هەردوو كۆمپانیای فایزەرو بایۆنتێك بە فەرمی داوا لە دەزگای حكومەتی فیدراڵی ئەمریكا بۆ چاودێری خۆراك و دەرمان FDA دەكەن بە پەلە ڕێگەیان پـێبدات ڤاكسینەكەیان بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنای جۆری كۆڤید 19 دابەش بكەن و لە خەڵكی بدرێت.
فایزەر لەسەر ماڵپەڕەكەی نووسیویەتی، ڤاكسینەكەیان بۆ (كۆڤید 19) كە بە (BNT162b2) ناودێركراوە ئەنجامی زۆر باشی هەیەو دەركەوتووە، بە ڕێژەی (95%) كاریگەری هەیە.
دەشڵێت، ئەو ئەنجامانەی پـێی گەیشتوون لە ڕێگەی ئەو سێ قۆناغی تاقیكردنەوانەیە كە تیایاندا ڤاكسینەكەیان بەسەر هەزاران كەس تاقیكردۆتەوە وە ئەو كەسانەش تەمەنیان لە (12) ساڵەوەیە هەتا (85) ساڵ و لە ناو ئەمریكاو دەرەوەی ئەمریكان.
فایزەر دەشڵێت، پـێشبینی دەكات لەگەڵ كۆمپانیای بایۆنتێك بتوانن هەتا كۆتایی ئەمساڵ (50) ملیۆن دەرزی ڤاكسینەكە دروستبكەن و هەتا كۆتایی ساڵی (2021) یش نزیكەی (1.3) ملیار دەرزی دیكە دروستبكەن.
جێگەی ئاماژەیە هیچ دەرمانێك یان ڤاكسینێك لە ئەمریكا بەكارناهێنرێت هەتا دەزگای چاودێری خۆراك و دەرمان FDA ڕەزامەندی لەسەر نەدات.