گوێزەرەوە تیژڕەوەكە یەكەم گەشتی ئەزموونی خۆی لەگەڵ سەرنشینانی لە نێو بیابانی نیڤادا لە لاس ڤێگاس بەڕێوەچوو.
گوێزەرەوە سەرسورهێنەرەكە پێكدێت لە كەپسولێك كە لەنێو لولەیەكی بەتاڵدا هەڵواسراوەو بەسیستەمی موگناتیسی كاردەكات و سەرنشینان بە خێراییەكی لە ڕادەبەدەر دەگوازێتەوە.
لە گەشتە ئەزمونیەكەدا دوو سەرنشین كە هەردووكیان كارمەندی كۆمپانیاكە بوون، دووری (500) مەتریان بە (15) چركە بڕی واتە خێرایییان (107) میل بووە كە دەكاتە (172) كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا.
هەرچەندە ئەمە بەشێكی زۆر بچووكە لە ئامانجەكانی ڤێرجن كە لە گەشتەكانیدا خێراییەكەی دەگاتە (1000) كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا.
(سارا لوسیان) كە یەكێك بوو لە سەرنشینانی گەشتە ئەزموونیەكە ئاماژەی بەوەدا گەشتەكە ئاسان و نەرم بووەو هیچ وەك گەشتی ناو گالیسكەو شەمەندەفەر نیە كە هەست بە جووڵەو لەرینەوەیەكی زۆر بكەیت.
بیرۆكەی هایپەرلووپ لەساڵی (2015) لەلایەن كۆمپانیای ڤێرجن هایپەرلووپ خرایە بواری جێبەجێكردنەوەو كۆمپانیاكە بارەگاكەی لە لۆس ئەنجلۆسەو لە ئێستادا ڕەزامەندی ئەوەی پێدراوە كە شارەكانی (Chicago و Cleveland) لەئەمریكا پێكەوە ببەستێتەوە كە ماوەی نێوانیان بە ئۆتۆمبێل پێنج كاتژمێرو نیوە لە كاتێكدا بە هایپەرلووپ تەنها (30) خولەكە.
هەروەها بیرۆكەكە لە چەند شارو وڵاتێكی تریش خراوەتە بواری جیبەجێكردنەوە لەوانە وڵاتی سعودیەو هەروەها وا بریاریشە هێڵێكی گواستنەوەی هایپەرلووپ لە نێوان شارەكانی دوبەی و ئەبوزەبی بنیاد بنرێت كە دوری نێوانیان كەم دەكاتەوە بۆ (12) خولەك لە كاتێدا بە ئۆتۆمبێل ماوەكەی زیاترە لە كاتژمێرێك.
وتەبێژی كۆمپانیاكە ئەوەی خستەڕوو كە ئامانجی كۆمپانیاكەیان ئەوەیە گۆڕانكارییەك لە بواری گواستنەوەی مرۆڤدا دروست بكەن كە ئاواتی زۆرینەی تاكەكانی كۆمەڵگەیەو كێشە زۆرە لە بارەی بەفیرۆچوونی كات لە كاتی گەشتكردنداو هەمووان بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن، بۆیە ئێمە نابێت بەردەوام بین لەسەر دووبارە بەرهەمهێنانی هەمان هۆیەكانی گواستنەوەی كە پێشتر سودمان لێ وەردەگرتن بەڵكو مرۆڤایەتی پێویستی بە گۆرانكارییە لەم بوارەدا.
(موحەمەد لادێ - هەولێر)