جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەوە رایدەگەیەنێت كە مستەفا كازمی دانی بەوەداناوە كە ئەو بڕە پارەیەی بە هەرێمی كوردستان دەدەن لە بەشی خۆیان كەمترە و پێویستە زیاتری بكەن، بەڵام هەندێك كەس لەناو پەرلەمان و دەرەوە دەیانەوێ تەگەرە بخەنە بەردەم حكوومەت
لەمبارەیەوە د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پاش كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، بە میدیاكانی راگەیاندوە: ”چاوم بە مستەفا كازمی كەوت، باسی كۆمەڵێك پرسمان كرد كە یەكێكیان بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بۆ مانگەكانی پێنج و شەش و حەوت و مانگی دە، باسی شایستەی دارایی جووتیارانیشمان كرد“.
ئاماژەی بەوەش كردووە كە لە كۆبوونەوەكەدا ”مستەفا كازمی دانی بەوەدا نا كە ئەو بڕە پارەیەی بە هەرێمی كوردستان دەدەن لە بەشی خۆیان كەمترە و پێویستە زیاتری بكەن، بەڵام هەندێك كەس لەناو پەرلەمان و دەرەوە دەیانەوێ تەگەرە بخەنە بەردەم حكوومەت. ئێمەش پێمان گوتن كە ئەو ڕێككەوتنەی هەولێر و بەغدا پێویستی بە پشتگیری هەیە، پێویستە پەرلەمان پشتیوانی لەو ڕێككەوتنە بكات“.
دەشڵێـت: ئەم كارەی پەرلەمانی عێراق لەم دواییە كردی، تەگەرە دانان بوو لەبەردەم حكوومەت لە كاتێكدا حكوومەت خۆی پلان بۆ ڕێكخستنی پەیوەندییەكانیان و كاروبارەكانیان دادەنێن.
جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی ناردنی ٣٢٠ ملیار دینارەكەی فەرمانبەران، وتی: ”كازمی لە كۆبوونەوەكەدا گوتی، چەند ڕۆژێكە لە گفتوگۆداین لەگەڵ هەموو لایەنە عێراقییەكان، دەبێ ئەم كێشەیە كۆتایی بێ و ئەم ڕێككەوتنەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردوومانە، جێبەجێ بكەین، پارەكەی ئەو مانگانەیان پێدەدەین، بەڵام بەدوای دەرچەیەكی یاساییدا دەگەڕێن،وتیشی كە ئیتیفاقێكی سیاسی نزیكە بكرێت، تاوەكوو بودجەی هەرێمی كوردستان پێش یاساكە خەرج بكرێت و ئەوەی دەكەوێتە دوای یاساكەش، لەنێو پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١ جێبكەینەوە“.
ناوبراو وتیشی: ”هیچ ماوەیەك بۆ ناردنی پارەكە دانەناوە، كازمی دەیەوێ كۆدەنگییەكی سیاسی لە عێراق دروست بكات تا بتوانێت پارەكە بنێرێت، بەڵێنیشی دا سەركەوتوو دەبێت لەم كارە، گوتی بە زووترین كات ئەمە دەكەین و نایەڵین هاووڵاتیان و فەرمانبەرانمان لە هەرێمی كوردستان بێ مووچە بمێننەوە.