سویسرا ئۆتۆمبێلی پۆستەی بێ شوفێر تاقیدەكاتەوە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

سویسرا ئۆتۆمبێلی پۆستەی بێ شوفێر تاقیدەكاتەوە

 

 

لەشاری لۆزانی سویسرا ئۆتۆمبێلی پۆستەی بێ شوفێر تاقیكرایەوە، بەسەركەوتنیشی دەستكەوتێكی تەكنەلۆژی گرنگ بۆ ئەو وڵاتە تۆمار دەركرێت لە بواری خزمەتگوزاری گەیاندندا.

دامەزراوەی پۆستەی سویسرا بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیایەكی چینیدا گەشەی داوە بە ئۆتۆمبێلێكی نوێ كە دەتوانێت بێ شوفێر داواكاری خەڵك بگەیەنێتە شوێنی مەبەست.

ئێستاش ئەو ئۆتۆمبێلە لەلایەن پەیمانگای فیدراڵی سویسرا بۆ تەكنەلۆژیا لە شاری لۆزان لە باری تاقیكردنەوەدایە، بۆ ئەوەی لە كاتی پێویستدا هەندێك چاكسازی تێدا بكرێت و دوای تاقیكردنەوەی پێویست كە ماوەی چوار مانگ دەخایەنێت، ئۆتۆمبێلەكە دەخرێتە كارو ئەركی خۆی پێدەسپێردرێت.

ئەم ئۆتۆمبێلە بێ شوفێرە بە كارەبا كاردەكات و دەتوانێت لە سەعاتێكدا (6) كیلۆمەتر ببڕێت و ئێستا لەلایەن یەكێك لە سەرپەرشتیارانەوە كۆنترۆڵ دەكرێت، بۆ ئەوەی چۆنییەتی گەیاندنی شمەكەكان تاقیبكرێتەوە.

بەپێی هەواڵێكی ڕۆژنامەی لۆماتنی سویسری خودی ئۆتۆمبێلەكە یەكێكە لەبەرهەمەكانی كۆمپانیای (نیولیكس) ی چینی، ئەو بیرۆكەیەی تێیدا بەكار هاتووە خاوەندارێتییەكەی دەگەڕێتەوە بۆ دامەزراوەی پۆستەی سویسرا.

ئۆتۆمبێلەكە ڕەنگی زەردەو درێژییەكەی لە (3) مەتر كەمترەو بەرزییەكەشی (1.8) مەترەو هیچ شوفێرێكی نییەو جێگەی سەرنشینیشی تێدا نییە، لە بەرامبەردا (11) واگونی بچووكی هەیە لە تەنیشتەكانی كە تایبەتە بە گواستنەوەی شمەك و (15) ئامێری هەستەوەرو پێنج كامێراو سكرینێكی لێبەستراوە كە بەتەكنەلۆژیای (دەستلێدان) كاردەكات، هەروەها ئامێرێكی پێشوازیشی هەیە كە پشتیبەستووە بە تەكنیكێكی نوێ كە دەتوانێت بە وردی لە ماوەیەكی كەمدا شوێنی مەبەست دیاری بكات.

 

هه‌واڵی گرنگ