كوردیو
ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە گەرمیان بەیاننامەیەك بڵاودەكەنەوە و تێیدا ئاماژە بە ئەنجامدانی خۆپیشاندانێكی بەرفراوان دەكەن.
لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی دەست (كوردیو) كەوتووە، ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە گەرمیان رایانگەیانووە،" ڕۆژی سێ شەمە 20-10-2020 كۆبوونەوەی بەڕێوەبەرەكانی ئامادەیی سنوری پەروەردەی گەرمیان لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان و بەڕێوەبەری پەروەردەی كەلار ئەنجام درا، بەداخەوە زۆرینەی بەڕێوەبەرەكان و بەڕێوەبەری پەروەردەی گەرمیان و كەلار لە جیاتی داكۆكیكردن لە مافەكانی مامۆستایان، لەهەوڵی شكاندنی بایكۆتن لەژێر فشاری حزبی و حكومیدا".
ئاماژە بەوەشدراوە،" لەكاتێكدا سەرجەم بەڕێوەبەرەكان پێشتر واژویان كردبوو كە بایكۆتی پرۆسەی خوێندن دەكەن تا جێبەجێكردنی داواكارییەكان، بەڵام لە ئێستادا وا دیارە لەژێر فشاری بەڕێوەبەری پەروەردەی گەرمیان و كەلاردا پەشیمان بونەتەوە!".
لە بەیاننامەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو،" ئێمە وەكو مامۆستایان جەخت دەكەینەوە لەسەر بایكۆتی هەموو جۆرێكی پرۆسەی خوێندن و ناچینە ژێر باری هیچ فشارێكی حزبی و حكومی تا جێبەجێكردنی داواكاریەكانمان".
داوا لە مامۆستایانیش دەكەن،" پاڵپشت و هاوكار بن، هەروەها بەشێوەیەكی بەرفراوان بەشداری چالاكیەكان بكەن چونكە ناكرێت دوای چەند ڕۆژێكی تر بە بۆنەی نەهاتنی موچەوە دیسان بایكۆت دەست پێبكرێتەوە".
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بە ئەنجامدانی خۆپیشاندانێكی بەرفراوان كراوە و هاتووە،" ڕۆژی شەممە 24-10-2020 كاتژمێر 10 ی سەر لەبەیانی خۆپیشاندانی بەرفراوان ئەنجام دەدەین لەپێش پەروەردەی كەلار".