دەستخۆش حکومەتی هەرێم!
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

دەستخۆش حکومەتی هەرێم!

حکومەتی مەرکەزی واتە حکومەتی بەغدا دەمێک ساڵە لە بڕ و بیانووە لە حکومەتی هەرێم، هەرپاش گەمەی ڕیفراندۆمەکە( کە ئێمە هەر بۆ خۆشی ئەو پرۆسەیەمان ئەنجامدا) ئیتر حکومەتی ناوەند دەستی ناوەتە بینەقاقەمان و دەیەوێت هەر بەیەکجاری لەناومان بەرێت، ئەوەتا دوابڕیار دژ بە حکومەتی هەرێم بڕینی 320 ملیار دینارەکەی بودجەی مانگانەکەبوو لە پەڕلەمان بڕیاری لەسەر درا. بۆیە بابەتەکەم ناوناوە (دەستخۆش حکومەتی هەرێم)، ئاخر گوناح نیە ئەو پارە و داهاتە جوانەی لە فرۆشتنی نەوتی کوردستان و خاڵە سنوریەکان و داهاتی ناوخۆ کە دەست حکومەت دەکەوێت بچین بیخەینە دەست حکومەتی بەغدا؟!

ئەی بۆ سەرکردەکان و بەتایبەت هەر سێ پارتی فەرمانڕەواکە کۆینەکەنەوە و بیخەنە سەر پارە پاشەکەوتکراوەکانیتریان لە بانکەکانی ئەمریکا و ئەوروپا، میللەتیش ئەوە پێنج شەش ساڵە ڕاهاتووە لەگەڵ بێ موچەیی و دەستوپەنجەی لەگەڵ نەرمکردووە.

هەر لە داخی حکومەتی مەرکەزی وەک میللەت هەر هەڵبژاردنێک بکرێت ئێمە هەر ئەوان هەڵدەبژێرینەوە و دیسان هەر لەداخی ئەوان موچەشمان ناوێت و تەنانەت ئەو یارمەتیانەشمان ناوێت کە ڕێکخراوە خێرخوازەکان دەیهێنن بۆ کەسوکاری شەهیدانی جەنگی داعش و لەبەر چاوی ڕاگەیاندنەکان دەیسوتێنین.

ئێوە هێشتا تابایی نێوان حکومەت و میللەتتان نەبینیوە، ئەوە ڕەگەیاندنەکانن کە ئێوەیان بردوە بەهەڵەدا، ئێمە بڕیاری خۆمان داوە، نە نەبونی موچە نە بێ بازاڕی و نە بێ کارەبایی و بێ ئاوی......تد، بە کوتی و کوردیەکەی ئێوە خەیاڵتان خاوە هێشتا ئێمەتان نەناسیوە، ئەمەم لە کاردانەوی بڕینی 320 ملیار دینارەکەدا بۆ نوسین، گەرنا قسە زۆرە بۆ وتن جارێ با بەسبێت.

ئێوە بۆ خۆتان ئاوی سارد بخۆن و ئێمەش ئاسنی سارد دەکوتین، دووبارە (دەک ئافەرین حکومەتی هەرێم).

 

هه‌واڵی گرنگ