98 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پرۆژەیاسایەك بۆ بەتاوان ناساندنی سوکایەتیکردن بە پێغەمبەر ﷺ پێشکەش دەكەن.
لە راگەیەنراوێکدا سەباح ساعدی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە كوتلەی سائیرون ڕایگەیاند: لەگەڵ 97 نوێنەری دیكە، پرۆژەیاسایەکمان بۆ بەتاوان ناساندنی سوکایەتیکردن بە پێغەمبەر ﷺ پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران کرد.
ساعدی ئاماژەی بەوەشدا: لە نوسراوێکیشدا کە ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانیان کردووە، داوایانکردووە پرۆژەیاساکە ڕەوانەی لیژنەی ئەوقاف بۆ کاروباری ئایینیی و لیژنەی یاسایی بکرێت تاوەکو پەلەبکرێت لە پەسەندکردنی.
ئەوەشی خستۆتەڕوو: لە ناوەڕۆکی پرۆژەیاساکەدا ئاماژە بەوەدراوە ھەر کەسێک سوکایەتی بە پێغەمبەر ﷺ بکات، ئەوا لە نێوان سێ بۆ ١٥ ساڵ زیندانی دەکرێت و جگە لەوەش ھەر نێردەیەکی دیپلۆماتی ئەگەر سوکایەتی بە پێغەمبەر بکات ئەوا لە عێراق دەردەکرێت و نوێنەرایەتییەکەیشی دادەخرێت.