دووبارە بەرزبوونەوەی ڕێژەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئاستی جیهاندا بۆتە جێی نیگەرانی زۆرێك لە وڵاتان و ئەمەش وایكردووە زۆربەی ئەو وڵاتانە رێوشێنەكانی هاتوچۆو كردنەوەی شوێنە گشتیەكان سنوورداربكەن.
هەرچەندە سنوورداركردنەكە لە هەندێك لە شارەكاندا ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی بۆتەوە، بەڵام ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت؛ نەوەك تەنها حكومەتەكان بەڵكو خەڵك و كاردارییەكانیش دەبێت هاوكاربن لە هەوڵەكان بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە، دەڵێت : ئەگەر خەڵك كەرەنتین بكرێن ئەوا دەكرێت بەر بە بڵاوبوونەوەكە بگیرێت.
(ماریا ڤان كێرخۆڤ) سەرۆكی بەشی تەكنیكی بەرەنگاربوونەوەی (كۆڤید – 19) لە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی وتی: كاتێك دەتوانین شوێنە گشتیـیەكان دانەخەین و كۆتۆبەندەكانی پەیوەست بە كۆرۆنا نەهێڵین كە هەموو كەسێك هەست بە بەرپرسیارێتی بكات و ڕۆڵی خۆی ببینێت لە ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە.
دەشڵێت : ئەو بڕیارانەی ڕۆژانە دەیدەین سەبارەت بە پاراستنی مەودای كۆمەڵایەتی لە قەرەباڵغیداو سەبارەت بە خۆلادان لە شوێنە داخراوەكاندا بۆ ماوەیەكی درێژو سەبارەت بە دواخستنی هەندێك لەو كۆبوونەوانەی كە ڕەنگە بمانەوێت بیكەین تێكڕا ئەمانە ئەو قوربانیدانەیە كە دەبێت هەموومان بیدەین.
ڕێكخراوی تەندروستی جیهان هەروەها دەڵێت : لە كۆی هەموو ئەو حاڵەتانەی كۆڤید كە لە هەفتەی ڕابردوودا تۆماركراون (46%) لە ئەوروپا بوون.
دكتور مایكڵ جۆزێف ڕایان سەرۆكی بەشی باری لەناكاوی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی و ڕێبەری تیمێكی نێودەوڵەتی بۆ كونترۆڵكردنی (كۆڤید – 19) ڕایگەیاند، گومان لەوەدا نییە كە ئەوروپا سەنتەری پەتاكەیە لە ئێستادا.
وتیشی: جووڵەو هاتووچۆیەكی ئازادانەی زۆر هەیەو لەبەر ئەمەش لەوانەیە پێویست بە داخستن و سنوورداركردنی هاتووچۆ هەبێت و هەروەها فەرمانی مانەوە لە ماڵەوە دەركرێت بۆ دابەزینی ئەم بەرزبوونەوەیە لەم قۆناغەدا.
لەگەڵ ئەوەشدا كە ڕێژەكە لەبەرزبوونەوەدایە، بەڵام خەڵكی هەندێك لە وڵاتەكان ڕایان جیاوازە لەسەر كاریگەری داخستنەكان، وەك دانیشتوانی ئیسپانیا كە ڕای جیاوازیان هەیە لەسەر دوایین قەدەغەكانی هاتوچۆ كە لە نیوە شەوەوە دەستپێدەكات تا 5 ی بەیانی.
ئیسپانیا یەكێك لەو وڵاتە ئەوروپیانەی كە لە خراپترین دۆخدایەو زیاتر لە یەك ملیۆن حاڵەتی تووشبونی هەیەو ڕێژەكەی لە بەرزبوونەوەشدایە.
(فێرناندۆ سیمۆن) ڕێكخەری فریاكەوتنی تەندروستی ئیسپانیا وتی: ڕاستیەكەی ئەوەیە پەرەسەندن و تووشبوونەكە زۆر خێرایە، زۆر بە ڕوونی لە بەرزبوونەوەدایە، ئەگەری زۆرە، ئەگەر كارەكان بە دروستی جێبەجێ نەكرێن، گواستنەوەو تووشبوونەكان بە لانیكەمەوە تا هەفتەكانی داهاتوو بەردەوام دەبێت و ڕێژەكان بەزر دەبنەوە.
هاوكات لە ئیتاڵیاش پۆلیس گازی فرمێسك ڕێژی بە كارهێناوە بۆ بڵاوكردنەوەی خۆپێشاندەران كە تووڕەن لەو كۆتووبەندە نوێیانە كە داوا دەكات كافتریاو ریستورانت و شوێنە گشتیەكان لە كاتژمێر شەشی ئێوارەوە دابخرێن.
ئیتاڵیا لە سەرەتای دەستپێكردنی پەتاكەوە تاكو ئێستا زیاتر لە نیو ملیۆن كەیسی تووشبوونی نەخۆشیـیەكەی تۆمار كردووە.