پیاوێكی تەمەن (51) ساڵ؛ بڕیاری هاوسەرگیری لەگەڵ كچێكی تەمەن (14) ساڵ هەڵوەشاندەوەو داوای لێبوردنیشی لە خەڵك كرد، دوای ئەو ناڕەزاییەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بەوهۆیەوە دروستبوون.
لەچەند رۆژی رابردوودا، هەواڵی هاوسەرگیری ئەو پیاوو كچە، كە جیاوازی تەمەنی نێوان (37) ساڵە، هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی هەڵمەتی (16) رۆژەی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكرایەوەو هەرزوو، ناڕازیی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
(جوقی سەلۆ تەحسین) (51) ساڵ، ئەمڕۆ هەینی 27 ی تشرینی دووەمی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بە رۆژنامەنوسانی وت، داوای لێبوردن لە هەموو كەسێك دەكەم كە بەهۆی هاوسەرگیری ئێمەوە دڵتەنگ و خەمبار بوون، لێرەوە ئاشكرایدەكەم ئەو هاوسەرگیرییە هەڵوەشاوەتەوە و ناكرێت.
ئەو پیاوە لە ئێزیدییەكانی دانیشتووی كۆمەڵگەی دۆمیزی شاری دهۆكەو هەر ئەوەش وایكرد بە نێوەندگیری و هەوڵی كەسایەتییەكانی ئێزیدی هاوسەرگیرییەكەی هەڵبوەشێنرێتەوە.