لەبارەی ڤایرۆسەكان ئەمانە بزانن ؟؟
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

لەبارەی ڤایرۆسەكان ئەمانە بزانن ؟؟

 

 

 

جگە لە وێرانكردنی خانەی زیندوو، ئایا ڤایرۆسەكان هیچ سودێكیان هەیە یان هەبووە؟

ڤایرۆسەكان مشەخۆری مایكرۆسكۆپی زۆر زۆر بچوكن و بەرپرسن لە كۆمەڵێكی زۆر لە نەخۆشی كوشندە لە زیندەوەرەكان و ڕووكەكان، لە دی ئێن ئەی و ئاڕ ئێن ئەی دروستبوون كە دەورە دراون بە قاوغی پڕۆتینی، ڤایرۆسەكان تەنیا دەتوانن بژین و بمێننەوەو هەروەها زۆر ببن لە نێو خانەی زیندووی زیندەوەران و ڕووەكەكان، بەبێ مانەوەو زۆربوون لەنێو خانەی یان ناوەندێكی زیندوو ڤایرۆسەكان توانای مانەوەو زۆربوونیان نابێت و لەناودەچن و شیدەبنەوە، واتە بەكورتی ڤایرۆسەكان بەبێ مانەوە لەنێو ناوەندێكی زیندوو چاڵاك نین و تەنیا لە چەند كاتژمێرێك بۆ چەند ڕۆژێك دەتوانن بمێننەوە، بەهەمان شێوە دوای ئەوەی خانە زیندووەكان یان لاشەی زیندەوەرێك وێران دەكەن و دەكوژن تەنیا بۆ چەند ڕۆژێك لەنێو ئەو خانە مردووە یان لاشەی ئەو زیندەوەرە مردووە بەچاڵاكی دەمێننەوەو دواتر شیدەبنەوە بۆ ئەو پێكهاتە كیمیاییە سەرەكیەكانەی لێیان دروست بوون واتە نامێنن.

هیچ خانەیەكی زیندوو لەسەر ڕووی زەوی بەهەر هەموو جۆرەكانی زیندەوەران پارێزراو نین لە ڤایرۆسەكان، واتە ڤایرۆسەكان دەتوانرێت بگوازرێنەوە لەخانەیەك یان زیندەوەرێكەوە بۆ نێو خانەو زیندەوەری تر، لە هەندێكیان بەناچاڵاكی دەمێننەوە، لە هەندێكیشان دەتوانن زیان بەو خانە زیندووانە پێبگەیەنن یان ئەو خانە زیندووانە بكوژن.

ئایا ڤایرۆسەكان زیندوون یان نازیندوو ؟؟

مشتومڕێكی زۆر لەسەر ئەم پرسیارە هەیە، ڤایرۆسەكان هەندێك خەسڵەتی ژیانیان تێدایە، بەڵام نەوەك هەموو خەسڵەتەكان، بۆ نموونە هەڵگری جینۆمەكان و زانیاری بۆماوەیین، توانای زۆربوونیان هەیە، بەڵام تەنیا لەنێو خانەیەكی زیندووی تردا، توانای پەرەسەندنیان هەیە لەڕێگەی بژاردەی سروشتی وەكو هەموو جۆرەكانی تر لە زیندەوەران، بەڵام ڤایرۆسەكان وەكو جۆرەكانی خانە زیندووەكان و زیندەوەران لەسەر زەوی لە خانە پێك نەهاتوون، هەروەها بەبێ ئەوەی بچنە نێو خانەی زیندەوەرو ڕووەكی تر ناتوانن بمێننەوەو زۆربن یان هەبن، بۆیە بۆ مانەوەیان دەبێت بەردەوام لەنێو خانەیەك یان زیندەوەرێك بن یان بگوازرێنەوە بۆ یەكێكی تر ئەگینا لەناودەچن.

كەواتە ئەم پرسیارەی سەرەوە وەڵامێكی ڕوونی نیە، زۆربەی زیندەوەرناسان پێیان وایە ڤایرۆسەكانیش جۆرێكی جیاوازو تایبەتین لە ژیان، هەروەها زیندوون كاتێك لەنێو خانەیەكی تردا هەن، هەندێكیشیان پێیان وایە ڤایرۆسەكان زیندوو نین و بەشێك نین لە ژیان بەڵكو كۆمەڵێك پێكهاتەی كیمیاویین كە تەنیا دەتوانرێت بووترێت لە لێواری ژیاندان، هەردوو بۆچوونەكەش بەڵگەدارن و ڕاستن.

ئایا ڤایرۆسەكان جگە لەو زیانانەی دەیانزانین، هیچ سوودێكیان هەبووە و هەیە بۆ ژیان؟

ڤایرۆسەكان زۆر زۆرن و هەمەجۆریشن، دەشێت لەنێو هەر خانەیەكی زیندوو هەبن لە هەموو كونج و بستێك و پەنایەكی نێو سیستەمی ژینگەیی زەوی، بەپێی هەندێك لێكۆڵینەوە ملیۆنەها جۆر ڤایرۆس هەن لەسەر هەسارەكەمان، بەڵام تاوەكو ئێستا زانیاری زۆر وردمان تەنیا لەسەر نزیكەی 5000 جۆر هەیە.

ڤایرۆسەكان بە بەردەوامی پەرەدەسەنن، هەروەها بە بەردەوامی پێشتر و لە ئێستاشدا جینۆمەكانیان گۆڕیوەتەوەو دەگۆڕنەوە لەگەڵ زیندەوەرانی تر، هەندێك لە زیندەوەرناسان پێیان وایە ڤایرۆسەكان هۆكارو بەرپرسی سەرەكین بۆ ئاڵۆزی و هەمەجۆری ژیان لەسەر هەسارەی زەوی..!

(لوقمان حەوێز – تێكساس)

هه‌واڵی گرنگ