زینای ئەلیكترۆنی چییە ؟؟
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

زینای ئەلیكترۆنی چییە ؟؟

 

 

لەوانەیە زۆربەتان ئێستا لەگەڵ بیستنی ئەم وشەیە شۆك دەبن و نازانن مانای چییە ؟؟

مەبەستمان لە زینای ئەلیكترۆنی جۆرێكە لە جۆرەكانی بەدڕەوشتی كەلەم ماوەیەدا سەری هەڵداوە كە ئەمانە لەخۆ دەگرێت (گفتووگۆی نێوان دوو كەس بە نیازی بەدڕەوشتی یان پێشاندانی ئەندامەكانی جەستە چ بە وێنە یان ڤیدیۆ لەسەر شاشەی ئینتەرنێت زۆر لایەنی تریش لەخۆ دەگرێت).

ئێمەی پزیشكانی دادوەری لەگەڵ كێشە گەورەكانی كۆمەڵگە مامەڵە دەكەین و لایەنی زانستی و ڕاپۆرتی خۆمان دەنووسین، بەڵام لایەنە كۆمەڵایەتییەكان دەبینین، كە شتێك دەبینین كە ڕێژەكەی زۆر بووە وەك ئەركی سەرشانمان پێویستە هۆشیاری بدەینە كۆمەڵگەیەك كە نەوەی ئێمەی تێدا گەورە دەبێت، دڵنیابن لەوەی هیچ شتێك باس ناكرێت كە تەنها حاڵەتێك دوو حاڵەت یان تۆزێكیش زیاتر بێت، لە ئێستادا حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران زۆر زیادی كردووە لەگەڵ داڕمانی خێزان، دەزانم هۆكاری كۆمەڵایەتی زۆرە، بەڵام لەهەر هەمووی كارەساتتر ئەو هۆكارەیە كە سۆشیال میدیا دروستی دەكات بەتایبەتی (زینای ئەلیكترۆنی) : لە راستیدا تێكەڵ بوون لە ئینتەرنێت هیچ جیاوازی نییە لەوەی لە واقیعی ژیان ڕوودەدات.

فەیس بووك و ئینستاگرام و سناپ و تیك تۆك جۆرەها مرۆڤی داوێن خراپ و نائاسایی تێدایە لە پشتی شاشەكانەوە گفتوگۆت لەگەڵ دەكەن یەكەم جار بە سڵاوێك دەست پێ دەكات ئینجا یەكتر ناسین و دواتر كارەساتی تر كەخۆشیان نازانن ژیان چۆن سەراو بن تێك دەدات منداڵ و خێزان پەرتەوازە دەكات و كە دەگاتە دادگاو پزیشكی دادوەری كێشەكە چارەسەری زۆر زەحمەتە.

كاتێك پرسیار دەكەین لە كەسەكان كە هۆكاری چییە وات كردووە ؟؟ لە وەڵامدا زۆر بە ئاسایی وەڵاممان دەدەنەوە (ئەو شتەی كردوومانە تەنها لەسەر ئینتەرنێت بوو راستی نەبوو)، لێرەوە دەمەوی بڵێم، بەهیچ شێوەیەك ئینتەرنێت و راستەقینە جیاوازی نییە زینا هەر زینایە، دەمەوێ ڕووی قسەم ئاڕاستەی هەردوو ڕەگەز بكەم كە ئەوانەی ئەم كارە دەكەن ئایا رازی دەبن كەسێك وا لە كەسە نزیكەكانی ئێوە بكات ؟؟؟؟

لێرەوە دەوری مامۆستا ئایینیەكان دەست پێ دەكات كە هۆشیاری زیاتر بدەن بۆ خەڵك كە زینا هەر زینایە لە ئینتەرنێت و راستەقینە جیاوازی نییە.

تكایە ئینتەرنێت بەكار بێنن بۆ وەرگرتنی زانست و ڕۆشنبیری نەك بۆ شتی تر.

(دكتۆرە دیلمان ئازاد حەسەن – پسپۆری پزیشكی دادوەری)

هه‌واڵی گرنگ