باشترە یەكسەر دوای شیرخواردن مەمەكە پاك بكەینەوە، ئەگەر یەكسەر نەتتوانی، ئەوا هیچ نەبێ بە ئاو بیشۆ دواتر دەتوانی دەست بكەی بە خاوێنكردنەوەی ئەویش بە جیاكردنەوە هەموو پارچەكانی مەمەكەو شوشتنی بە ئاوێكی گەرم و خاوێن، وە بەبەكارهێنانی زاهی لەگەڵ فڵچەیەكی تایبەت بە مەمە شوشتن.
هەوڵ بدە سەرە مەمەكە هەڵبگێڕیتەوە بۆ ئەوەی ناوەوەی بە جوانی خاوێن ببێتەوە.
بە فڵچەكە نێو مەمەكە جوان پاك بكەرەوە، بەجۆرێك نابێ شیر بە هیچ پارچەیەكی مەمەكەوە بمێنێت.
ئەگەر هەستت كرد مەمەكە یان سەرەمەمەكە رووشاوییەك یان هەر زیانێكی بەركەوتبوو دەبێ بگۆڕدرێت، چونكە دەبێتە هۆی كۆبوونەوەی بەكتریا لەو شوێنە، دوای شوشتنی مەمەكە، چەند رێگەیەك هەن بۆ تەعقیم كردنی مەمەكە، بڵاوترین رێگە لە وڵاتی خۆمان كە لەڕووی كرداریەوە گونجاوە باسی دەكەین :
1. تەعقیم كردن لە رێگەی كوڵاندنەوە:
ئەگەر مەمەی منداڵەكە گونجاو بوو بۆ كوڵاندن، واتە بەرگەی كوڵاندنی گرت، ئەوە مەنجەڵێك یان تاوەیەكی گەورە دەهێنیت بە مەرجێك سەرێكی پڕ بەسەری خۆی واتە فیت هەبێت (نابێ بۆ هیچ مەبەستێكی دیكە بەكاری بهێنیت، واتە تەنیا بۆ تەعقیمكردنی مەمە بەكاریدەهێنیت)، مەنجەڵەكە پڕدەكەیت لە ئاو، هەموو پارچەكانی مەمەكە نقووم دەكەیت لە ئاوەكەدا بە تەواوی و نابێ هیچ بڵقێكی هەوا لە ناو پارچەكاندا مابێت، دواتر سەری مەنجەڵەكە دابپۆشەو بۆ زیاتر لە (10) خولەك بیكوڵێنە، سەری مەنجەڵەكە لا مەبە تاوەكوو پێویستت بە مەمەكە دەبێت، تێبینی : دەبێ زیاتر لەچوار مەمەت هەبن.
2. هەندێك كەس مایكرۆوەیڤ بەكاردەهێنێت.
3. هەندێك كەسی تر ئامێرێكی هەڵمی كارەبایی هەیە بەكاریدەهێنێت.
4. هەندێك كەس حەبی تایبەت هەیە كە دەكرێتە نێو ئاوی ساردەوە بەكاری دەهێنێت.
(د. پشدەر عەبدولڵا ئیسماعیل – پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان)