ئەفسەرێكی پۆلیس دیاله ڕایدهگهیهنێت،ئهندامانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش یەكەمجار شوانێكیان كوشتووە و ناوسكیان بۆمبڕێژ كردووە و دواتر بە كەسوكارەكەیدا تەقیوەتەوە.
ئەمڕۆ سێ شەممە 27ی تشرینی یەكەمی 2020 شەعلان كاملی، ئەفسەر لە پۆلیسی دیالە ڕایگەیاند، چەكدارانی داعش ناوسكی شوانێك-یان لە قەزای میقدادییە-ی باكوری شاری شارەبان هەڵدڕیوە و دواتر تەرمەكەیان بۆمبڕێژ كردووە.
شەعلان كاملی ئاماژهی بهوهش كرد، "تەرمەكە بە كەسوكاری قوربانییەكەدا تەقیوەتەوە كاتێك ویستویانە بەرزی بكەنەوە و بەهۆیەوە چوار كەسی دیكە كوژراون".
ههروهها ئەفسەرەكەی پۆلیس ئهوهشی خستۆتهڕوو، پاش ڕووداوەكە هێزە ئەمنییەكان هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنینیان لە ناوچەكەدا بەدوای چەكدارەكاندا دەستپێكردووە.
جێی ئاماژهیه لە ساڵی 2017 عێراق سەركەوتنی بەسەر داعش و كۆنتڕۆڵكردنی ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی گروپەكەدا بوو ڕاگەیاند، بەڵام لەوكاتەوە چەكدارانی گروپەكە ناوبەناو لە هێرشی چەكداری و تەقاندنەوە بەردەوامن.