لە سوپەرمارکێتێکی ویلایەتی ریۆ گراندە دەل سور-ی بەڕازیل، رۆژێک بەر لە "رۆژی هۆشیاری بەرامبەر رەشپێستەکان"، دوو پاسەوان هاووڵاتییەکی رەشپێستییان کوشت ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی خۆپیشاندان و ناڕەزایی لەو وڵاتە.
راگەیاندنەکانی بەڕازیل،بڵاویانكردەوە كە ئەو هاووڵاتییە بەهۆی لێدانی پاسەوانەکانەوە گیانی لەدەستداوە.
بڵاوبوونەوەی گرتەی ڤیدیۆیی تایبەت بە کوژرانی هاووڵاتییە رەشپێستەکە لە راگەیاندن و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بووە هۆی توڕە کردنی بەڕازیلییەکان و لە ئێستاشدا دوو پاسەوانەکە دەستبەسەر کراون و بە تۆمەتی کوشتنی بەمەبەست، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
هاوكات لە "رۆژی هۆشیاری بەرامبەر رەشپێستەکان" هاووڵاتییانی بەڕازیل لە ویلایەتە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە دژ بە تاوانەکە خۆپیشاندانیان کرد و داوای دادپەروەرییان کرد، هەرچەندە زۆربەی خۆپیشاندانەکان بە شێوەی هێمنانە بەڕێوەچوون بەڵام دوای خۆپیشاندانەکان چەند کەسێک هەڵیانکوتایە سەر لقی ساوپاولۆ-ی ئەو سوپەرمارکێتەی هاووڵاتییە رەشپێستەکەی تیادا کوژرابوو، کەلوپەلەکانیان بڵاوکردەوە، ئاگریان لە سوپەرمارکێتەکە بەردا و بەشێکی بەرهەمەکانیشیان تاڵان کرد.