رێكخراوێكی مافی مرۆڤ رایدەگەیەنێت حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی خەڵکی لوڕستان کە بەتۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە سڕکەرەکان ئەو حوکمەی بەسەردا سەپابوو، جێبەجێ کرا.
رێكخراوی هەنگاو تایبەت بەمافی مرۆڤ بڵاوی كردۆتەوە :" بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ۵ی خەزەڵوەری ٢٧٢٠ (٢٦ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠)، حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی خەڵکی لوڕستان بەناوی پەیمان سەفائی تەمەن ٣٤ ساڵ لە بەندیخانەی شاری ئەلیگودەرزی ئەو شارە جێبەجێ کراوە."
ڕێکخراوەكە لە زاری یەکێک لە نزیکانی پەیمانەوە ڕایگەیاندووە : ” ناوبراو بە تۆمەتی جێبەجێ کردنی ٧۵ کیلۆ ماددەی هۆشبەر لەجۆری شیشە بەندکراوە و لەلایەن دادگای شۆڕشەوە حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە."
لەراپۆرتەكەدا ئەوەش هاتووە كە "ناوبراو شۆفیری ئۆتۆمبیلەکە بووە و ئەو بارەش هی کەسێکی دیکە بووە کە حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە، بەڵام پەیمان حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە لەحاڵێکدا بارەکە هی ئەو نەبووە.“