لەكاتی كۆبونەوەی ئاو چۆن شۆفێری دەكەیت؟ زانیاری بزانە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

لەكاتی كۆبونەوەی ئاو چۆن شۆفێری دەكەیت؟ زانیاری بزانە


لەكاتی باران بارینی بەخوڕۆ لێزمەدا كە پێشبینی كۆبوونەوەی باراناو لەسەر شەقام‌و ڕێگەوبانەكان‌و دروستبوونی لافاو دەكرێت، باشتر وایە ئۆتۆمبێلەكەت نەجوڵێنیت، چونكە ژێرئاوكەوتنی ئۆتۆمبێل، زیانی گەورە لەبەشە جیاجاكانی ئۆتۆمبێل دەدات وەك بەشی كارەبا‌و بزوێنەر‌و ژەنگ هەڵهێنانی بەشەكانی ناوەوەی ئۆتۆمبێل‌و بەشەكانی دیكە، ئەمەش بەتێپەڕبوونی كات زیانەكانی باران‌و لافاوەكە لە ئۆتۆمبێلەكەتدا دەردەكەوێت‌و سەرەڕای زیانەكانیش، بەو هۆیەوە مەترسی لەسەر سەلامەتی تۆی شۆفێر‌و سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەكەت دروست دەبێت.
هەر بۆیە شارەزایان ئامۆژگاری شۆفێران دەكەن، هەرگیز ئۆتۆمبێل بەركەوتەی لافاو نەكڕن سەرەڕای ئەوەی نرخەكەی زۆر هەرزان بێت، لەبەرئەوەی چاككردنەوەی كاتێكی زۆر‌و پارەیەكی زۆری دەوێت، ئەمە ئەگەر كاتێكی زۆری بەسەردا تێنەپەڕبێت‌و ژەنگ داینەڕزاندبێت.
حاڵەتێكی دیكە هەیە كە زۆر گرنگە لەم ڕاپۆرتەدا بۆئێوەی شۆفێری دەخەینەڕوو، ئەویش ئەوەیە كاتێك ئۆتۆمبێلەكەت لەكاتی ڕۆیشتن یان تەنانەت پارككردندا لەباراناو لافاودا ژێرئاوكەوت چی دەكەیت؟
1 – فلتەری هەوا: دەبێت تۆی شۆفێر شوێنی فلتەری هەوا بزانیت، لەبەرئەوەی ئەگەر فلتەری هەوا تەڕ بێت‌و ئۆتۆمبێل جوڵە بكات، واتای چوونی باراناوە بۆ ناو بەشەكانی بزوێنەر وەك، بەشی سوتان‌و پستۆنەكان، كە بەبەشە سەرەكیەكانی بزوێنەر هەژمار دەكرێن.
2 – نابێت بەهیچ جۆرێك بەشی سوتانی بەنزین‌و گازوائیل لەناو بزوێنەردا تەڕبێت، كە ئەركی ئەم بەشە بەرهەمهێنانی وزە‌و جوڵەیە لەناو بزوێنەردا، لەحاڵەتی تەڕبوونی ئەدای تێكدەچێت‌و بزوێنەر لەكار دەكەوێت.
3- قایشەكان، ئاو زیانی زۆر بەقایشەكانی ئۆتۆمبێل دەگەیەنێت‌و خراپیان دەكات، هەر بۆیە لەكاتی جوڵەی ئۆتۆمبێلدا دەنگ دروست دەكەن‌و سەر ئەنجام دەپچڕین، بۆیە پێویستە لەگەڵ نقوم بوون‌و تەڕبوونیان بۆ ماوەی دوور‌و درێژ بگۆڕدرێن.
4 – بەشی كۆمپیوتەر‌و كارەبای ئۆتۆمبێل: ئاو زیانی گەورە بەبەشی كۆمپیوتەر‌و كارەبای ئۆتۆمبێل دەگەیەنێت، بۆیە پێویستە لەكاتی نقوم بوون‌و تەڕبوونی ئۆتۆمبێلدا كاری پێنەكرێت‌و سەری پاتری لاببرێت.
5 – چوونە ناوەوەی ئاو‌و باراناو بۆ ناو ئۆتۆمبێل: لەم حاڵەتەدا گاعیەكان دەربكە‌و هەوڵ بدە ناوەوەی ئۆتۆمبێلەكە وشك بكەیتەوە، لەبەرئەوەی ناو ئۆتۆمبێل بەشی كارەبایی تێدایە، سەرەڕای دروستبوونی بۆنی ناخۆش لەناویدا، هاوكات ژەنگهێنانی بەشەكانی ناوەوە كە بەڕاگری سەرەكی هەیكەلی ئۆتۆمبێلەكە دادەنرێن، لەگەڵ تێپەڕبوونی كات ژەنگ ڕاگرەكانی ناوەوە دادەڕزێنێت‌و سەریٔەنجام دەبێت هۆی تێكشكاندنی هەیكەلی ئۆتۆمبێلەكە‌و لەهەندێك حاڵەتیشدا تەنانەت، لەكاتی پارككردن یان ڕۆیشتندا ئۆتۆمبێلەكە بەو هۆیەوە دەبێت بەدوو بەشەوە!.


ئامادەكردنی: فوئاد هەورامی

 

هه‌واڵی گرنگ