لە ڕاگەیەنراوێكدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دواین زانیاری لەسەر قۆناغەكانی تەواوكردنی شەقامی 150 مەتری شاری هەولێر دەخاتەڕوو و ڕایدەگەیەنێت: کارکردن لە شەقامەكە بەردەوامە و ئەو بەشەی كاری تێدا دەكرێت، بەرەو تەواوبوون دەچێت.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕاگەیەنراوێكی سەبارەت بە پڕۆژەی شەقامی 150 مەتری خێرای شاری هەولێر خستەڕوو كە تیایدا هاتووە: كۆی پرۆژەكە بەسەر پێنج قۆناغ دابەش بووە قۆناغی یەكەم كە زیاتر لە 140 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان كراوە، بە دوو بەش تەواو دەبێت، بەشی یەكەم، لە رێگەی شەقڵاوە بۆ رێگەی بەحركە لە 8ی ئەیلوولی 2019 دەستیپێكردووە، بەدرێژایی 9.5 كیلۆمەتر تا كۆتایی ساڵ تەواو دەبێت، ئەم بەشە پێكهاتووە لە 2 ئینتەرچەینج و 8 ئۆفەرپاس و 6 ئەندەرپاس و 3 یوتێرن فلای ئۆڤەر و 3 پردی پەڕینەوەی پیادە.