هەولێر... دەبێت هاوڵاتیان لەدەرەوەی ماڵەكانیان ماسك ببەستن، بەپێچەوانەوە سزادەدرێن
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

هەولێر... دەبێت هاوڵاتیان لەدەرەوەی ماڵەكانیان ماسك ببەستن، بەپێچەوانەوە سزادەدرێن

جێگری پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت: لەئەمڕۆوە هەر هاوڵاتیەك ماسك نەبەستێت سزادەدرێت و ئەگەر ئامادەنەبێت سزاكە بدات دەستبەسەر دەكرێت و هەر بۆنەیەكی ئاهەنگ گێران و پرسە بەبڕی دوو ملیۆن دینار سزادەدرێن.

هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: لە ئەمڕۆوە هەر هاوڵاتیەك لە شاری هەولێر و قەزا و ناحیەكانی سەر بەپارێزگاكە ئەگەر ماسك نەبەستێت لەدەرەوە ئەوا سزا دەدرێت بە بڕی 20 هەزار دینار و لەهەمانكاتدا ماسكیشی پێدەبەسترێت، خۆ ئەگەر لەوكاتەدا ئامادەنەبوو بڕە پارەكە بدات ئەوا دەبرێتە نزیكترین بنكەی پۆلیس لەوێ دەستبەسەردەبێت تا ئەوكاتەی بڕی سزاكە دەدات و دواتر بەڵێننامەیەكی پێ پڕدەكرێتەوە و ئازاد دەكرێت ئەوەش وەك جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ.

هەروەها ووتیشی: ئێستا دۆخی هەولێر لەڕووی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا مەترسیدارتر بووە بۆیە، لەهەر حاڵەتێكی پرسە و ئاهەنگ گێڕان لەماڵان و لەشوێنێكی گشتی ئەوا پێ بژاردنیان پێدەكرێت بە بڕی دوو ملیۆن دینار.

هێمن قادر كە بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، وتیشی: ئەو كەسانەی كە خاوەنی ماركێت و مینی ماركێتن شوێنی تایبەتییان هەیە یان شۆفێری بار هەڵگر و شۆفێری تایبەت و شۆفێری تەكسی، بەئاسانی دەتوانیت ئەو لێپرسینەوانەیان بەرامبەر بكرێت بەوەرگرتنی ناسنامەكەی یا بەوەرگرتنی ساڵنامەی ئۆتۆمبیلەكەی یان بەداخستنی شوێنەكەی ئەوكات دەتوانرێت پابەندی ئەوە بكرێت كەسزاكە بدات بەڵام بۆ هاوڵاتی و بۆ پیادە بەدیلی ئەوەی ئەو كەسە پابەند نەبوو بەپێدانی ئەو پارەیە كە 20 هەزار دینارە، دەبێت دەسبەسەری بكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد: ئێمە هەموو بڕیارەكانی وەزارەتی ناوخۆ وەكو خۆی جێبەجێ دەكەین و موختاری گەڕەكەكان و چاودێرەكانمان لەگەڕەكەكان و بنكەكانی پۆلیس و هێزی گەڕۆكمان دەبێت لەناو گەڕەگ و كۆڵان و شار و كۆمەڵگاكان بۆ ئەوەی ئاگاداری ئەو بابەتەن لەهەر حاڵەتێكی ئەو بابەتە لەپرسە و ئاهەنگ گێڕان لەماڵان و لەشوێنێكی گشتی ئەوا پێ بژاردنیان پێدەكرێت .

 

هه‌واڵی گرنگ