ژمارەی زۆربەی جۆری مێرووەكان زۆر بەخێرایی كەمدەبێتەوە...
مێروو نەمێنێت خۆراك نامێنێت، خۆراك نەمێنێت مرۆڤ نامێنێت، چۆن و بۆچی ئەمە ڕوودەدات ؟؟
پێشەكی لەچەند لێكۆڵینەوەیەكدا كە لە ئەمریكاو ئەوروپا ئەنجامدراوە لەسەر نزیكەی (40%) ی جۆری مێرووەكان، دەردەكەوێت كە هەموو ئەو جۆرانە ژمارەكانیان لە كەمبوونەوەیەكی خێرادایە، نموونەی ئەو جۆرانەی كە ژمارەیان زۆر بەخێرایی كەمدەبێتەوە بریتین لە پەپولەكان، هەنگە كێویەكان، جاڵجاڵۆكەكان، قالۆنجەكان و هەندێك جۆر لە مێروولەكان.
بۆچی ئەمە مەترسیدارە .. ؟؟
ئەگەر ژمارەی مێرووەكان لە سروشتدا زۆر كەمبێتەوە ئەوا تۆڕی خۆراك لەنێو سیستەمی ژینگەیی توشی تێك شێوان دەبێت، دوریش نیە تووشی داڕمانێكی گەورە ببێت، زۆربەی جۆری باڵندەكان لە سروشت پشت بە خواردنی مێرووەكان دەبەستن، دەركەوتووە هۆكاری سەرەكی كەمبوونەوەی ژمارەی هەندێك جۆر لە باڵندەكان بەهۆی كەمبوونەوەی ژمارەی مێرووەكان بووە، كاری پیتاندن لە زۆربەی درەختەكان و ڕووەكەكان كە سەرچاوەیەكی سەرەكی خۆراكن بەشێوەیەكی سەرەكی لەڕێگەی هەندێك لە مێرووە باڵدارەكان ڕوودەدات وەكو هەنگەكان و پەپولەكان، كەواتە كەمبوونەوەیان دەبێتە هۆی كەمبوونەوە و خراپ بوونی بەرهەمە كشتوكاڵیەكان بەگشتی، گەلێك لە مێرووەكان گەرا لەناو ئاو دادەنێن، ئەو گەرایانە زۆربەیان دەبنە خۆراكی سەرەكی ماسیەكان و گیاندارە ئاویەكان، بەكەمبوونەوەو نەمانی ئەو مێرووانە و گەراكانیان ئەوا ژمارەی ئەو ماسی و گیاندارە ئاویانەش كەم دەكەن.
هەندێك لە مێرووەكان وەكو جاڵجاڵۆكەكان و پەپولەكان و هەنگە كێوییەكان لە هەندێك لە ناوچەكانی ئەوروپاو ئەمریكا (10) ئەوەندە بۆ (60) ئەوەندە كەمتر بوونەتەوە بەبەراورد بە ژمارەكانیان بەر لە (50 بۆ 70) ساڵ پێش ئێستا ..!
هۆكارەكان چین ..؟
مرۆڤ بەرپرسیاری یەكەمی ئەم كارەساتەیە، تەختكردنی هەموو دارستانە سروشتیەكانی سەر ڕووی زەوی بەڕێژەی (44%) لە سەدەی ڕابردووەوە تاوەكو ئێستاو بەكارهێنانی ئەو زەویانە بۆ كشتوكاڵ كە سەدەها جۆری پەین و دەرمانی كیمیاوی تیایدا بەكاردەهێنرێت هۆكاری یەكەمی كەمبوونەوەی ژمارەی مێرووەكان بووە، هۆكارێكی تر بریتییە لە پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەكان بە سەدەها ئاوێتەی كیمیاوی كە پاشماوەی پیشەسازیەكانن، ئەمەش وایكردووە گەشەكردن و زۆربوونی مێرووەكان لەسەر ڕووبەرە ئاویەكان زۆر كەمتر بێتەوە، بە كورتی مێرووەكانیش وەكو زۆربەی گیانەوەرەكانی تر شوێن و ڕووبەرو پەناگە سروشتیەكانیان زۆر لەجاران كەمتر بۆتەوە، ئەوانیش وەكو زۆربەی زیندەوەرانی تر بوونەتە قوربانی ئەو هەموو گۆڕانكارییە خێرایەی لەنێو سیستەمی ژینگەیی سەر هەسارەی زەوی ڕوودەدات بەهۆی زۆربوونی كارو چاڵاكیەكانی مرۆڤەوە...
بە داخەوە ئەو لێكۆڵینەوەو زانیاریانەی بەردەستن لەم ڕووەوە زۆربەی هی ناوچەكانی ئەوروپا و ئەمریكایە، پێشبینی دەكرێت لە ووڵاتەكانی تری جیهان دۆخی مێرووەكان زۆر خراپتر بێت، بەهۆی گەشەسەندنی ئابووری خێراش لەچەند دەیەی ڕابردوو و لە ئێستادا هیچ هیوایەك بەدی ناكرێت بۆ باشتركردن یان هەڵگێڕانەوەی ئەم دۆخە ژینگەییە نوێیەی هەسارەی زەوی ...
(لوقمان حەوێز – تێكساس)