بەخۆدا چونەوە هەوێنی سەركەوتنە..
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

بەخۆدا چونەوە هەوێنی سەركەوتنە..

كاتێك پێغەمبەری نازدار ـ درودی خوای لەسەر بێت ـ دەستی كرد بە كاری بانگەواز، لەو كەسانەوە دەستی پێكرد كە دەیزانی بەگوێی دەكەن و ئیمانی پێ دەهێنن ئەمەش لە سیرەدا جێگربووە بە قۆناغی بانگەوازی نهێنی كە سێ ساڵی خایاند، دواتر قۆناغێكی تر هاتە پێش قۆناغی بانگەوازی ئاشكرا بوو بە زوبان و گفتوگۆ كردن ئەمەش تا كۆچی پیرۆزی بۆ مەدینە خایاند.
ئەم قۆناغ بەندییە لە بانگەوازی ئیسلامی كارێكە بۆ پتەوكردن و بناغەدانان و ڕەگ داكوتینی بەرنامەی دینی خوا لەسەر زەوی، ئەم جۆرە كاركردنەش پێشنیاری خودی پێغەمبەر نەبوو ـ درودی خوای لەسەر بێت ـ بەڵكو خوای گەورە ئیلهامی نارد بۆ سەر دڵی موبارەكی تا بەو جۆرە كاری بانگەواز بكات ئەمەش بۆ پاراستنی پێغەمبەر بوو ـ درودی خوای لەسەر بێت ـ لەگەڵ هاوەڵە یەكەمینەكان كە ئیمانیان هێنابوو، هەروەها بۆ دامەزراندنی ئیمان بوو لە ناو دڵ و دەرونیاندا.. ئەگەر نا زۆر ئاسان بوو خوای گەورە لەیەكەم ڕۆژی بوون بە پێغەمبەری خۆشەویست، پێغەمبەری بپاراستایە و سەری بخستایەو ئەو هەموو كۆسپ و بەربەستانەی نەهاتایەتە ڕێگا، كە لەتەمەنی بیست و سێ ساڵی پێغەمبەرایەتیدا هاتنە ڕێگای.
لێرەوە تێ دەگەین، كاری دینداری كارێكی بەردەوام و درێژخایەنەو ئیرادەی دەوێت، ئارامگرتن و هێزو توانای دەوێت تا ڕوو بەڕووی هەموو ئەو كۆسپانە ببیتەوە كە دێنە ڕێگا. ئەگەر بڕیار بێت پێغەمبەر سەروەرو پێشەوان بێت كە هەر دەشبێت وا بێت، ئەوا دەبێت لە كاری دینداری و بانگەواز بۆ دینی خوا دەبێت ئەو قۆناغ بەندیانە هەبێت، پەلە پەل و هەنگاوی كوێرانەی تێدا نەنرێت، خەون و خەیاڵی ناواقیعی تێدا نەبێت. هۆكاری سەركەوتن لەبەرچاو بگیرێت ، ئامانجی ئێمە ڕونە و پێویست بەدەست نیشان كردنی ئامانج ناكات، تەنها كاری دەوێت بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی كە خزمەت كردنی خەڵكە لە پێناو ئاشناكردنیان بە پەیامی خواو بەدەست هێنانی ڕەزامەندی خوایە لە ڕۆژی قیامەتدا.. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە گەورەیەش لە هەر قۆناغێكدا هەست بە شكست یان كەوتن كرا، نەنگی نیە بگەڕێیتەوە بۆ قۆناغەكانی سەرەتا، یان بە مانایەكی تر ئاوڕێك لە ڕابردوو بدرێتەوە، واتە بەخۆتدا بچیتەوە بزانیت هۆكاری شكست یان كەوتن كامانەن دەستنیشانی بكەیت و چارەسەری بۆ بدۆزیتەوە، ئەگەر پێغەمبەر ـ درودی خوای لەسەر بێت ـ نەخوێندەوار بووە، بەڵام بە قودرەتی پەروەردگار سەركەوتووە، خۆ ئێستا ئێمە خوێندەوارمان زۆر زۆرە، پێغەمبەر ـ درودی خوای لەسەر بێت ـ سەرمەشق و پێشەوامانەو كارەكانی دیارن و دەتوانین شوێن هەنگاوەكانی ئەو بكەوین بە كردەیی، لەسەرو هەمووشیەوە، ئەو خوایەی دینی خۆی سەرخست لەو ساتە وەختەی تاریكی بەرۆكی مرۆڤایەتی گرتبوو، هەر ئەو خوایەی كە كارو كردەوەكانی پێغەمبەری دەبینی، بەهەمان شێوە بێ زیادو كەم ئاگای لەكارو كردەوەكانی ئێمەشەو زانایە بە نیەتی دڵەكانمان و مەبەستی سەركەوتنەكانمان. دواجار هەموو بڕیارێكیش لای خوای پەروەردگارە.
بەوهیوایەی هەموو لایەك بەخۆماندا بچینەوە، چاكسازی لە ناخ و دڵ و دەروونی خۆمان و خێزان و منداڵمانەوە دەست پێ بكەینەوە، دواتر بیگوازینەوە بۆ هاوڕێ و دراوسێ و دۆست و خزم و كەس و كارمان، تا چێژی بەرهەمی سەركەوتنەكان لە دونیادابكەین و لە دواڕۆژیشدا خوای گەورە لە خۆمان ڕازی بكەین و لە بەهەشتی نەبراوەشدا لە خزمەتی پێغەمبەری نازداردا بین ـ صلی اللە علیە وسلم ـ .

هه‌واڵی گرنگ