وانەیەك لە ژیاننامەی پێغەمبەری خوداوە صلی الله علیە وسلم
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

وانەیەك لە ژیاننامەی پێغەمبەری خوداوە صلی الله علیە وسلم

 

كاتێك لەسەرەتای بانگەوازی ئیسلامی، پێغەمبەری خوا ( دروودی خوای لەسەر بێت ) لەگەڵ هاوەڵە بەرزو بەڕێزەكانی ـ خوای گەورە لێیان ڕازی بێت ـ لەناو توندترین ئازاری دەروونی و جەستەیدا بوون، ناچار هەندێك لەوانەی تازە ئیمانیان هێنابوو ـ لەبەر پارێزگاری لە دین و باوەڕ ـ كۆچیان كرد بۆ حەبەشە. كاتێك قوڕەیش بەمەیان زانی دوو پیاوی زیرەك و قسەزانیان ناردە لای پادشای حەبەشە بەناوەكانی عبدالله ی كوڕی ڕەبیعە و عەمری كوڕی عاص كە ئەوكاتە عەمر هێشتا ئیمانی نەهێنابوو، ئەم هەوڵەی قوڕەیشیەكان بۆ ئەوە بوو تا هەرچی زووە نەجاشی ئەو ئیماندارانە لە حەبەشە بكاتە دەرەوە، بەڵام بە پێچەوانەی خواستەكانی نێردەی قوڕەیشییەكان نەجاشی بەڵێنی پاراستنی ئیماندارەكانی دا تا ئەوكاتەی لە حەبەشە بمێننەوە، هەربۆیە ئەو دوو پیاوە بەدەست بەتاڵی گەڕانەوە.
دوای ماوەیەك وەفدێك ـ ئەم وەفدە ناسراوە بە یەكەم وەفد كە هاتوون بۆ لای پێغەمبەر ـ لە حەبەشەوە هاتن بۆ مەككە تا هەواڵی ئاینی ئیسلام بزانن، كە گەیشتنە مەككە بەیاوەری جەعفەری كوڕی ئەبوتالیب چوونە خزمەتی پێغەمبەری خوا ( دروودی خوای لەسەر بێت )، ئەویش هەواڵی دەربارەی ئیسلام پێدان و چەند ئایەتێكی قورئانی بۆ خوێندنەوە و بێ چەند و چوون ئیمانیان هێنا، قورئان ئەم باسەی تۆمار كردووە لە سورەتی القصص ئایەتی 52 تا 55
كاتێك وەفدەكە كە لەسێ كەس پێك هاتبوون پێغەمبەری خوایان بە جێ هێشت، قورەیش بەمەیان زانی و ئەبوجەهلی سەرگەردان ئاگر كەوتە گیانی و هاتە سەر رێگای وەفدەكەو پێی وتن : " تا ئێستا كەسانی لە ئێوە بێ عەقڵ ترم نەدیوە، لە شوێنێكی ترەوە هاتوون بۆ لای ئەو پیاوەو ئەوەندە دانەنیشتن لەلای بڕواتان بە قسەكانی كرد و ئەوەندە نەزان بوون زوو ئیمانتان پێ هێناو وازتان لە دینەكەی خۆتان هێنا." ئەم قسەو باسەی ئەبوجەهل بۆ ساردكردنەوەو پەشیمان كردنەوەی ئەو سێ كەسە بوو كە تازە بەتازە ئیمانیان هێنابوو، زانیارییەكی زۆریان پێ نەبوو، بەڵام قورئان لە سورەتی القصص زۆر جوان هەڵوێستی ئەو ئیماندارانەی تۆمار كردووە كە چەندێك ئیمانیان دامەزراو بووە، هەربۆیە بەرامبەر قوڕەیش و ئەبو جەهل وتیان: "سڵاوی خواتان لێ بێت، ئێمە بە ئێوە ناڵێین نەزان، ئێمە لەسەر بیروباوەڕی خۆمان و ئێوەش لەسەر بیرو باوەڕی خۆتان"، ئەوەندە هەیە ئێمە بە نەزانی دوای هیچ بەرنامەیەك ناكەوین.
تا ئێرە دڵۆپێك بوو لە دەریای فراوانی ژیانی پێغەمبەری خوا ( دروودی خوای لەسەر بێت )، لێرە بەدواوە وانەیەك فێر دەبین لەسەر دامەزراوی ئیمان و سارد نەبوونەوە لە ئاینەكەمان.
تۆ بڕوانە ئەو سێ كەسە تازە بەتازە ئیمانیان هێنابوو، هەموو تان و پۆی ئیسلامیان نەكردبوو، زانیاریەكی زۆریان نەبوو لەسەر ئیسلام و هتد، ئەگەر چی تازە ئیمانیان هێنابوو، بەڵام ئیمانیان وەكو كێو دامەزرابوو، ئەو چەند ئایەی قورئان ڕەگ و ڕیشەی خواناسی لەنێو دڵیاندا داكوتی، سوور بوون لەسەر مانەوەیان لەسەر ئیمانەكەیان، هەوڵەكانی ئەبوجەهلی سەرگەردان و سەرانی قوڕەیش شوێنی ئیمانی لەق نەكرد لەناو دڵیاندا، بەڵكو لەگەڵ ئەو قسەو قسەڵۆكانە تا دەهات ئیمانیان دامەزراوترو پتەوتر دەبوو، خۆشەویستی خواو پێغەمبەری خوا ( دروودی خوای لەسەر بێت ) لەناو دڵیاندا زیادی دەكرد، ئاسۆی سەركەوتنی ئیمانداران لەبەرچاویان ڕۆشنتر دەبوو، چونكە سونەتی ژیان وایە بە بێ ئازارو ئەستەنگ لەسەر ئەم ڕێگا پیرۆزەی ئیسلام، ئەستەمە بگەیت بە سەركەوتن.
هەربۆیە لەو كاتەوەو تا ئێستاو تا قیامەت ئەو هەوڵانەی ئەبوجەهل و هاوشێوەكانی، بووە هەیەو دەشمێنێت. گرنگە لە ئێستادا بەتایبەت خوشك و برا گەنجەكان ئەوانیش هاوشێوەی ئەو وەفدە ئاسا ڕوو بەڕووی هەموو ئەو تەحەدیانە بوەستنەوە، هەموو ئەو هەوڵە نەزۆكانە بە بیروباوەڕی دامەزراویان پوچەڵ بكەنەوە، ئەگەر چی ئەوان ـ وەفدەكە ـ لەو كاتەدا كەم تفاق بوون لەسەر زانیاری لەسەر ئاینەكەیان، بەڵام وەك كێوێك ڕووبەڕووی ڕەشابا بوونەوە، خۆ ئێستا ئێوەی گەنج پڕ تفاق و گەنجینەی تەمەن و زانیاریتان لەبەردەستە، حەیفە بەقسەی هەندێك هەڵخەڵەتێنراو، كڕڕاو، داماو، سەرگەردان و واق وڕماو، هیچ گەراو عەقڵ پوكاو، هەڵبخلیسكێن لەسەر شاڕێی [سبلا فجاجا]، رێگای ئیسلام و خواناسی. چ بەرنامەیەك هێندەی بەرنامەی ئیسلام پاك و بێگەرد و پیرۆزە؟ چ بەرنامەیەك هێندەی ئیسلام بەدرێژایی مێژوو بەپاكی وەكو خۆی ماوەتەوە؟ یەكێك لە جیاوازییە جەوهەرییەكانی ئەم پەیامە لەگەڵ هەموو پەیامە ئاسمانی و زەمینیەكانی تر ئەوەیە كە خوا بەڵێنی پاراستنی ئەم پەیامەی داوە، بەڵام ئەوانی تر مرۆڤ هەوڵ دەدات بیانپارێزێت. جا بەڵێنی خوا لە كوێ و بەڵێنی مرۆڤ لە كوێ!! ئیتر ساردبوونەوە بۆچی و لەپای چی؟؟!!
پێویستە ئەو قسەو باسانەی دژی ئاینەكەمان و پێغەمبەرەكەمان دەكرێت، ئیمانمان پێی دامەزراوتر بێت، رێگای ئیسلام لامان ڕۆشنتر بێت، خواو پێغەمبەرمان خۆشتر بوێت، چی بەرنامەیەك هێندەی ئیسلام دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی پیرۆزو بەنرخ هەر لە قورئانی پیرۆزەوە بیگرە تا فەرموودە راست و دروستەكانی پێغەمبەری خوا ( دروودی خوای لەسەر بێت )، پاشان كۆدەنگی زانایان و هەڵسەنگاندنی بیروبۆچونەكان و وتەی زانایان و زانایانی ئاینی هەتا كتێب و كتێبخانە ئیسلامییەكان كە بە سەدان هەزار كتێب لەبەر دەستدان بۆ خۆ دەوڵەمەند كردن و خۆ ڕۆشنبیركردن و شارەزابوون و ووردبوونەوە و تێڕامان لە ئاینە بەرز و پیرۆزەكەمان، لەگەڵ هەموو ئەو سەرچاوە بەنرخ و گەوهەر ئاسایانە هەمیشە پێویستە ئەم دوعا قورئانییەش بكەین و بلێێین:
[ ربنا أفرغ علینا صبرا، وپبت أقدامنا وانصرنا علی قوم الكافرین]
چیتر با هەوڵی نەزۆكی ناحەزانی دژ بە دینەكەمان ڕوناكی نێو دڵەكانمان خامۆش نەكات، بەڵكو بەنوری قورئان دڵەكانمان ڕۆشنتر و پرشنگدارتر بكەین.

 

هه‌واڵی گرنگ