ڤیتامین D ڕێگری لە كۆڕۆنا دەكات ؟؟
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ڤیتامین D ڕێگری لە كۆڕۆنا دەكات ؟؟

 

 

پرسیارێكی زۆر هەن لەسەر ڕۆڵی ڤیتامین دی لەشەڕی دژی ڤایرۆسی كۆڕۆنا، بۆ ئەو مەبەستە كۆمسیۆنی ڕاوێژكاری شارەزایان لەسەر خۆراك و چاودێری تەندروستی، هەروەها ئەنستیتۆی نیشتمانی باشترین چاودێری تەندروستی چاوپێداخشاندنی خێرایان بەسەر بەڵگەكانی پەیوەست بەوەدا كردووە كە لەو ڕاپۆرتەدا وەڵامی بەشێك پرسیارەكان دراوەتەوە:

ڕێنماییان چی بووە ؟؟

لەماوەی پاندێمێكی ڤایرۆسی كۆڕۆنادا زۆربەی خەڵكی لەماڵەوەدا دەمێننەوە، ئەوەش وادەكات خەڵكی كەموكورتیان لەوەرگرتنی بڕی پێویستی ڤیتامین دی هەبێ.

بەشێوەیەكی ئاسایی زۆربەی خەڵكی ڤیتامین دی ‌یان لە دەرەوە دەستدەكەوێ، پێستی مرۆڤ لەكاتی بەریەككەوتنی لەگەڵ خۆردا ڤیتامین دی دروستدەكات.

لەڕێنماییەكانی خزمەتگوزاری تەندروستی گشتی بەریتانیا لەو بارەیەوە هاتووە، ئەگەر خەڵكی كاتی پێویست لەدەرەوە بەسەرنەبەن پێویستە ڕۆژانە بڕی (10) مایكڕۆگرام ڤیتامین دی وەربگرن.

هەروەها لەبەریتانیا بەهۆی ئەو كەشوهەوا تایبەتەی هەیەتی، لەماوەی پێش پاندێمێك و هاتنی كۆڕۆناشدا ساڵانە لەنێوان مانگەكانی (تشرینی یەكەم) بۆ (ئازار) خەڵكی ڕێنمایی دەكەن ڤیتامین دی بەكاربهێنن.

بەڵگەنامەكان ئەوەیان دەرخستووە، كە پێستی تاریك لەوانەیە بڕی پێویستی ڤیتامین دی دەستنەكەوێت هەتا ئەگەر هاتوو ماوەی پێویستیش لەدەرەوە بمێنێتەوە، بۆیە ئەو كەسانەی پێستیان تاریكە ڕێنمایی دەكرێن ساڵەكە بەتەواوی ڤیتامین دی وەربگرن.

لە بەریتانیا بەڵگەكان نیشانداوە كەمینە نەتەوەكانی ئاسیاو ڕەش پێستەكان لەكاتی گرتنی ڤایرۆسی كۆڕۆنادا بەتوندی توش دەبن و ژمارەی مردنیش تێیاندا بەرزبووە، بەشێكی بەهۆی كەمی ڤیتامین دیەوە بووە.

بۆچی دەبێ ڤیتامین دی وەرگرین ؟؟

ڤیتامین دی گرنگە بۆ تەندروستی ئێسقان و ددان و ماسولكەكان، كەمی بڕی پێویستی ڤیتامین دی لە لەشدا دەبێتە هۆی لاوازی ئێسقانەكان و ئێسكە نەرمە.

چەند پێشنیازێك هەیە لەو بارەیەوە كە، ڤیتامین دی بۆ بەهێزكردنی سیستەمی بەرگری باشەو شەڕی دژی توشبوون بە ڤایرۆس و میكڕۆبەكان دەكات، لەوانە ئەنفلۆنزا.

ئایا ڤیتامین دی ڕێ لەتوشبوون بە كۆڕۆنا دەگرێ ؟؟

ڕاپۆرتەكە ئەوەی دەرخستووە، لێژنەی گەورە ڕاوێژكارانی شارەزایان دەڵێن: هیچ بەڵگەیەك نیە پاڵپشتی ئەوە بكات كە وەرگرتنی (تەواوكاری) ڤیتامین دی ببێتە هۆی ڕاگرتن یان چارەسەری ڤایرۆسی كۆڕۆنا.

بەڵام زانایان لەو باوەڕەدان وەرگرتنی ڤیتامین دی بەشێوەیەكی بەرفراوان سودی تەندروستی هەیەو ئاستی بەرگری بەرزدەكاتەوە، بەتایبەتی لەماوەی پاندێمێكی كۆڕۆنادا بۆ ئەوەی خەڵكی بەشێوەیەكی ڕێك و تەندروست بمێننەوە ڤیتامین دی ڕۆڵی كارای دەبێت.

هەندێك توێژینەوە پێشنیازیان كردووە، كەمی ڤیتامین دی لەكاتی توشبوون بەڤایرۆسی كۆڕۆنادا باری نەخۆشەكە خراپتر دەكات، بەتایبەتی لەكاتی هەوكردنی سیەكاندا.

پرۆفیسۆر (جۆن ڕۆدس)، پرۆفیسۆر لە زانكۆی لیڤەرپوڵی پزیشكی دەڵێ : ڤیتامین دی دژە كاریگەرەكانی هەڵاوسانە، ئەوە لەو نەخۆشانەی كە بەتوندی تووشی ڤایرۆسی كۆڕۆنا دەبن دیارە كە سیەكانیان توشی هەڵاوسانی زۆردەبێ و چاكبونەوەیان ئاسان نیە، لێرەدا هەبوونی بڕی پێویستی ڤیتامین دی گرنگە.

ئایا پێویستە بڕێكی زۆر ڤیتامین دی بەكاربهێنین ؟؟

نەخێر، ئەگەرچی وەرگرتنی ڤیتامینەكان لەوانە ڤیتامین دی بەگشتی سەلامەتە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەرگرتنی بڕی زۆرو هەموو ڕۆژێك مەترسیداردەبێت لەدرێژ مەودادا، بۆ خەڵكی پێگەیشتوو پێشنیاركراوە ڕۆژانە بڕی (10) مایكڕۆگرام ڤیتامین دی بەكاربهێنێ، وە بەكارهێنانی زیاتر لە (100) مایكڕۆگرام لەڕۆژێكدا كاریگەری خراپی تەندروستی دەبێت، وەرگرتنی بڕی زیادەی ڤیتامین دی دەبێ لەژێر ڕێنمایی دكتۆردا بێت.

ئەو كەسانەی كێشەی گورچیلەكانیان هەیە، یان بارێكی خراپی تەندروستیان هەیە پێویستە لەژێر ڕێنمایی دكتۆردا ڤیتامین دی بەكاربهێنن.

ئایا ڕێجیمی خۆراك چەندە كاریگەرە ؟؟

وەرگرتنی خۆراكی پێویست و هەمەچەشن بەشێوەیەكی هاوسەنگ دەتوانێ یارمەتی باش ئیشكردنی سیستەمی بەرگری لەشی مرۆڤ بدات.

ئەو خۆراكانەی بە ڤیتامین دی دەوڵەمەندن بریتین لە ماسی چەورو هێلكە، هەروەها خواردنەكانی بەیانیان لە دانەوێڵەكان و ماست و شیرو هێلكە لە باشترینەكانن كە ڤیتامین دی باشیان لەخۆوەگرتووە.

خالید ئەحمەد - هەولێر

هه‌واڵی گرنگ