موحەمەد (ﷺ) لە دوو دەربڕینی گەشیدا
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

موحەمەد (ﷺ) لە دوو دەربڕینی گەشیدا

موحەمەد (ﷺ) لە دوو دەربڕیني گەشیدا

خوێنەری خۆشەویست،

لەڕوانگەی ئەم گۆشە نیگاوە، ساتێک لەم دوو دەربڕینە پڕ لە ڕەوانبێژیە، ڕامێنە، ئەوجا ئارام ئارام لە شکۆی موحەمەد (ﷺ)و مەزنی پەیام و، بچوکی نەیارانی و پوچەڵی خواستیان، جوانتر تێدەگەیت.

١ـ پێغەمبەری (ﷺ) خوا، وەختێک نەیارانی ڕۆژگاری خۆی، دۆخەکەی لێ ئاڵۆز دەکەن، بەوەی پێیان کرابێ لە دژایەتی سڵی لێ ناکەن!! لەشاری تائف (أھل ثقیف)وەدەری دەنێن و بەدەم ھیتاف کێشانەوە مناڵومەزمی تێ بەردەدەن.. ئەوجا (جبریل) دێت و لەگەڵیدا دەبێت فریشتەی کێوەکان، فرمانی پێکراوە ئەوەی موحەمەد (ﷺ) ویستی لەسەر قەومەکەی، بۆی جێبەجێ بکەن .

کەچی ئەم لە ڕازونیازێکی مەحرەمانەدا لە خواوەندی جیھانیان دەخوازێ و دەفەرموێ: (اللهمَّ اهد قومي فإنهم لا يعلمون/ الصحيح من سيرة النبي الأعظم/ ٣: ٢٥٠). واتە: خوایە ڕێنوێنی گەلەکەم بکەی چونکە بەڕاستی ئەوان نازانن. ئەم دەربڕینە، لەشەڕی (ئوحد) و لە ڕزگارکردنی مەککەو چەند جێ و بۆنەی تر دووپاتى کردۆتەوە، کەوایە لە ئاست ئەو ھەموو دژایەتی و سوکایەتی و ناھەقی و دژوەستانەی ناحەزو نەیارانیدا، کە بەرانبەر خۆیی و پەیام و پێڕوانی کردوویانە، ئەو ھۆکارەکەی بۆ (نەزانی و نەفامی و تێنەگەیشتن)، گێڕاوەتەوە. ھەربۆیە لەخوا داوای ڕێنوێنی بۆ کردوون.

٢ـ ئەودەمەی کە لە ترۆپکی ھێزو دەسەڵات و شانوشەوکەت و قەڵەمڕەوی بەریندا بووە، بەم دەربڕینە قووڵە خۆی بۆ ھەموان دەرخستووە: (إِنَّ اللَّهَ لَمْ يَبْعَثْنِي مُعَنِّتًا ، وَلَا مُتَعَنِّتًا ، وَلَكِنْ بَعَثَنِي مُعَلِّمًا مُيَسِّرًا/ رواه مسلم: ٢٧٩٥)، واتە: بەڕاستی خوا منی نەناردووە کە ببمە بارو مەینەت و دەردەسەری لەسەر خەڵک، یان بیانخەمە مەینەت و سەختی و زۆرلێکردن و ناچاری و تەنگ پێھەڵچنینەوە ، بەڵکو منی ناردووە کە مامۆستاێکی ئاسانکاربم بۆیان.

دیارە ئەم دەربڕینە لەگەڵ ئەم خواستەی خواوەندا دێتەوە کە فەرموویەتی: (وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِّلْعَالَمِينَ/ الأنبياء: 107).

سەرنج:

* ئەوەی پێی خۆشبووەو بەلایەوە بەنرخ بووە (فێرکاری و ڕێنوێنی)، (مامۆستایی و چاوساغی) خەڵکی بووە.

* (فێرکردن)، بەرزترین کارو ئەرکی مرۆڤە، لە بوارو شارەزایی و پیشەو پسپۆڕی خۆیدا، گەر بەجوانی بەجێی بێنێت.

* نەرم و نیانی و بەزەیی و سۆزداری، لە خەسڵەتی مامۆستاو پەروەرشیارو پیشەوەری کارامەو سەرکەوتووە.

* بڕوانامە لە (نموونەیی و سەرمەشقی و پێشەنگی و پێشەوایەتی)دا، بە پلەی سەروی نایاب و کامڵ تەنھا بە پێغەمبەر (ﷺ) بەخشراوە، بە بەڵگەی: (وَإِنَّكَ لَعَلَىٰ خُلُقٍ عَظِيمٍ/ القلم: 4).

* (پێشەنگ و چاوساغ و سەرمەشق و پێشەوای شایستە)، بۆ گوێڕایەڵی و شوێنکەوتن و چاولێکردن و شاگردیکردن، بە تەنھا پێغەمبەری (ﷺ) خوایە، لەبەرئەوەیە خواوەندی جیھانیان (اللە)، داوای لە باوەڕداران کردووەو فەرموویەتی: (لَّقَدْ كَانَ لَكُمْ فِي رَسُولِ اللَّهِ أُسْوَةٌ حَسَنَةٌ/ الأحزاب: 21).

عوسمان حمەکریم زەڵمی

 

هه‌واڵی گرنگ