كوردیو
حکومەتی سعودیە بۆ ئەو کەسانەی لە دەرەوەی سعودیەوە دەیانەوێت عومرە بکەن،چەند مەرجێك دادەنێت و رایدەگەیەنێت: پێویستە عومرەكار تەمەنی لە 18 ساڵ كەمتر نەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 26-10-2020، وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە،" رۆژی یەکشەممە 1-11-2020، قۆناغی سێیەمی ئاساییکردنەوەی گەشتی عومرە، بە رێگادان بە مسوڵمانانی دەرەوەی سعودیە بۆ عومرەکردن، دەست پێدەکات".
ئاماژەی بەوەشداوە،" پێویستە عومرەکار چەند مەرجێکی تێدا بێت،بەپێچەوانەوە رێگەی پێنادریت كە بۆ مەبەستی عومرە رووبكاتە وڵاتی سعودیە".
مەرجەكانی رێگەپێدانی عومرە لەلایەن سعودیەوە:
- تەمەنی لە نێوان 18- 50 ساڵ بێت.
- بەر لە 72 کاتژمێر لە گەشتەکەی، پشکنینی (PCR)ی تایبەت بە پەتای کۆرۆنا بکات و ئەنجامەکەی نێگەتیڤ بێت.
- بەر لە دەست پێکردنی رێوڕەسمەکانی عومرە، عومرەکار سێ رۆژ کەرەنتین دەکرێت.
- دەبێ عومرەکار پێشتر ناوی خۆی بۆ چوونە مزگەوتی حەرام، مزگەوتی پێغەمبەری ئیسلام (دروودی خوای لەسەر بێت)، تۆمار بکات، بۆ ئەوەی قەرەباڵغی دروست نەبێت.
- دەبێ عومرەکار بلیتی چوون و هاتن بە فڕۆکە، ببڕێت.
- کۆمپانیاکانی عومرە و عومرەکار لە راستیی ئەو زانیارییانەی بە وەزارەتی حەجی سعودیەی دەدەن، بەرپرسیارن.
- عومرەکاران دەکرێنە گرووپ گرووپی 50 کەسی و کەسێک لە کۆمپانیای عومرە دەبێت سەرپەرشتیاریان.