردە سەر میسر، میسر داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش کردهێرشەکە ڕابگرێت ، بەڵام ڤیتۆی بەریتانیاو فەرەنسا ڕێگربوو لەدەرکردنی بڕیارێکی لەو جۆرە ، هەربۆیە ئەنجومەنی ئاسایش داوای لە کۆمەڵەی گشتی

کرد پاڵپشت بەبڕیاری ۳۷۷ بڕیاری ڕاوەستانی جەنگ دەربکات ، بە فعلی بڕیارەکە دەرکراو جەنگەکەش ڕاوەستا ، لە کۆتاییدا پوختەی بابەتەکە دەمانگەیەنێتە ئەوەی کاتێک ئەنجومەنی ئاسایش ناتوانێت هەستێت بە پاراستنی ئارامی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بەهۆی بەکارهێنانی مافی ڤیتۆوە، دەتوانرێت پاڵپشت بە بڕی۳۷۷کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان)یەکێتی لە پێناوی ئاشتی دا (دەتوانرێت کاربکرێت بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، چونکە لەحاڵەتی هەستانی کۆمەڵەی گشتی بەوکارە هیچ بوارێک نامێنێتەوە بۆ بەکارهێنانی مافی ڤیتۆ ، چونکە لە م دەزگایەی نەتەوەیەکگرتوەکان دا کە کۆمەڵەی گشتیە

واتە ــ جمعیە عامە ــ مافی ڤیتۆی تێدا نیە و هەموو دەوڵەتەکان یەکسانن لە دەنگ دان

هەربۆیە دەتوانین بڵێین ئەم بڕیارە دەروازەیەکە بۆ رزگاربوون لەو لاسەنگییەی کە مافی ڤیتۆی ناو ئەنجومەنی ئاسایش دروستیکردوە ، بەڵام ئەمیش بەدەر نیە لە هاوسەنگی هێزو ململانێی نێوان دەوڵەتە زلهێزەکان.

 

هه‌واڵی گرنگ