سندوقی نێودەوڵەتی چاودێری منداڵان (یونیسێف) بەنیازە لەكاتی سەركەوتنی ڤاكسینێكی دژی ڤایرۆسی (كۆڤید – 19)، یەك ملیار ڤاكسین دابین بكات.
ئەو ڕێكخراوەی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان هیوادارە بەم نزیكانە ڤاكسینێك بەردەستبێت بۆ ئەوەی لەسەرەتای ساڵی (2021) ەوە یەك ملیار دانە دابین بكات و دەستبكات بە هەڵمەتێكی نێودەوڵەتی كوتان لەدژی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
(هنری تافۆر) بەڕێوەبەری یونیسێف لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا وتی: پرۆسەی كوتان لە دژی ڤایرۆسی (كۆڤید – 19) دەبێتە مەزنترین ئەرك لەمێژووی مرۆڤایەتیداو دەبێت بەرەو پێش بڕۆین بۆ بەرهەمهێنانی ڤاكسینێك بۆ ئەو مەبەستە.
وتیشی: بۆ ئەوەی دواتر بتوانین بە ئاسانی و بە خێرایی دەستبەكاربین دەبێت لە ئێستاوە خۆمان ئامادە بكەین و بۆ ئەوەی گەر لە كۆتایی ئەمساڵدا ڤاكسینێك بەردەست بێت بتوانین نیوەی ملیارێك دابین بكەین و لە سەرەتای ساڵی داهاتووشدا نیوەكەی تری، بەم شێوەیەش دەتوانین بە خێرایی و بە كەمترین تێچوون بجوڵێین و گیانی سەدان هەزار كەس لە لەناوچوون ڕزگار بكەین.
ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیش دەڵێت: هەرچەندە تا ئێستا هیچ ڤاكسینێك بەڕەسمی بەردەست نییە بۆ رووبەڕووبونەوەی (كۆڤید – 19) كە بۆتە پەتایەكی جیهانی و لە سەرەتای سەرهەڵدانیەوە لە كۆتاییەكانی ساڵی (2019) ەوە بە هۆیەوە زیاتر لە یەك ملیۆن كەس لەسەرتاسەری جیهاندا گیانیان لەدەستداوە، تا ئێستا (200) ڤاكسین لەقۆناغە جیاجیاكانی تاقیكردنەوەدان و (10) دانەیان لە قۆناغی كۆتایی تاقیكردنەوەدان بەر لەوەی هەڵسەنگاندنیان بۆ بكرێت و مۆڵەتیان پێبدرێت لەلایەن ناوەندە تەندروستییە باوەڕ پێكراوەكانەوە.
لەم چوارچێویەدا دامەزراوەی (گافی) كە هاوپەیمانێتییە كە لە نێوان دەسەڵاتە گشتییەكان و دامەزراوەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، پارەی پێویستی بۆ كڕینی ئەو ڤاكسینەو ملیۆنەها پاكەت تەرخان كردووە بۆ ئەوەی دواتر پاشماوەی ڤاكسینەكانی تێبكرێت بەمەبەستی لە ناوبردنیان بە شێوەیەكی سەلامەت.
لەو ناوەندەشدا ڕێكخراوی یونیسێف بەیەكەمین كڕیاری ئەو ڤاكسینە چاوەڕوانكراوە دادەنرێت و لەگەڵ ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیشدا لەپەیوەندیدایە بۆ دانانی پلانێكی تۆكمە بە مەبەستی گەیاندنی ئەو ڤاكسینە بە هەموو ئەو وڵاتانەی پێویستیان بە ڤاكسینەكەیە، بەڵام بەهەر هۆكارێك بێت ناتوانن بەشی پێویست بۆ هاوڵاتییەكانیان دابین بكەن.
پێگەی رێكخراوی یونیسێف نوسیویەتی، هەروەها بۆ ئەوەی ڤاكسینەكە بە شێوەیەكی سەلامەت و بە ڕێوشوێنی تەندروستی پێویست بگاتە دەست ئەوانەی پێویستیانە، لەئێستاشەوە هەموو پێداویستییەكانی گواستنەوەی ڤاكسینەكە ئامادەكراوە بەتایبەت ساردكەرەوە، چونكە بە شێوەیەكی گشتی ڤاكسینەكان بەرگەی پلەی گەرمای بەرز ناگرن.