بەهۆی مەترسیەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بەرزی ڕێژەی توشبوون و مردن بە ڤایرۆسەكەو لەپێناو سەلامەتی هەمووان، زانایەكی ئاینی داوا لە هاوڵاتیان دەكات تەنها بەشداری ڕێوڕەسمی بەخاكسپارد بكەن و پرسە دانەنرێت.
مامۆستا حسن شەمێرانی یەكێك لە زانا ئاینیە دیارەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر چون بۆ پرسەی مردوو لە سەردەمی كۆرۆنادا پەیامێك ئاڕاستەی هاوڵاتیان دەكات و ڕایگەیاند: دانیشتن لە پرسەدا و چون بۆ سەرخۆشی لێكردنی خزمانی كۆچكردوو مامەڵەیەكی كۆمەڵایەتیە و لەكاتی بارودۆخی ئاساییدا كارێكی باشە و خاوەن مردوو دڵی پێی خۆش ئەبێت و خەمی مردنەكە كەم ئەكاتەوە.
هەروەها ووتیشی: بەڵام لەم كاتەدا و بەتایبەت لەم ڕۆژانەی دوایی كە ڕێژەی توشبوون و مردن بە كۆرۆنا زۆر بووە، خۆپارێزی زۆری ئەوێ و ئەبێت زیاتر لەهەر كاتێ خۆمان بپارێزین لە قەرەباڵەخی، بۆیە پێم باشە ئەوەی پێویستە بۆ مردوو ئەنجام بدرێ و بچین بە دەمیەوە لە شۆردنی و كفن كردنی و نوێژ لەسەر كردنی و بەخاكساپردنی و تەلقین و دوعای خێر بۆكردنی تا ئێرە باشە.
ئاماژەی بەوەشكرد: دوای ئەو هەنگاوانەی باسمانكرد، ئیتر دانیشتن لەپرسەدا و چاوەڕێی دۆست و خزمان بین بۆ پرسەكە لەم بارودۆخەدا هەڵەیە و باش نیە داواكارم خاوەن مردوو دامەنیشن و تەلەفون بەس بێت بۆ سەرخۆشی لێكردن و كەسیش گلە یی نەكات.