ئەمریكا سەرزەنشتی توركیای شەرمەزاركرد بۆ تاقیكردنەوەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی پێشكەوتووی ڕووسیا لە ڕۆژی هەینی و پشتگوێخستنی هۆشدارییەكانی ئەمریكا.
كەناڵی تەلەفزیۆنی هەبەر كە نزیكە لە حكومەتی توركیاوە ڕایگەیاند، سوپای توركیا تاقیكردنەوەی سیستەمی بەرگری موشەكی (S-400) ی لە پارێزگای سنۆپی باكوری وڵاتەكە نزیك دەریای ڕەش ئەنجام داوە.
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ڕایگەیاند، هەڵدانی ئەو موشەكە لەگەڵ بەرپرسیارێتییەكانی توركیا وەكو ئەندامێكی هاوپەیمانی ناتۆو هاوبەشێكی ستراتیژی ئەمریكا ناگونجێت.
وتەبێژێكی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا دەڵێت، ئێمە بە ڕوونی وتومانە: بەكارهێنانی سیستەمی S-400 لەگەڵ بەرپرسیارێتییەكانی توركیا وەكو هاوپەیمانێكی ئەمریكاو ناتۆ ناگونجێت، ئێمە دژی كڕینی ئەو سیستەمەین لەلایەن توركیاوەو نیگەرانییەكی قوڵمان هەیە لەسەر ئەو ڕاپۆرتانەی كە دەڵێن توركیا دەیخاتە كار.
بەرپرسی پەیوەندییە دەرەوەییەكانی سینات، (جیم ڕشی) كۆماری ئەو تاقیكردنەوەیەی بە ڕەفتارێكی مایەی قبوڵنەكردنی هاوپەیمانێكی ناتۆ لەقەڵەمدا.
ڕش لە بەیاننامەیەكدا وتی، ئەو هەنگاوە زیان بە ناتۆ دەگەیەنێت و مەترسییەكی ڕاستەوخۆ دەخاتە سەر فڕۆكەی جەنگی (F-35) ی ئەمریكاو سیستەمی بەرگری ئەمریكاو هاوپەیمانانی ناتۆ.
هەروەها دەشڵێت، بەپێی یاسای ئەمریكا دەبێت سزا بخرێتە سەر ئەو وڵاتانەی پەیوەندییە بەرگرییەكانیان بەردەوام لەگەڵ ڕووسیا پتەو دەكەن و پێویستە بەڕێوەبەرایەتییەكە ئاماژەیەكی توند بگەیەنێت كە پێویستە توركیا دەستبەرداری S-400 ی بێت.
سیناتۆر (باب منێندێز) دیموكراتێكی باڵای هەمان كۆمیتەی سینات لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، پێویستە دەستبەجێ سزای توركیا بدرێت بۆ كڕین و بەكارهێنانی ئەو سیستمە.
هەروەها ڕەخنەشی لە بەڕێوەبەرایەتی ترامپ گرت و وتی، سەرنەكەوتنی ترامپ بۆ جێبەجێكردنی یاساو هاوسۆزی بۆ (ڕەجەب تەیب ئەردوگان) هەڕەشەیەكی گەورە بۆ ئاسایشی نیشتمانیمان و هاوپەیمانی ناتۆو هاوبەشانمان لە ئەوروپا دروست دەكات.
وەزارەتی دەرەوەی توركیا ئەو تاقیكردنەوەیەی نە پشتڕاست كردۆتەوەو نە نكوڵیشی لێ دەكات.
توركیا لە ساڵی (2017) ڕێككەوتنێكی بۆ كڕینی سیستەمی S-400 لەگەڵ ڕووسیا مۆر كرد كە یەكەم بەشی ئەو ڕێككەوتنە بە بڕی (2.5) ملیار دۆلار بوو لە مانگی (7) ی ساڵی ڕابردوو گەیشت.