بەریتانیا ڕێو شوێنی تووندتر بۆ كۆڕۆنا دەگرێتە بەر
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

بەریتانیا ڕێو شوێنی تووندتر بۆ كۆڕۆنا دەگرێتە بەر

 

 

وڵاتانی ئەوروپا ڕێوشوێنەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایان دووبارە ڕاگەیاندەوەو گردبوونەوە تایبەتیەكان لە شوێنە داخراوەكانی لەندەن و كۆمەڵێك شوێنی دیكەی بەریتانیا قەدەغە كران و ئاهەنگە تایبەتیەكانیش لە شوێنە گشتیەكانی فەرەنسا قەدەغە كران، ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیش هۆشیاریدا لەوەی ڕەوشی ئەوروپا جێگەی نیگەرانییەكی زۆرە.

ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرتاسەری جیهاندا كارێكی زۆری كردۆتە سەر سیاسییەكان، سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا (ئۆرسۆلا ڤۆن دێرلاین) كۆبوونەوەی ڕابەرانی یەكێتی ئەوروپای بەجێهێشت دوای ئەوەی دەركەوت یەكێك لە ئەندامانی تیمەكەی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە. لەهەمان كاتدا كاندیدی دیموكراتەكان بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی ئەمریكا (كامالا هاریس) كۆبوونەوەو جوڵەكانی تاوەكو ڕۆژی یەكشەممە ڕاگرت، دوای ئەوەی یەكێك لە ئەندامانی تیمەكەی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو.

بەڕێوبەری لقی ئەوروپای ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی (هانز كلوگە) وتی : لە ئەوروپا ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆناو ئەوانەشی ڕەوانەی نەخۆشخانەكان دەكرێن تا دێت زیاتر دەبێت، لە ئێستادا ڤایرۆسی كۆرۆنا پێنجەمین هۆكاری گیان لەدەستدانە لە ئەوروپادا، ڕۆژانە زیاتر لە هەزار كەس بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیان لەدەستدەدەن.

ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی هۆشیاریدا لەسەر ئەوەی، ڕێژەی گیان لەدەستدانەكان پێدەچێت تاوەكو مانگی یەكی ساڵی داهاتوو چوار بۆ پێنج هێندەی مانگی چواری ئەم ساڵ زیاد ببن.

بەرپرسی بەڕێوەبردنی پەتای كۆرۆنا لە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی (ماریا ڤان) بە فرانس پرێسی وتووە، هێشتا تەواو نەبووە، لەوانەیە ترسناك بێت، بەڵام پێم وایە خەڵك پێویستی بەوەیە لەڕووی دەروونیەوە ئامادەبێت و چاوكراوە بێت.

سەرۆكی شارەوانی لەندەن وتی، دانیشتوانی پایتەختی بەریتانیا چیتر لە شوێنە داخراوەكاندا ناتوانن چاویان بە هاوڕێ و خێزانەكانیان بكەوێت.

لەلایەكی ترەوە وەزیری تەندروستی بەریتانیا (مات هانكۆك) وتی: ڤایرۆسی كۆرۆنا بكوژەو لە ئێستادا بەشێوەیەكی بەرچاو لە وڵاتەكەی بڵاودەبێتەوە.

لە دوو رۆژی رابردوودا نزیكەی (20,000) حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەریتانیا تۆماركراوەو (137) حاڵەتی گیان لەدەستدانیش هەبووە.

 

 

هه‌واڵی گرنگ