بەهۆی شەپۆڵی دووەمی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لە ئەوروپا ژمارەی حاڵەتەكانی گیان لەدەستدان گەیشتە (250,000) حاڵەت.
لە ماوەی حەوت ڕۆژدا زیاتر لە هەشت هەزار حاڵەتی گیان لەدەستدان لە ئەوروپا تۆماركراوە، ئەمەش لە ناوەڕاستی مانگی پێنجەوە زۆرترین ڕێژەیە، ئەمە لەكاتێكدایە زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپی ڕێوشوێنی توندیان گرتۆتەبەر بۆ ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە.
لە نوێترین ئەو ڕێوشوێنانەدا كە لە ئەوروپا گیراونەتەبەر، سویسرا بڕیاریدا هاوڵاتیان لە ئەمڕۆوە لە شوێنە گشتیە داخراوەكان و وێستگەكان و فڕۆكەخانەكان و شوێنەكانی وەستانی پاسدا دەمامك بەكاربهێنن، لەگەڵ ئەوەشدا كۆتووبەندیان خستەسەر گردبوونەوەكان.
لەلایەكی دیكەوە لە فەرەنسا لە دوو رۆژی رابردوودا (32,000) حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسەكە تۆماركراوە، بۆ ماوەی مانگێك قەدەغەكردنی هاتوچۆی شەوانە لە كاتژمێر 9 ی شەوەوە بۆ 6 ی بەیانی لە شارە گەورەكانی وەكو پاریس ڕاگەیەندراوە، نزیكەی (20) ملیۆن هاوڵاتی ئەم قەدەغەكردنە دەیانگرێتەوە، ئەمەش دەكاتە سێیەكی دانیشتوانی وڵاتەكە، تاوەكو ئێستا (33,000) حاڵەتی گیان لەدەستدان و (834,770) حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسەكە لەو وڵاتەدا تۆمار كراوە.
لە بەریتانیاش كە زۆرترین زیانی پێگەیشتووە (43,579) حاڵەتی گیان لەدەستدان و (15,000) حاڵەتی نوێی توشبوون لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا تۆماركرا، بەرپرسانی وڵاتەكە ڕێوشوێنەكانی خۆپاراستنیان توندتر كردەوە، لە ئێستادا نیوەی دانیشتوانی وڵاتەكە ئەو ڕێوشوێنانە دەیانگرێتەوە.
لە ئەڵمانیا كە تا دێت حاڵەتەكانی توشبوون زیاتر دەبن، ڕاوێژكاری وڵاتەكە (ئەنجێلا مێركڵ) داوای لە هاوڵاتیان كرد تاوەكو دەتوانن پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكان كەم بكەنەوە.
هەروەها لە ئیتاڵیا (10,010) حاڵەتی نوێی توشبوونی بە ڤایرۆسەكە ڕاگەیاند، لە دوو رابردوودا بڕیاردراوە چێشتخانەكانی هەرێمی لۆمباردی كە زۆرترین زیانی بەركەوتووە دایبخەن.