كۆچەر: تەنها رەبولعالەمین دەزانێت موچەی موچەخۆران چی لێ دێ
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

كۆچەر: تەنها رەبولعالەمین دەزانێت موچەی موچەخۆران چی لێ دێ

 

 

ئەندامێكی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە گەر ئەمجارە هەرێمی كوردستان پابەند نەبێت بەو مەرجانەی لە یاسای قەرزدا بۆی دیاریكراوە، پێناچێت بەغدا هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێم بنێرێت، دەڵێت: تەنها رەبولعالەمین و بەرپرسانی هەرێم دەزانن، ڕێكدەكەون یان نا.

لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، (د. جەمال كۆچەر) ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وتی: گەر هەرێم پابەند نەبێت بەو مەرجانەی لە یاسای قەرزدا بۆی دانراوە، ئەركی نوێنەرانی كورد لە بەغدا قورس دەبێت، لەوانەیە سیناریۆی تپەڕاندنی یاسای قەرز بێ خواستی كورد، لە بودجەی (2021) یشدا دووبارە ببێتەوە.

بەشێك لە پەرلەمانتارانی سەربە لایەنە عێراقیەكان، لە ڕێگەی كەناڵەكانی ڕاگەیاندنەوە، هێرش دەكەنە سەر هەرێمی كوردستان و بە پابەند نەبوون بەرامبەر بە ڕێككەوتنەكان تۆمەتباری دەكەن، لەو بارەیەوە (د. جەمال كۆچەر) ئەو پەرلەمانتارانە پۆلێن دەكات بۆ چەند بەشێك، دەڵێت: ئەو پەرلەمانتارانە، بەشێكیان تیگەیشتوون لە مەسەلەی هەرێم، هەندێكی تریان مەسەلەی پابەند نەبوونی هەرێم بۆ لێدان لە (موستەفا كازمی) بەكار دەهێنن، بەشێكی تریشیان، بەتایبەت نوێنەرانی پارێزگاكانی خوارووی عێراق، ناوچەكانیان نەوتی تێدایەو خزمەت نەكراون، بۆیە فشاری شەقامیان لەسەرە.

كۆچەر جەختیشیكردەوە، هەرێمی كوردستان تا ئێستا پابەند نەبووە، بۆیە بۆ هەموومان قورسە بەرگری بكەین و چەكی دەستمان لاوازە، چونكە هەرێم هیچی ڕادەست نەكردووە، بۆیە هەرێم لە تاقیكردنەوەدایە، گەر پابەند بێت، ئیشمان ئاسان دەبێت، گەر پابەندیش نەبێت، قورسە بەرگری بكەین.

ئەندامەكەی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، پێیوانیە هەرێمی كوردستان پابەند بێت بە مەرجەكانەوە، وەكو ئەوەی كە حكومەتی عێراق دەیەوێت، وتی: لەوانەیە هەرێم پابەند بێت، بەڵام نەك وەكو ئەوەی بەغدا داوای دەكات، ئەوەی بەغدا دەیەوێت، بەهیچ شێوەیەك پێموانیە هەرێم پابەند بێت.

سەبارەت بە چارەنووسی موچەی موچە خۆرانی هەرێم، لە حاڵەتی ڕێكنەكەوتنی هەرێم و عێراق دا، جەمال كۆچەر وتی: تەنها رەبولعالەمین دەزانێت، دواتریش ئەوانەی هەرێم دەزانن، چونكە تەنها خۆیان دەزانن، چۆن بڕیار دەدەن.

لە كۆتایی قسەكانیدا (د. جەمال كۆچەر) ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەكرد پێناچێت حكومەتی عێراق جارێكی تر پارە بۆ هەرێم بنێرێت، گەر هەرێمی كوردستان لەگەڵ عێراق نەگاتە ڕێككەوتن.

هه‌واڵی گرنگ