حکومەتی یۆنان رایدەگەیەنێت پلانی درێژکردنەوەی دیوارە سنورییەکەی لەگەڵ تورکیا قۆناغی ئامادەکارییەکانی تەواو کردووە و بەمزوانە دەست بە کارکردن دەکەن، ئەوەش لەپێناو ڕێگری لە شەپۆلی کۆچبەران لە باکوری ئەو وڵاتەوە.
لەمبارەیەوە ستیلیۆس پێتاساس، وتەبێژی حکومەتی یۆنان بە ئاژانسی ئاسۆشییەتد پرێسی راگەیاندووە: "26 کیلۆمەتری تر بۆ ئەو دیوارە 10 کیلۆمەترییە زیاد دەکرێت کە لە سنورەکانی باکورەوە لەگەڵ تورکیا دروستکراوە، بودجەی پڕۆژەکە 74 ملیۆن دۆلارە و وا بڕیارە مانگی نیسانی داهاتوو تەواو بکرێت.
دروستکردنی دیوارەکە یەکێکە لە ڕێکارەکانی حکومەتی یۆنان بۆ ڕێگریکردن لە دەربازبوونی کۆچبەران، بە تایبەت کە لە ئازاری ئەمساڵدا جارێکی تر تورکیا دەرگای بە ڕووی کۆچبەراندا کردەوە بۆ ئەوەی خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا.
چوار گەورە کۆمپانیای یۆنانی دەستنیشانکراون بۆ دروستکردنی دیوارەکە کە بە بۆری ئاسنین و تەلی دڕکاوی بە کۆنکرێت دانراو دروست دەکرێت لە نزیک ڕووباری ئیڤرۆس لە نێوان هەردوو وڵاتی تورکیا و یۆنان.
ئەمەش لەكاتێكدایە كە شەممەی ڕابردوو کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان سەردانی سنورەکانی باکوری کرد بە مەبەستی ئاگابوون لەدواین کار و ئامادەکارییەکان بۆ دروستکردنی دیوارەکە.