ئەگەر لەسەرما جومگەمان ئازاری هەبوو چی بكەین ؟؟
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئەگەر لەسەرما جومگەمان ئازاری هەبوو چی بكەین ؟؟

 

 

1. پێویستە جلوبەرگی زیاتر لەبەربكەین و خۆمان گەرم داپۆشین بەتایبەتی ئەو شوێنانەی كە ئازاریان تێدایە، بۆ نموونە : ئەگەر سەرئێشەت لەگەڵ بوو باشترە لەوەرزی زستاندا كڵاو یان لەچك بەكار بێنیت، وە ئەو جومگانەی ئازاریان تێدایە بە باندج بیبەستە. 

2. لەكاتی سەرماو بەفری زۆردا، كاتێكی زۆر لە دەرەوە مەمێنەرەوە، هەوڵ دە لە ڕۆژی ساردا زیاتر لەژوورەوە كاتەكانت بەسەر بەریت ئەگەر گونجاو بوو. 

3. بەیانیان پێش هەستان لەخەو بە دوو كاتژمێر، ژوورەكەت زیاتر گەرمكە

، وەهەروەها پێش چوونە ناو ئۆتۆمبێلەوە ناو ئۆتۆمبێلەكەت گەرمبكە بە نیو كاتژمێر، بۆ ئەوەی ئازار لە سەرەتایی ڕۆژەكەوە دەست پێنەكات. 

4. هەوڵ دە هەمیشە لەجووڵەدا بیت، لەناو جێگاكەدا مەمێنەرەوە بۆ ماوەیەكی زۆر، بۆ ئەوەی جومگەكانت ڕەق و سست نەبن، هەروەها وەرزشیش بە ڕێكی و ڕۆژانە كاریگەریەكی زۆری هەیە لەسەر چەوركردنی جومگەكان بە شلەی نێوان جومگەكان و كەمكردنەوەی ئازار. 

5. ئەو خۆراكانە بخۆ كە دژە هەوكردن و دژە ئازاریان تێدایە وەكو : زەنجەفیل، بیبەری توونی سوور، زەردەچەوە، نەعنا، زەیتی زەیتون، برۆكلی، سیر، پیاز، شیلك، بێرییەكان (گۆڵدن بێری، بلو بێری، گێلاس، توتڕك) شیرەمەنیەكان كە ڕێژەی ڤیتامین دی و كالسیۆمیان زۆرە، هەروەها چەرەزات كە ڕێژەی ئۆمێگا سێیان زۆرە.

6. دووركەوەرەوە لەخواردنی فاست فودو موعەلەب كە ماددەی حافزەی تێدایەو نیترایتی تێدایە بەڕێژەیەكی زۆر.

7. خۆت دووربگرە لەووشكبوونەوە، ئەویش بە خواردنەوەی بڕی تەواوی ئاو لەڕۆژەكەدا، بەلایەنی كەمەوە دەبێت لەڕۆژێكدا (12) پەرداخ ئاو بخۆیت، وشكبوونەوە كاریگەرییەكی زۆری هەیە لەسەر دروستبوونی ئازار. 

8. دووركەوەرە لەخواردنەوەی چا، یاخود قاوە بەڕێژەیەكی زۆر، لەڕۆژێكدا تەنیا (3) كوپ قاوەو (5) پیاڵە چا دەتوانیت بخۆیت لەبەر ئەو كافایینەی كەلەناویدا هەیەو بەڕێژەیەكی زۆر ئازار دروست دەكات، باشترە بیكەیت بەو خواردنەوە گەرمانەی دژە هەوكردنیان تیادایە وەكو چای سەوز، چای گوڵە بەیبوون، چای دارچینی. 

9. دەتوانیت لەكاتی بوونی ئازار ڤیتامین دی و كالسیۆم بە شێوەی حەب و سەپلیمێنت بەكاربێنیت، چونكە لەوەرزی زستاندا خۆر كەمەو ئاساییە مرۆڤ تووشی كەمی ڤیتامین دی ببێت. 

10. ئاگاداری كێشت بەو مەهێڵە بە هیچ شێوەیەك كێشت زیاد بكات.

لەكاتی دروستبوونی ئازار بەهۆی سەرماوە چیبكەم باشە ؟؟

1. پێویستە پێش هەموو شتێك خۆت گەرمبكەیتەوە، دەتوانیت حەمامێكی گەرم بكەیت یاخود شاوەرێكی گەرم، یان ئەگەر ساونا بەردەست بێت، هەر نەبوو دەتوانیت پاكی گەرم یان جەوەنەی گەرم بەكاربێنیت. 

2. دەتوانیت مەساج بكەیت بۆ شوێنی ئازارەكە، بە شێوەیەكی بازنەیی. 

3. دەتوانیت ئەو كرێمانە بەكاربێنیت كە گەرمكەرەوەن، بۆ نموونە كرێمی بیبەری توونی سوور، كە ماددەی كاپسەسینی تێدایە، یاخود زەیتی زەنجەفیل، جێلی گوڵە ئەرنێكا، ئەمانە هەمووی ئازار كەمدەكەنەوە. 

4. دەتوانیت دەرمانی ئازارشكێن و ماسولكە خاوكەرەوە بەكاربێنیت. 

5. لەكاتی ئازاری زۆردا، كە بەئازار شكێن كۆنتڕۆڵ نابێت، دەتوانیت دەرزی ئاژنین و ئامێری شۆك وەیڤ یان تێنس بەكاربهێنرێت بۆ خاوكردنەوەی خاڵی ئازار لەلەشدا.

(د. هەڤین كەمال شاهـ موحەمەد – پسپۆڕ لە زانستی ئازارو بەنج)

هه‌واڵی گرنگ