شیرازەی کۆمەڵگە لە نێوان (بونیات و شێواندن)دا
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

شیرازەی کۆمەڵگە لە نێوان (بونیات و شێواندن)دا

ھەر نەتەوەو گەلێک، لە سەر خاک و ئاوی، بە تۆکمەیی دەمێنێتەوە تاکو ئەو دەمەی شیرازەی کۆمەڵگاکەی بە ئاڕاستەی درووستدا ڕێدەکات. بێگومان بەدرێژایی مێژوو دوو ئاڕاستەی دژە یەک، لەسەر تاک و کۆی کۆمەڵگای ھەر نەتەوەیەک بە جدی کاریان کردووە و دەیکەن، کە یەکیان وا لە بەرژەوەندی و، ئەوی دی وا لە زەرەری دا.

ئاڕاستەی یەکەم: خاوەنی ڕاستەقینەی مرۆڤە، ھەر لە سەرەتاوە کە بەدیھێناوە، فرمانی پێکردووە کۆمەڵگای بونیات بنێت لەسەر ڕەگەزو بنەما زیندوە ژیان بەخشەکان ، کە بە پەروەردەکردن و بارھێنانی تاکەکانی دەبێت؛ لە پرۆسەیەکی درووست و بەردەوام دا، لەسەر چەمکە بنەما زەروریەکانی ژیان، کە بریتین لە:

دادگەری، چاکەکاری، دەستگرتنی خزم و خوێش، بە بەڵگەی: (إِنَّ اللّهَ يَأْمُرُ بِالْعَدْلِ وَالإِحْسَانِ وَإِيتَاء ذِي الْقُرْبَى).

جا پرسی بونیاتنانی کۆمەلگا، بەشێوەیەکی درووست، بە کارکردنی ھاوسەنگ دەبێت لەسەر ئەم دوو جۆر چەمک و بنەما جیاوازە: بنەما زیندووە ژیان بەخشەکان و، بنەما مەرگھێنەرە لەناوبەرەکان . لە بنەما زیندووە ژیان بەخشەکاندا کەدەبێتە یەکەم بنچینە بۆ کۆمەڵگای زیندوو، کە تاکەکان تیایدا ھەم ماف و ھەقی خۆیان ئاسان دەستەبەر دەکەن ، وەھەم ئەرک و بەرپرسیاریش بە درووستی بەڕێوەدەبەن..

پوختەیەک لەسەر ئەو بنەمایانەی کۆمەڵگای زیندو بونیات دەنێنن:

یەکەم: دادگەری (العدل)، ئەرک و پابەندیە (واجب). وشەی (العدل)،واتە ڕەوایی و دادگەری و ھاوسەنگی و میانگیری (الإنصاف)، وە خۆبواردن لە خەڵەتاندن و خەتاکاری و دژوەستان و ستەمکردن . یانی لەبەرانبەر دیاریکردن و داواکردنی کارو ئەرک و پەرپرسیاری، لەھەر ھاوڵاتيەک بەپێی تواناو شارەزایی و لەبەرڕۆشتن، لەبەرانبەردا دەبێت ماف و ھەقی ڕەوایشی پێ بدرێت، ڕێک بەش و پشکی خۆی و لەکاتی خۆیدا.

دووەم: چاکەکاری (الإحسان)، وا لەبان دادگەریەوە، بە نموونە، لەبەرانبەر خراپەی کەسێک لێبوردن و چاوپۆشیکردن، دەچێتە نێو چاکەکاریەوە: (وَجَزَاءُ سَيِّئَةٍ سَيِّئَةٌ مِّثْلُهَا)، واتە: تۆڵەی ھەر تاوانێک بە ئەندازەی تاوانەکەیە بێ زیادو کەم . ئەمە دادوەریە (العدل). بەڵام: (فَمَنْ عَفَا وَأَصْلَحَ فَأَجْرُهُ عَلَى اللَّهِ/ الشورى: ٤٠)، ئەو کەسەی کە لێخۆشبوونی ھەبێت و چاوپۆشی بکات، ئەوە پاداشتی لای خوایە. دەی ئەمەش چاکەکاریە (الإحسان).

بێگومان چاکەو خراپە چوون یەک نین: (وَلَا تَسْتَوِي الْحَسَنَةُ وَلَا السَّيِّئَةُ)، دەی وەختێک تۆی ئاوەزدار لەبەرانبەر خراپەیەک کە دەرھەق بە تۆ کراوە ، چاکە دەنوێنی ، حەتمەن ئەمە ھۆکارە بۆ بەینخۆشی و تەبایی: (ادْفَعْ بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ فَإِذَا الَّذِي بَيْنَكَ وَبَيْنَهُ عَدَاوَةٌ كَأَنَّهُ وَلِيٌّ حَمِيمٌ/ فصلت:٣٤).

سێیەم: دەستگرتنی خزم و خوێش: (ۆإِیتَاء ژِی الْقُرْبَی). بێگومان، ئاگاداربوون لە خزم و خوێش و چاودێریکردن و بەدەمۆبوون و بەخشین و کەلگرتن و دڵاوایی لەگەڵیاندا، بۆ تۆکمەکردنی پەیوەندی و بەجێگەیاندنی ئەرک و بەرپرسیاریە. وەھۆکارە بۆ بەھێز کردن توندوتۆڵ کردنی خزمایەتی و یەکتر خۆشویستن و ڕێزنواندن و بەتاسۆبوون بۆ سەردان و دیدارو دیدەنی.

جا بۆ بەرجەستە کردنی ئەم بنەماو چەمکە زیندووانە، پۆلێنکردن پێویستە، یەکەمیان (دادوەری)، ئەرکێکی تایبەتی و گشتییە، لەوەی کە تایبەتیە، ئەرکەو دەبێت دەسەڵات و بەڕێوەبەرانی وڵات، بیکەنە دروشمی پلانی کارو ئەرکی ڕۆژو شەوانیان، وە بەدروستی جێبەجێی بکەن.. گشتیيە، یانی گشت تاکەکان لەئاستی یەکتردا پێویستە لە سەودایان لەگەڵ یەک، جێبەجێی بکەن.

ھەروەک بنەمای دووەم (چاکەکاری)، بۆ بەینخۆشی و خۆشگوزەرانی تاکەکانی کۆمەڵگایە، وە بە ئەندازەی بایەخ پێدانی، تەبایی و شادمانی دەکاتە کاڵای تاک و خێزانی کۆمەڵگا. ھەروەھا، بنەمای سێیەم (دەستگرتنی خزم و خوێش)، بۆ چێژوەرگرتن و ڕەفاھیەت و سوکنایی و ئاسوودەبوونی نزیکان و خزمانە، کە بێگومان ژیان زیاترو زۆرتر دەڕازێنێتەوەو بەختەوەرانە دەژین.

لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەم فرمانەی ئاماژەی پێدرا بۆ بونیاتنانی شیرازەی گۆمەڵگا. ھۆشداری تووندی ڕاگەیاندووە دەربارە بەو شتانەی کە ھۆکاری سەرەکین بۆ شێواندن و ھەڵوەشادنەوەی شیرازەی کۆمەڵگە و ژیانی تاکەکانی ، تاکو وریابن و ھەردەم خۆیان بەدوور بگرن لەم بنەما مەرگھێنەرو لەباربەرانەی چێژی ژیان، کە بریتین لە: کاری ناپەسەند، خراپە، سنووربەزاندن، بە بەڵگەی : (وَيَنْهَى عَنِ الْفَحْشَاء وَالْمُنكَرِ وَالْبَغْيِ يَعِظُكُمْ لَعَلَّكُمْ تَذَكَّرُونَ/ النحل: ٩٠).

وشەی (الفاحشة) ئەوەی لەبەر ناشیرینی، یاساو پەیامی ئاسمانی و سروشتی خاوێنی مرۆڤ، پەسەندی ناکات، چ وتەو واتا بێت، یان کارو کردار، کەواتە ھەرشتێک کە (خالق) لەو سنوورەی ڕێی پێداوە دەرچوو ، دەبێتە (الفاحشة) .

کەوایە ئەم سیفەتە دەبێتە بنچینە بۆ تێکدانی شیرازەی ژیانی تاک و کۆمەڵگەو، ھەموو ئەندامە سەرەکیەکانی جەستە تیایدا بەشدارن، بە نموونە: زمان وەختێک ڕێگری لێ ناکرێ و، وشەی ڕێگە پێنەدراو دەردەبڕێت، ئەوە بەشێکە لەکاری ناپەسەندو فاحشە، ھەروەھا (چاو، گوێ، مێشک، ناخ، دڵ و..تاد).ھەریەکە بەڕۆڵی خۆی، لێی ھاوبەش و بەشدارن.

ھەروەھا وشەی (المنکر)، ھەر کارێکی خراپ و نامۆو دزێو دەگرێتەوە، کەوا (خالق) ڕێی بە وتن و کردنی نەدابێت. چوون بەزیانی بەرژەوەندی تاک و کۆمەڵگە، دەشکێتەوە.

ھەروەھا وشەی (البغي)، واتە دەرچوون و تێپەڕاندنی ئاستی دیاریکراوو ڕێگەپێدراو، ئەمەش چ بە وتن بێت، یاخود کردن، کەوایە ھەموو لە سنوور دەچوونێک دەگرێتەوە کە مرۆڤ ئەنجامی دەدات لە سەوداو مامەڵەی لەگەڵ خاوەنی (اللە)، یا خۆی، وەیان دیگەراندا. چ بە زارو وتن بێت، یاخود کردارو بەرجەستەکردن.

دیارە ئەوەی لەپشتی جوڵاندنی ئەم بنەما یاساغ کرانەوەیە بریتیە لە:

ئاڕاستەی دووەم: کە نەیاری ھەقیقی مرۆڤە، ھەر لەسەرەتاوە دژی وەستاوەو دژایەتی ڕاگەیاندووە، کە شەیتانی دوور خراوەیە لە بەزەیی خوا .

جا ئەو دێت لەڕێی بیری خراپ و وەسوەسەوە، ڕۆڵی تیا دەبینێت . بێگومان بواری کارکردنی جۆراو جۆرە، وە پێویستی بە لێکۆڵینەوەو لەسەروەستان ھەیە.

بەڵام قورئانی پڕخێر، لەدەربڕینێکی کورت و پوختدا بەرچاوڕوونی بەخشیوەتە گرۆی باوەردارو فەرمویەتی: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تَتَّبِعُوا خُطُوَاتِ الشَّيْطَانِ وَمَنْ يَتَّبِعْ خُطُوَاتِ الشَّيْطَانِ فَإِنَّهُ يَأْمُرُ بِالْفَحْشَاءِ وَالْمُنْكَرِ/ النور:٢١)، ئەی ئەوانەی باوەڕتان ھێناوە، وریاو بەئاگابن و شوێنی ھەنگاوو پلانی شەیتان نەکەون، چونکە شەیتان فەرمان بەکاری ناپەسەندو خراپ و ناشیرین دەکات.

وە ئەمە خەسڵەتی جێگیرو ھەمیشەیی شەیتان و پێرەوانیەتی. لە کۆتایدا، ئەرکە لەم ڕوانگەوە ڕامێنین، تاکو ھەردوو ئاڕاستەکە بە زەین و ئاوەز، ھەڵسەنگێنین، ئەوجا ئیتر دڵنیادەبین پێڕەوانی ھەر ئاڕاستە کێن و خەریکی چین؟! کامیان سەرقاڵی بونیاتنانی شیرازەی کۆمەڵگەیە، وە کامەیان سەرگەرمی شێواندنیەتی، ئەی ئێمە لەکوێی ھاوکێشەکە داین؟! تا چەندە ڕۆڵ و دەور گیڕانمان تەریبە لەگەڵ ئاڕاستە ڕاستەکەدا؟!

 

هه‌واڵی گرنگ