زێڕ چۆن دروست بووە ؟؟
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

زێڕ چۆن دروست بووە ؟؟

 

 

بڕێكی زۆر زیاتر زێڕ لە گەردوون هەیە لەوەی پێشتر دەمانزانی، ئەو بڕە زۆر زیاترە لەوەی تەنیا لە بەریەككەوتنی ئەستێرە نیۆترۆنیەكان دروست بووبێت..!

كەواتە سەرچاوە سەرەكیەكانی تری دروستبوونی توخمی زێڕ چین لە گەردوون ..؟؟

زێڕ ئەو كانزایە بریقەدارو بەهادارەیە كە هەر لە كۆنەوە مرۆڤ پێی سەرسام بووە، زێڕ توخمێكی زۆر قورسە، لە ناوكی هەر گەردیلەیەكیدا (79) پڕۆتۆن هەیە، هەر بۆ بەراوردیش بۆ نموونە لە ناوكی یەك گەردیلەی گازی هایدرۆجین تەنیا یەك پڕۆتۆن هەیە، ناوكی توخمی ئاسنیش (26) پڕۆتۆنی تێدایە.

پێشەكی: ئەو زێڕەی لەسەر زەوی هەیە لە كوێوە هاتووە ..؟؟

زەوی و هەسارەكان و خۆر لە چڕ بوونەوەی تەمێكی هایدرۆجینی دروستبوون، لەنێو ئەو تەمە جگە لە هایدرۆجین و هیلیۆم توخمە قورسەكانیش هەبوون وەكو ئاسن و زێڕ، چونكە ئەو تەمە پاشماوەی ئەستێرە تەقیوەكانی تریشی تێدا بووە، لە كاتی تەقینەوەی ئەستێرەكان لە كۆتایی تەمەنیان بەشێوەی سوپەر نۆڤا توخمە قورسەكان دروست دەبن.

تاوكو ئێستا واماندەزانی سەرچاوەی سەرەكی دورستبوونی توخمی زێڕ لە گەردوون تەنیا بەریەككەوتنی ئەستێرە نیۆترۆنەكانن، بەڵام ئێستا دەزانین ئەو ڕووداوە تاكە هۆكار نیە بۆ بوونی ئەو بڕە زۆرە لە زێڕ كە لەنێو گەردووندا هەیە، كەواتە سەرچاوەكانی تری دروستبوونی توخمی زێڕ لە نێو گەردوون چین ..؟؟

بەپێی نوێترین لێكدانەوە سەرچاوە سەرەكیەكانی تری دروستبوونی توخمی زێڕ بریتین لە ڕووداوەكانی سوپەرنۆڤاو هایپەر نۆڤا، سوپەرنۆڤا تەقینەوەی ئەستێرە گەورەكانن، هایپەر نۆڤاش تەقینەوەی ئەستێرە هەرە گەورەو زەبەلاحەكانن دوای تەواوبوونی تەمەنیان و تەقینەوەیان، لە تەقینەوەی سوپەرنۆڤا كڕۆكی ئەستێرەكە دوای تەقینەوەكە یان دەبێتە ئەستێرەیەكی نیۆترۆنی یاخود كونێكی ڕەش، بەڵام هەموو تەقینەوەی هایپەر نۆڤایەكان دوای تەقینەوەكە كونێكی ڕەشی زەبەلاح لە چەقی ئەستێرە تەقیوەكە دروست دەكات، بەپێی نوێترین لێكدانەوە ئەم دوو ڕووداوە بڕێكی زۆر لە توخمە قورسەكانی لێ دروست دەبێت یەكێك لەوانە توخمی زێڕە.

نەوەی یەكەمی ئەستێرەكان لە نێو گەردوون تەنیا لەهایدرۆجین و هیلیۆم دروستبوون، زۆربەیان زۆر گەورە و زەبەلاح بوون، تەقینەوەی ئەو ئەستێرانەش كە تەمەنیان كورت بووە لەبەر گەورەییان بڕێكی زۆر لە توخمی قورسی بەنێو گەلەئەستێرەكاندا بڵاوكردۆتەوە كە زێڕ یەكێك بووە لەو توخمە قورسانە، بۆیە پێشبینی دەكرێت بڕێك لە توخمی زێر لەنێو زۆربەی ئەو تەمە هایدرۆجینیانەدا هەبووبێت كە نەوەی دووەم و سێیەمی ئەستێرەكانی لێ دروستبووە بە خۆری ئێمەشەوە.

هەر بۆ زانیاریش بڕێكی زۆر زۆر كەم لە توخمی زێر لەنێو لەشی هەریەكە لە ئێمەدا هەیە، بڕەكە لەكەسێك كە كێشی لەشی (70) كیلۆگرام بێت نزیكەی (0.2) ملیگرامە، واتە یەك لەسەر پێنج هەزاری گرامێك، لەگەڵ ئەوەی ئەو بڕە زۆر زۆر كەمە، بەڵام ئەمە دەیسەلـمێنێت كە هەسارەكەمان و ئێمەش ڕۆژێك لەڕۆژان بەشێكی زۆر كەم بووین لە تەم و تۆزێكی گەردوونی كە دواتر كۆمەڵەی خۆرەكەمانی لێ دروست بووە !!

(لوقمان حەوێز – تێكساس)

 

هه‌واڵی گرنگ