حەوت ڕێگە بۆ هێشتنەوەی تەندروستی جومگەكانت
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

حەوت ڕێگە بۆ هێشتنەوەی تەندروستی جومگەكانت

 

 

جومگەكان بریتین لە بەیەكگەیشتنی دوو ئێسك یان زیاتر، كە پارێزگاری لێكردنیان و بەهێزكردنیان كارێكی گرنگە، چونكە هەر داخورانێك لەجومگەكاندا ئازارێكی زۆر دروست دەكات و هەمیشەیش دەبێت.

سێ جۆر جومگە هەیە لەلەشدا :

1. جومگەی نەجوڵاو : وەكو ئەو جومگەیەی دەكەوێتە نێوان ئێسكەكانی سەر، كەبەهیچ شێوەیەك ناجوڵێن. 

2. جومگەی كەمێك جوڵاو : ئەو جومگانەن كە توانای هەندێك جووڵەیان هەیە وەكو جومگەكانی نێوان بڕبڕەكانی پشت. 

3. جومگەی ساینۆڤیەم : ئەمە لەهەموو جومگەكان زیاتر توانای جوڵەیان هەیە، بەكركراگەو شلەی ساینۆڤیەڵ دەوردراون، كە جوڵەیان ئاسان دەكەن، وەكو جومگەی ئەژنۆ، جومگەی شان، جومگەی ئەنیشك. 

تەمەن، پێكان، جووڵەی هەڵە، خۆراك .. ئەمانە هەمووی كاریگەری هەیە لەسەر جومگەكان و بریندار بوون و داخورانی كركراگەی جومگەكە، هەندێ جار لەشی مرۆڤ ناتوانێت كۆنترۆڵی ئەم داخورانە بكات، بۆیە بۆ ئەوەی جومگەیەكی باش و تەندروستمان هەبێت پێویستە ئەم (7) ڕێنماییە پەیڕەو بكەین :

1. بەردەوام بە لەجووڵە كردن :

ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە هەمیشە وەرزش بكەیت، نەخێر: بەڵكو ئەوە دەگەیەنێت كەبەردەوام بە بەجووڵەكردنی هەموو ماسولكەو جومگەكان، هەرگیز بەشێوەیەكی تایبەت بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ مەمێنەرەوە، بۆ نموونە وەستان بە پێوەی زۆر یاخود دانیشتنی زۆر، پێویستە هەر كاتێك هەستت بە ناڕەحەتی كرد دەست بكەیت بە جووڵە، مانەوە بە چاڵاكی یاریدەدەری جوڵانەوەی شلەی ساینۆڤیەڵ دەدات لەناو جومگەكاندا، كە ناهێڵێت ئێسكەكان بەریەك بكەون و یارمەتی پتەو بوونی جومگەو ماسولكەكان دەدات، بۆیە ڕۆیشتن بۆ ماوەی كاتژمێرێك ڕۆژانە یەكێكە لەباشترین وەرزشەكان. 

2. تا دەتوانیت ئاو بخۆرەوە :

لەبەرئەوەی كركراگەكان بەشلەی ساینۆڤیەڵ یاخود لینجی داپۆشراون و لەراستیدا لە (60%) ی كركراگەكان لە ئاو پێكهاتووە، لەبەر ئەوە گرنگە كە بەبەردەوامی نەهێڵین لەشمان ووشك بێتەوە، لەبەرئەوەی ئەگەر كەم ئاو بخورێتەوە دروستبوونی شلەی ساینۆڤیەڵ كەم دەبێتەوەو ڕێژەی داخوران و بەریەك كەوتن و ئازاری جومگەكان زیاد دەكات، ئاو خواردنەوە زۆر گرنگە بە تایبەتی لەوانەی نەخۆشی ڕۆماتیزم یاخود دەردە شاهانە (دائلملوك)، یان داخورانی جومگەكانیان هەیە. 

3. ماسولكە بنیات بنێ :

لەبەرئەوەی ماسولكەكان ئەركی سەر جومگەكان كەم دەكەنەوە، هەتا بەهێزتربن پاڵەپەستۆ لەسەر جومگەكان كەم دەكەنەوە، كێشی لەش زیاتر سووك دەكەن لەسەر جومگەكان.

بۆیە پێویستە هەوڵ بدەیت ماسولكەكانی دەوری جومگە گرنگەكانی لەش بەهێز كەیت وەكو جومگەی ئەژنۆ، جومگەی حەوز، كەزۆربەی كێشی لەش هەڵدەگرن، هەروەها ئەو ماسولكانەی لەناوەڕاستی پشت و سكدا هەن بەهێزكردنیان گرنگیەكی زۆری هەیە بۆ نەهێشتنی ئازاری پشت. 

4. پۆستچەر (شێوازی وەستان و هەڵسوكەوتمان):

بەكارهێنانی شێوازی تەندروست لەكاتی وەستان، دانیشتن، شتهەڵگرتن، خۆدانەواندنەوە، ئەمانە هەمووی كاریگەری هەیە لەسەر كەمكردنەوەی ئازارو پاراستنی ماسولكەو جومگەكان. 

5. خواردن :

گرنگیەكی زۆری هەیە لەسەر تەندروستی جومگەكانمان، هەندێك خۆراك یارمەتی تەندروستی جومگەكان دەدات، بەپێچەوانە هەندێك زیان بە جومگە دەگەیەنێت.

ئەو خۆراكانەی هەوكردن زیاد دەكەن لە لەشدا وەكو شەكری دروستكراو، هەندێ شیرەمەنی دروستكراو، ئەو خواردنانەی ماددەی پارێزەریان (مەواد حافیزە) ی تێدایە وەكو خۆراكی قوتوو، سەوسج، گۆشتی سوور، ئاردی سپی، مەعكەرۆنی ئازاری جومگە زیاد دەكەن.

ئەو خۆراكانەی كە دژە هەوكردنن وەكو میوەو مزرەمەنیەكان، دانەوێڵە تەواوەكان و بەهاراتەكان ئازاری جومگە كەم دەكەنەوە. 

6. كەم كردنەوەی سترێس و گرژی باری دەروونی :

ئێمە كاتێك باری دەروونیمان تێك دەچێت و گرژ دەبێت، هەموو لەشمان دەچێتە ستەجی هەوكردن، كە هەندێ جار وادەكات لە جومگەكان كە هەوكەن و بئاوسێن، هەروەها سترێس دەبێتە هۆی ڕژانی هۆرمۆنی كۆرتیسۆڵ لەلەشدا كە ئەمیش ڕێژەی دروستكردنی كۆلاجینی پێویست بۆ جومگەكان كەم دەكاتەوە و دەبێتە هۆی زوو داخورانی جومگەكان، هەروەها گرژی باری دەروونی كاریگەری هەیە لەسەر لاواز بوونی ماسولكەكان.

7. بەكارهێنانی پێكهاتە ڕووەكیەكان:

(Herbal remedies)، گرنگە كە بتوانرێت ئازار شكێنی سروشتی بەكاربهێنرێت بۆ كەم كردنەوەی ئازاری جومگەكان و ماسولكەكان بەتایبەتی لەو كەسانەی هەندێ حاڵەتی وەكو فایبرومایەڵجیا یاخود ڕۆماتیزمیان هەیە كەهمیشە ئازاریان هەیە، بەكارهێنانی پێكهاتەی ڕووەكی كاریگەرییەكی باشی هەیە وەكو چای ڕووەكی وەكو چای سەوز، چای زەنجەفیل، یاخود زەیتی ڕووەكی وەكو زەیتی نەعنا كە ماددەی مێنپۆڵی تێدایە كەئازار شكێن و سڕكەریشە، هەروەها (ئەرنیكا جێل) كە گوڵێكی تایبەتی تێدایە یارمەتی كەم كردنەوەی ئازارو هەوكردنی جومگەكان دەدات، ئەم جۆرە جیلانە كاریگەرییەكی باشیان هەیەو كاریگەری لاوەكیشیان نیە.

(د. هەڤین كەمال شاهـ موحەمەد – پسپۆڕی بێ هۆشكاری و ئازار شكاندن)

 

هه‌واڵی گرنگ