حوکمی شەرعی بەشداریکردن لە کۆمپانیای (یونیك فاینانس Unique Finance)
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

حوکمی شەرعی بەشداریکردن لە کۆمپانیای (یونیك فاینانس Unique Finance)

بە ناوی خوای گەورە

لە پاش ڕوخانی ڕژێمەوە, كوردستان دەرگای بەرووی دەیان كۆمپانیای بیانی كردووەتە كە، زۆرێكیان سەرەنجی بەشێكی زۆری خەڵكی كوردستانیان ـ بەتایبەت گەنجان ـ بەلای خۆیاندا ڕاكێشاوە.

یەكێك لەو كۆمپانیانەی كە زۆر جار پرسیارمان ڕووبەڕوو دەكرێتەوە سەبارەت بە حوكمی بەشداری كردن تیایدا, كۆمپانیای (یونیك فاینانس) ـە.

بەندەش پێم باش بوو ـ پاش پشت بەستن بەخوا ـ ڕوون كردنەوەیەك سەبارەت بە مێژوو و كارو چالاكیەكانی ئەو كۆمپانیایە بكەم و، پاشان ڕوونكردنەوەی حوكمی شەرعی بەشداریكردن تیایدا بخەمەڕوو، بە گەڕانەوە بۆ دەقەكان و بنەما شەرعیەكانی شەریعەتی ئیسلام.

مێژووی كۆمپانیا:

كۆماپانیای (یونیك فاینانس) لە كۆتایی ساڵی (2016) دامەزراوە و, وەك خۆیان دەڵێن لە چەندین وڵات نوسینگەیان هەیە و، مۆڵەتی فەرمیان وەرگرتووە بۆ كاركردن, لە كوردستانیش نوسینگەیان هەیە.

بۆ نمونە دەڵێن: لەوڵاتی سویسرا بە فەرمی لە لیستی كۆمپانیاكان تۆمار كراوە, بەڵام بە گەڕانەوە بۆ ماڵپەڕی فەرمی دەستەی چاودێری بازرگانی حكومەتی سویسرا بۆ ناساندنی كۆمپانیاكان دەر دەكەوێت, نەك ئەم كۆمپانیایە بوونی نیە، بەڵكو لە ماڵپەڕی ناوبراو، هۆشداری دراوە لە كۆمپانیای (یونیك فاینانس) و، رایگەیاندووە كە، ئەو كۆمپانیایە بە فەرمی تۆمار نەكراوە و، كۆمپانیایەكی وەهمیە.

بەهەمان شێوە رێكخراوی جیهانی بۆ دەستەی کاغەزە دارییەكان (المنظمة الدولیة لهیئات الاوراق المالیة) (Iosco) هۆشداری لەو كۆمپانیایە داوە.

لینكی ئەم دوو هۆشداریە لە نوسراوێكی فەرمی دەستەی عیراقی بۆ كاغەزە دارییەکان (هیئە الاوراق المالیة العراقیة) هاتووە كە، لە (9/3/2020) بە ژمارە (5/551) دەریكردووە، سەرەڕای ئەمە، بەهەمان شێوە دەستەی عیراقی ناوبراو خۆشی هۆشداری داوە لە كۆمپانیایە و بە وەهمی و داو و قۆڵبڕینی ناوزەد كردووە.

شێوەی كاركردنی كۆمپانیا:

لە جیهاندا دوو جۆر ئاڵوگۆڕ دارایی بوونی هەیە, ئاڵوگۆڕی دەستی و ئاڵوگۆڕی ئۆتۆماتیكی.

جۆری دووەم پێی دەوترێت سیستەمی (التاجر التلقائی) واتە: بازرگانی ئۆتۆماتیكی (ATS) كە بریتیە لە: بەرنامەیەك تێچووەكەی نزیكەی سێ تریلیۆن دۆلارە و, ئەركەكەی بریتیە لە: لێكدانەوەی هەواڵە ئابوورییەكان و ڕاپەراندنی كارەكانی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دارایی لە ماوەی بەشێك لە چركەیەك .

ئەم سیستەمە ڕۆژانە شەش سەعات كار دەكات، بیجگە لە ڕۆژانی (شەممە و یەك شەممە).

جا یەكێك لە دووەم گەورەترین بۆرسەكانی ئەمریكا كە، بریتیە لە بۆرسەی ( نازداك) كە یەكێك لە بازاڕە بەناوبانگەكان و لە شاری نیویۆركە و، تێدا پشك و قەواڵە و كاغەزە داراییەكان دەخرێتەڕوو و، سەرمایەكەی حەوت تریلیۆن دۆلارە و, لە ساڵی (1971) دامەزراوە و، زۆربەی كۆمپانیا زەبەلاحەكانی جیهان پشكەكانی خۆیان لەوێ‌ تۆمار كردووە، وەك ( ئەپڵ و مایكرۆسۆفت و فەیسبووك و....هتد).

كۆمپانیای (یونیك فاینانس) یەكێك لەو كۆمپانیا نێوەندگیرانەی (وسیط) كە لە بۆرسەی نازداكدا وەبەرهێنان لە پشكی ئەو كۆمپانیانە (ئەپڵ و مایكرۆسۆفت و فەیسبووك...هتد) دەكات.

لەوڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا خەڵكی ئاسایی دەتوانن راستەوخۆ وەبەرهێنان لە بۆرسەی نازداك بكەن و كرێن و فرۆشتن بە پشكەكانەوە بكەن.

بەڵام ئەم دەرفەتە بۆ خەڵكانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كیشوەری ئاسایا نەرەخساوە، بۆیە ئەگەر كەسێك بیەوێت پشكی ئەو كۆمپانیانە بكڕێت، دەبێ بە ناچاری گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیایەكی نێوەندگیری وەك (یونیك فاینانس) بكات و، كۆمپانیای ناوبراو هەڵدەستێت بە نێوەندگیری نێوان وەبەرهێنەر (بەشدار بوو ـ خاوەن سامان) و لە نێوان ئەو كۆمپانیانەی پشكەكانیان خستووەتە روو بۆ فرۆشتن، بەڵام ئەم زانیاریانە بانگەشەی خۆیانە وهیچ بنەمای نیە ودوورە لە راستیەوە، دواتریش دینەوە سەر ئەم بابەتە.

چۆنێتی بەشداری لە كۆمپانیا و دەستكەوتەكانی:

ژمارەی بەشداربووانی (یونیك فاینانس) لە جیهاندا نزیكەی (4) ملیۆن كەسە، و ئەو كەسەی كە بیەوێت بەشدار بێت لە (یونیك فاینانس) كۆمەڵێ پێوەر و بنەما و ڕێ وشوێن هەیە کە کۆمپانیا دایناوە بەم جۆرەی خوارەوە:

1ـ لە بەر ئەوەی (یونیك فاینانس) كار بە سیستەمی بازاڕگەری هەرەمی (التسویق الهرمی) دەكات، بە مەبەستی زیاد كردنی رێژەی بەشداربووان، دەرەنجام هیچ كەس ناتوانی راستەخۆ بەشدار بێت، بەڵكو دەبێت لە ڕێگەی لینكی بەشدار بوویەكی پێش ئەو بەشداری بكات و ناتوانێت ڕاستەوخۆ خۆی تۆمار بكات لە كۆمپانیا.

لە سەر ئەم بنامەیە هەربەشداربوویەك كەسێكی نوێ راكێشێت بۆ ناو پرۆگرامەكە، ئەوە رێژەی (10%) ی پارەكەی پێدەدرێت.

بۆ نمونە ئەگەر بەشداربوویەكی نوێ بە (1000$) بەشداری كرد ـ كە كەمترین رێژەی بەشداربوونە ـ ئەوە كۆمپانیا (100$) دەدات بەو كەسەی كە، ئەوی رایكێشاوە, بەڵام (900$) دەچێتە ژمارە حیسابی كۆمپانیاوە!.

2. بەشداربوو بەگوێرەی پارەكەی كە دەیدات رێژەی قازانجی زیاد دەكات، بۆ نمونە ئەگەر (1000$) بدات ئەوا رۆژانە (3ـ4$) قازانج بە ژمارە دەچێتە ئاكاونتەكەی و مانگانە (60ـ80$) و، ساڵانە (720ـ960$) و، رێژەی قازانجی ساڵانە ـ وەك خۆیان نوسیویانە ـ دەگاتە لە (80%) كە، ئەمە قازانجێكی خەیاڵی وبێ بنەمایە و دوورە لە راستیەوە، چونكە بەهەموو پێوەرێكی زانستی و لوژیكی و ئابووری شتی واب وونی نیە و، هیچ كۆمپانیایەك ناتوانێ ـ ئەگەر راستگۆ بێ ـ پابەند بێ پێیەوە.

3. ماوەی گرێبەست لە گەڵ كۆمپانیا دووساڵە، بەڵام بەشدار بوو مافی ئەوەی هەیە پاش تێپەڕبوونی شەش مانگ داوای سەرمایەكەی بكاتەوە و, لە حاڵەتی كێشانەوەی سەرمایەكەی دوای شەش مانگ كۆمپانیا بۆی دەگێرێتەوە، بەڵام تەواوی ئەو قازانجانەی وەریگرتووە لەو سەرمایە دەشكێنێت، واتە ئەو ماوەی كە وەبەرهێنانی بە پارەی تۆ كردووە یەك سەنتت ناداتێ!.

4ـ سەرمایەی بەشداربوو جێگیرە و زەمانەت كراوە و، روبەرووی زەرەر نابێتەوە, تەنها ئاڵوگۆری پێدەكرێت.

6ـ قازانج رۆژانە كۆدەبێتەوە و لە كۆتایی هەموو 29 ی مانگێك دەتوانی ڕایكێشیت ـ بەقسەی خۆیان ـ .

ئەم زانیارایانە بەشێكی زۆری بانگەشە و ئیدعای خۆیانن و، لە واقعیدا هیچی راست دەرناچێت.

حوكمی شەرعی بەشداریكردن لە كۆمپانیا:

پاش ئەوەی كارو پلانی ئەم كۆمپانیای (یونیك فاینانس) زانی, كاتی ئەوە هاتووە باس لە حوكمی شەرعی بەشداریكردن تیایدا بكەین كە, بە پێی ئەو بەڵگە شەرعیانەی باسی دەكەین, بە دروستی نازانین تێیدا بەشداری بكرێت و، ئەوەیشی بەشداری كردووە, دەبێت دەستبەرداری ببێ و، سەرماییەكەی خۆی وەربگرێتەوە و قازانجەكەش لەرێگەی خێری خەرج بكات.

بەڵگەی یەكەم:

ئەم كۆمپانیایە بە سیستەمی هەڕەمی كاردەكات, كە تەواوی كۆڕبەندە فیقهیەكان و دەستە و ئەنجومەنەكانی فەتوا و تەواوی زانایانی متمانە پێكراو لە جیهانی ئیسلامی دا بەحەرامیان داناوە, وەك كۆربەندی فیقهی ئیسلامی و دەستەی باڵای فەتوای سعودی و هەروەها ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی كوردستان لە فەتوای ژمارە (15) لە بەرواری (7/1/2020) كە تایبەتە بە حوكمی بەشداریكردن لە (یونیك فاینانس) و ئەنجا هەروەها لە فەتوای (30/4/2019) كە تایبەتە بە كۆمپانیاكانی شەبەكی و هەرەمی.

ئەگەر جیاوازی بۆچوون لە بازاڕگەری شەبەكی هەبێت لای زانایان، بەڵام لە بازاڕگەری هەرەمی جیاوازی تێدا نیە كە حەرامە، چونكە ئەگەر لە بازاڕگەری شەبەكی كاڵایەك هەبێ بۆ پەردەپۆش كردنی كارەكەیان، لە هەرەمیدا هیچ كاڵایەك نادرێت بە بەشدار بوو لە بەرامبەر ئەو بڕە پارەی رادەستی كۆمپانیای دەكات!.

ئەمە بێجگە لەوەی لە رووی یاساییەوە وڵاتانی دونیا سیستەمی هەرەمی قەدەغەكردووە و، بە قۆڵبڕین و فرتوفێلیان داناوە، وەك ئەمریكا , بریتانیا, فەرەنسا, ئەڵمانیا , كەنەدا, چین و بەرازیل ...هتد.

بەڵگەی ئەو كۆڕبەند ودەستانەی فەتوا بۆ حەرامكردنی سیستەمی هەرەمی كە (یونیك فاینانس) كاری پێ دەكات ئەوەیە ئەم سیستەمە چەندین ناشەرعی لە خۆ دەگرێت گرنگتریناین ئەمانەیە:

1ـ جۆرێكە لە قومار كە، خوا حەرامی كردووە (إنما الخمر والمیسر..رجس من عمل الشیطان) قوماریش وەك ابن تیمیە دەڵێ: (أن یُوخَذ مالُ الانسان و هو علی مخاطرة هل یحصل له عوضه أم لا؟) واتە: بریتیە لەوەی سامان لە مرۆڤێك وەربگیرێت، بەڵام سامانەكەی لە مەترسی ئەوەدایە كە، ئایا بەرامبەری ئەو پارەی داوێتی دەست دەكەوێت یان سامانەكەی دەڕوات؟.

جا بەشداربووانی (یونیك فاینانس) هەریەك بڕە پارەیەك دەدات بۆ ئەوەی بتوانێ گروپێك بۆ خۆی دروست بكات و، پارەی دەست بكەوێت وەك ئەوانەی سەرەوەی خۆی, لە ئەنجامدا ئەگەری زۆر هەیە كە كۆمپانیا مایە پووچ بوونی خۆی راگەیەنێت, یان ماڵپەڕ و سیستەمەكە رابوەستێت بەهۆی كەمبوونەوەی بەشداربووان یان گرفتی یاسایی یان هەر هۆیەكی تر, لەم كاتەدا كە هەرەمەكە راوەستاوە ئەوانەی لە ژێرەوەی هەرەمەكەن كە زۆرینەی بەشداربووانن سامانەكەیان دەبێتە هەڵم و مایە پووچ دەبن و هیچ شتێكیان دەست ناكەوێت، خۆ ئەگەریش سیستەمەكە بەردەوام بێ، بەشداربوو نازانێ دەتوانێ بەشداربووی نوێ بهێنێ تا ئەو عمولە و خەڵاتانەی دەستبكەوێت یان نا؟، هەموو ئەمانەش جۆرێكن لە گرێبەستی قومار و غەرەر و ناڕوونی و فەوتاندنی سامانە, كە ئیسلام حەرامی كردوون.

2ـ ئەم گرێبەستە جۆرێكە لەوەی پێغەمبەر علیه السلام قەدەغەی كردووە كە، بریتیە لەوەی دەفەرمووێ (نهی عن بیعتین فی بیعة) یان (صفقتین فی صفقة) واتە: دوو گرێبەست لە یەك گرێبەستدای قەدەغەكردووە.

چونكە بەشداربوو كە دەیەوێ‌ ئەم گرێبەستە لە گەڵ (یونیك فاینانس) واژۆ بكات، بۆ ئەوەی كەسانی نوێ بهێنێت، لە بەرامبەر برێك پارە, كۆمپانیا ناچاری دەكات بەوەی سەرەتا دەبێ بڕێك پارە بدات بە كۆمپانیا بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی پێ بكات, ئەمەش كارێكی ناشەرعیە و ئەو فەرموودەیە و چەندین فەرموودەی تر دەگرێتەوە.

بەڵگەی دووەم:

ئایا ناوەڕۆكی گرێبەستی بەشدار بوو لە گەڵ كۆمپانیا لە رووی شەرعیەوە چ جۆرێكە؟.

ئایا وەكالەتە؟ یان كەفالەتە؟ یان هاوبەشی یە؟ یان قازانج بە هاوبەشی یە(المضاربة) یان جەعالە و دەڵاڵیە؟ یان قەرزدانە؟.

بێگومان وەكالەت نیە، چونكە وەكالەت ئەوەیە كەسێكی (عەینی) یان (مەعنەوی (كۆمپانیایەك) هەستی بە ئەنجامدانی كارێك بۆ تۆ لە بەرامبەر كرێیەكی دیاری كراو، بۆ نمونە تۆ (1000$) داوە بە (یونیك فاینانس) تا وەك بریكاری تۆ، چەند پشكێكی (ئەپڵ) یان (مایكرۆسۆفت) بۆ تۆ بكڕێت، لە بەرامبەردا كرێیەك لە تۆ وەربگرێت، پاش كڕینی پشكەكان و وەرگرتنی كڕێی خۆی ئیتر هیچ پەیوەندی بە تۆوە نامێنێت.

دەی ئایا كۆمپانیا وەكیلی بەشدار بووە بەم شێوە شەرعیەی باسمان كرد؟ و ئایا هیچ پشكێكی دیاریكراو و بە قەواڵەیەكی فەرمی باوەڕپێكراو بۆ تۆ كرێوە و رادەستی كردووی؟, وئایا هیچ كرێیەكی بۆ دیاری كراوە؟!، بێگومان نەخیر، چونكە بەشدار بوو هیچ زانیاریەكی نیە سەبارەت بە كارەكانی كۆمپانیا و، ئەو پارەی لێ وەردەگرێ، چی لێ دەكات و، قازانجی چەندە و، نەك كرێیەكی دیاری كراوی نیە، بەڵكو كۆمپانیا كەمێ لەو پارانەی وەری دەگرێت، بە ناوی قازانج دەیداتەوە بە بەشدار بووان، كەواتە ئەم گرێبەستە تەواو پێچەوانەی گرێبەستی وەكالەتی شەرعیە.

ئەی ئایا بەشدار بوو وەكیل و بریكاری كۆمپانیایە؟ دیارە نەخێر، چونكە بریكار هیچ بڕە پارەیەك نادات بە خاوەن كار، بەڵكو كرێیەك وەردەگرێ لە بەری ئەو كارەی دەیكات، وەك كاری پارێزەری، دەی بەشدار بوو لانی كەم بڕی (1000$) بە كۆمپانیا دەدات جا چۆن بریكاری كۆمپانیایە؟!.

بێگومان كەفالەتیش نیە، چونكە جۆرێكە لە گرێبەستەكانی (تبرع) و، بێ بەرامبەر دەكرێت، دەی ئایا كۆمپانیا كەفیلی بەشدار بووە؟، ئەگەر كەفیلی بەشدار بوو بێ، ئەوە نابێ هیچ بڕە پارەیەكی لێ وەر بگرێت، و دەبێ بێ بەرامبەر ئەم كارەی بۆ بكات!، ئایا كۆمپانیا بێ بەرامبەر دەیكات؟ رێكخراوی خێرخوازییە؟. كەواتە كەفالەتیش نیە.

هەروەها بێگومان هاوبەشیش نیە، چونكە هاوبەشی لە نێوان دوو لایەن دەكرێت و هەر لایەك بە بڕێك پارە بەشدارن، و رێدەكەون لە سەر رێژەیەك دیاریكراو لە قازانج، بەڵام لێرە ئەوەی پارە دەدات تەنها بەشدار بووە، كۆمپانیا تەنها پارە وەردەگرێت ورێژەی قازانجیش چەندە هیچ دیارە نیە و، هەموو زانیاری و بڕیاركێش لای كۆمپانیایە وئەو قازانجە كەمەش كە دەدات بە بەشدار بوو، هەر لە سەر مایەكەی خۆی دەداتێ كە بۆ ماوەی دوو ساڵ رادەستی كردووە و، بە كوردی خۆمان رۆنی خۆیەتی لە سمێڵی دەداتەوە.

هەروەها بێگومان قازانج بە هاوبەشی(المضاربە) نیە، چونكە قازانج بە هاوبەشی شەرعی بریتیە لە: گرێبەستی نێوان خاوەن سامان و كرێكار (العامل) و، لە گرێبەستەكەدا رێدەكەون لە سەر رێژەیەكی دیاركراو لە قازانج بۆ هەردوو لایەن و، نابێ بە هیچ جۆرێ زەمانەتی سەرمایە بكرێت، چونكە ئەگەری قازانج و زەرەر هەیە، و هەروەها نابێ بڕێك پارەی دیاری كراو بۆ خاوەن سامان دیاری بكرێت، بەڵكو دەبێ رێژەیەكی لە قازانج دیاری بكرێت، وهەروەها ئەگەر زەرەر پەیدا بوو نابێ بخرێتە ئەستۆی كرێكار، بەڵكو دەبێ بخرێتە ئەستۆی خاوەن سامان.

دەی لە (وینك فاینانس) تەواو پێچەوانەیە، خاوەن سامان ئاگاداری هیچ نیە و، نازانێ بەو پارەی ئەو وەبەرهێنان لەچی دەكرێت و رێژەی قازانج چەندە و، و كۆمپانیا بەلێَنی داوە كە سەرمایەكەی پاش دوو ساڵ بۆ بگێرێتەوە و، هیچ زیانێك نەكەوێتە سەر خاوەن سامان، هەموو ئەمانەش پێچەوانەی بنەمای شەرعین لە گرێبەستی قازان جبە هاوبەشی.

بێگومان جەعالە و، دەڵاڵیش نیە، چونكە بەشدار بوو ئەگەر دەڵاڵی كۆمپانیا بێ، كاتێ خەڵكی بۆ رادەكێشێت دەبێ بڕە پارەیەك وەربگرێت لە بەرامبەر كارەكەی، نەك پارە بدات, كە چی سەرەتا و پێش هەموو شتێ دەبێ لانی كەم (1000$) بدات بە كۆمپانیا، وەك پابەندبوونی ئەندام بوون، دەی ئەمە دەڵاڵی نیە، بەڵكو پێچەوانەی دەڵاڵی یە، ئەمە بێجگە لەوەی كاری دەڵاڵی گەیاندی فرۆشیار و كڕیارە بە یەكتر و رێكخستنی گرێبەستی نێوانیانە و، پاش تەواو بوونی، كاری بەسەر ئەوان و فرۆشراو نامێنێت و كرێی خۆی وەردەگرێت و بۆ یەكجاریشە، بەڵام لە سیستەمی هەرەمی بەوە كۆتایی نایەت، بەڵكو ئەوە سەرەتایەكە و دەبێتە زەنجیرەیەكی نەبڕاوە وكۆتایی نایەت.

بێگومان گرێبەست لە گەڵ (یونیك فاینانس) پێچەوانەی ئەم مەرج و بنەما شەرعیانەیە، چونكە كۆمپانیا بەڵینی داوە زەمانەتی سەرمایەی بەشداربوو بكات و، پلە كۆتایی دوو ساڵەكە بۆی دەگەرێنێتەوە، لە گەڵ زەمانەت كردنی قازانجەكانی.

كەواتە ئەوەی دەمێنێتەوە لە ئەگەرەكان ئەوەیە كە تەكییفی شەرعی گرێبەستی كۆمپانیا لە گەڵ بەشدار بوو لە ڕاستیدا بریتیە لە: قەرزدانی بەشدار بوو بە كۆمپانیا بۆ ماوەیەكی دیاریكراوە لە بەرامبەر زەمانەت كردن و گێڕانەوەی ئەو قەرزە و، بەخشینی بڕێك پارەی زیادە, چونكە ئەگەر بڕە پارەیەك درا بە كەسێك یان كۆمپانیایەك بۆ ئەوەی كاری پێ بكات، بەڵام زەمانەتی سەرمایەكە كرا، ئەوە گرێبەستەكە دەبێتە گرێبەستی قەرز, نەك قازانج بە شەراكەت (المضاربە).

ئەمەش هیچ گومانی تێدا نیە كە، ئەو پارەی بەشداربووان دەیدەن بە (یونیك فاینانس) قەرزە و دوای دووساڵ وەریدەگرنەوە و، ئەو زیادەیەی (یونیك فاینانس) بە ناوی قازانج دەیدات بە بەشدار بووانی ریبایەكی ئاشكرایە، وەك ئەو پارەی كە لە بانكەكاندا دادەنرێت و، لە بەرامبەردا سووی لە سەر وەردەگیرێت، هەروەها وەك ئەو قەواڵە داراییانەی (السندات) كە، حكومەت دەری دەكات و، زەمانەتی سەرمایە و سووەكەشی دەكات و، خەڵكیش بەشدرای دەكەن، دیارە ریباش بە دەقی قورئان و سوننەت حەرامە (وأحل الله البیع وحرم الربا).

بێجگە لەم جۆرە ریبایە كە، پێی دەوترێت (ربا القروض), دوو جۆری تری ریبای تێدایە كە، بەشێكن لە (ربا البیوع) ئەویش بریتیە لە (ربا الفضل ) و (ربا النسیئە) كە جۆری یەكەم بریتیە لەوەی سامانێكی ڕیبەوی ـ بۆنمونە پارە ـ بە هاوشێوەی خۆی ئاڵوگۆڕ بكرێت، بەڵام یەكێكیان ڕێژەی لەوی تر زیاتر بێت، وەك گۆڕینەوەی یەك ملیۆن دینار بە ملیۆنێك و دووسەد, ئەمە ریبایە, ئەگەر هەر دووكیان حازر بن و، ڕادەستی یەكتری بكەن، چونكە یەكیان زیاترە, بەڵام ئەگەر یەكێكیان یان هەردووكیان حازر نەبن، ئەوەش ریبایە و پێی دەڵێن (ربا النسیئە).

جا بەشدار بوو بە لایەنی كەمەوە (1000$) دەدات بە كۆمپانیا لە بەرامبەردا كۆمپانیا پارەی خۆی و هەندێك زیادەی پێ دەدات, ئەمەش ریبای (الفضل) ـە و، هەروەها چونكە بە یەك جار سەرمایەكە و زیادەكەی دەمودەست ناداتێ، ئەمەش ربیای (ربا النسیئە).

دیارە هەر دوو جۆرەكە حەرامە بە پێی فەرموودەكانی پێغەمبەر (درودی خوای لێ بێ) كە گەشتووەتە پلەی (تەواتور) وەك پێشەوا تەحاوی دەڵێت، بۆنمونە پێغەمبەر  دەفەرموێت: (الذهَبُ بِالذهَبِ والْفضة بِالْفِضة...مِثلاً بِمِثلٍ يدًا بِيدٍ فَمَنْ زَادَ أو اسْتَزَادَ فَقَدْ أَرْبَی، الآخذ و المعطي سواء).

واتە: ئاڵوگۆری زێر بەزێر و زیو بەزیو...دەبێ وەك یەك بن و دەست بەدەست بێ بێ دواخستن، ئەگەر یەكیان زیادی كرد یان داوای زیاد كردنی كرد ئەوە ربیای خواردووە، وەرگری ریبا و بدەری لە تواناندا وەك یەكن.

بەڵگەی سێیەم:

بەپێ ی گرێبەستی نێوان بەشداربوو و كۆمپانیا, وەبەرهێنەر كە خاوەن سامان و بەشداربووە و, بە حیساب كۆمپانیا وەكیلی ئەوە و، وەبەرهێنان بە پارەی ئەو دەكات لە پشكی كۆمپانیا جیهانییەكان !، لەكاتێكدا بەشداربوو هیچ ئاگاداری كارەكانی كۆمپانیا نییە و، نازانێت ئەو پارەی لێ وەردەگرێت چی لێ دێت و، وەبەرهێنان لە چی دەكات و، ئەو قازانجی دەیكات چەندە!.

بەڵكو تەنها رێژەیەكی لە بەناو قازانج بۆ دیاری دەكات و، بە شێوەی ژمارە دەخاتە ناو ئەكاونتەكەیەوە، بەڵام كۆمپانیا چەندی لە قازانج بەردەكەوێت هیچی لێنازانێت, دەی ئەمە چ جۆرە وەكالەتێكە؟.

بێگومان ئەم جۆرە وەبەرهێنانە بە پێی گشت مەزهەبەكان و كۆربەندە فیقهییەكان بەتاڵە وناشەرعیە.

بەڵگەی چوارەم:

كۆمپانیا ناچارت دەكات كە تا كۆتایی گرێبەستەكە كە (دوو ساڵ) ـە بمێنێتەوە و، نابێت پارەكەت ڕابكێشیتەوە و، ئەگەر ویستت رایكێشی پاش شەش مانگ بۆت هەیە, بەڵام یەك سەنت قازانجت ناداتێ و ئەو قازانجەی كە رۆژانە وەرت گرتووە هەمووی لە سەرمایەكەت دەگێڕێتەوە, ئەوجا پارەكەت ڕادەست دەكات ئەمەش لە دوو ڕووەوە ناشەرعییە:

1. ئەگەر ئەمە گرێبەستی قازان بە هاوبەشیە ـ وەك خۆیان بانگەشەی دەكەن ـ دەی قازانج بە بە هاوبەشی لە بنەرەتدا گرێبەستێكی جائیزە واتە هەركات ویستیان هەردوولا دەتوانن بكشێنەوە، هەرچەندە لە ڕاستیدا وەك گوتمان گرێبەستی قەرزە بە ریبا و سوو, و قەرزیش وەك زانایان دەڵێن: (لا یتأجل بالتاجیل) واتە: ئەگەریش كاتی دانەوەی قەرزەكە دیاری بكرێت، بەڵام دوا ناكەوێت و، هەر كات خاوەنەكەی ویستی دەتوانێت داوای بكاتەوە.

2ـ گرییمان قازانج بە هاوبەشیە و، ئەگەر پێكهاتن لە سەر ماوەی دانەوەی پارەكە دروستە، دەی ئایا ئەمە ناحەقی و زوڵم نیە كۆمپانیا لە خاوەن سەرمایە دەیكات، كە ئەگەر پاش شەش مانگ یان زیاتر داوای كردەوە ئەوە تەنها سەرمایەكەی بۆ دەگەرێندرێتەوە و، یەك سەنتی وەك قازانج پێنادرێت؟!, لەكاتێكدا بەشێك لەو قازانجەی كۆمپانیا دەستی كەوتووە بەرهەمی ئەو سەرمایەیە كە دەیگێرێتەوە بۆ خاوەنەكەی, ئەمەش خواردنی سامانی خەڵكە بە هەوانتە و خوای گەورەش وەفەرموێ (ولا تأكلوا أموالكم بینكم بالباطل).

بەڵگەی پێنجەم:

بەشداری كردن لەم كۆمپانیایە مەترسیەكی زۆری تێدایە و، ئەگەری فەوتان و بە هەڵمبوونی سامانی بەشدار بوو لە هەر دەرفەتێكدا زۆر نزیكە, چونكە هیچ زەمانەتێكی یاسایی نیە بۆ پاراستنی مافی بەشدار بوو, وەنابێتە خاوەنی پشكی حەقیقی لەو كۆمپانیا زەبەلاحانەی كە (یونیك فاینانس) بانگەشەی وەبەرهێنان لە پشكەكانیان دەكات وەك: (ئەپڵ, فەیسبوك , مایكرۆ سۆفت، بی ئێم ، مارسیدس....هتد), لەبەر یەك هۆكاری سادە, ئەویش ئەوەیە كە، لە كیشوەری ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ـ تا ئێستا ـ كڕینی ئەسڵی پشك بە فەرمی بوونی نیە, چونكە هیچ بۆرسەیەك پشتیوانی ئەوە ناكات كە تۆ بووی بە خاوەنی پشكێكی راستەقینە كە، گوزارشت بێ لە موڵكێكی ڕاستەقینەی مەوجود.

بەڵام لە ئەوروپا شتی وا هەیە و بە فەرمی و دیكۆمێنت و قەواڵە دەبیتە خاوەنی پشكێكی ڕاستەقینە, و هەر كات بتەوێت دەتوانیت بیفرۆشیتەوە و، هەر كات بتەوێت دەتوانیت پارەكەت ڕاكێشیت, بەڵام لە (یونیك فاینانس) تا كۆتایی ئەو دوو ساڵە مافت نیە سامانەكەت ڕاكێشیتەوە و، سەرمایە و قازانجەكەش تەنها هەندێك ژمارە دەخرێتە ناو ژمارە حیسابتەوە كە لە ماڵپەڕی كۆمپانیایە و خۆی كۆنترۆڵی دەكات و، هیچ قەواڵەیەكی فەرمی و یاسایی نیە كە، تۆ بوویی بە خاوەنی پشكێكی ڕاستەقینە.

كەواتە بەشدار بوو سامانەكەی ڕوو بە ڕووی مەترسیەكی ڕاستەقینە دەكاتەوە, ئەمەش لە ڕووی شەرعیەوە دروست نیە, چونكە پاراستنی سامان یەكێكە لە گرنگترین مەبەستەكانی شەریعەت و خوای گەورە داوای پاراستنی كردووە وەك دەفەرموێت (ولاتؤتوا السفها‌ء أموالكم التی جعل الله لكم قیاماً) و ڕیوایەتیش كراوە لە پێغەمبەری خواوە (نهی عن اضاعة المال) واتە: بە فیڕۆدانی سامانی قەدەغە كردووە.

بەڵگەی شەشەم:

فریودان و وەهم فرۆشتن وفرتوفێڵێكی زۆری تێدایە كە، هەموو ئەمانه بە چەندین ئایەت و فەرموودە حەرام كراوە بۆ نمونە: (من غش فلیس منی).

چونكە ئەو وەبەرهێنانەی كۆمپانیایە باسی دەكات هیچ زانیاری و، داتایەك نیە پشت ڕاستی بكاتەوە و، خۆشیان هیچ داتایەكی متمانە پێكراو بڵاوناكەنەوە و، هیچ بەشداربوویەك پسولە و قەواڵەی ئەو پشكانەی پێ نەدراوە كە (یونیك فاینانس) لە كۆمپانیاكانی وەك (ئەپل، فەیسبوك، مایكرۆسۆفت...هتد) و بەمۆر و واژووی ئەوان كریوێتی، بۆیە بانگەشەی پشك كڕین تەنها فریودان و، خۆڵ لە چاوی خەڵك كردنە نەبێ، هیچی تر نیە.

بۆیە وەك باسمان كرد ڕێكخراوی جیهانی دەستە قەواڵە داراییەكان و حكومەتی فەرمی سویسرا و حكومەتی عێراقی بە فەرمی هۆشداریان داوە لەم كۆمپانیایە و، بەوەهم و فرتوفێڵیان ناوزەد كردووە.

لە لایەكی ترەوە ئەو كۆمپانیایە زەبەلاحانەی (یونیك فاینانس) وەبەرهێنان لە پشكەكانیان دەكات وەك:(ئەپڵ , فەیسبوك, مایكرۆ سۆفت....هتد) وەك بانگەشەی بۆ دەكات، خودی ئەو كۆمپانیانە بەشێك لە قازانجەكانیان دەخەنە ناو سندوقی وەبەرهێنانی جیهانی لە ئەمریكا كە، قازانجەكەی لە نێوان (3ـ7%) یە و، یاسای ئەو سندوقە هەرگیز رێ نادات كە، ژمارەیەكی جێگیری رۆژانە, یان هەفتانە, یان مانگانە, یان ساڵانەت قازانج بدات, چونكە موستەحیلە لە ئاڵوگۆر و وەبەرهێناندا قازانج جێگیر بێت, بەڵكو هەموو بازرگانی یەك ئەگەری قازانج و زیانی هەیە.

دەی مەعقولە كۆمپانیای (یونیك فاینانس) كە چوار ساڵە دامەزراوە و، زۆریش ناسراو نیە و، هیچ زەمانەتێكی یاسایشی نیە، ڕێژەی (80%) قازانجی ساڵانەی بدات بە بەشدار بووانی ـ وەك خۆیان بانگەشەی بۆ دەكەن ـ؟!، لەكاتێكدا خودی بۆرسەی (نازداك) كە دەڵێن لەوێ‌ وەبەرهێنان دەكەین, قازانجی خۆی لە (6ـ8%) تێپەڕ ناكات.

باشە ئەگەر ئەو قازانجە خەیاڵیەی (یونیك فاینانس) راستەقینە بێ، بۆ ئەو كۆمپانیایە زەبەلاحانە نایەن و، وەبەر هێنان لەرێی (یونیك فاینانس) وە بكەن؟!.

لە ڕاستیدا ئەو قازانجەی (یونیك فاینانس) دەیكات, هی وەبەرهێنان نیە، بەڵكو هی ئەو پارانەیە كە لەو ڕێژە زۆری بەشداربووان وەریدەگرێت كە، گەشتوونەتە چوار ملیۆن كەس.

بۆ نمونە كەسێك بەشدار دەبێت بە (1000$), كۆمپانیا (100$) دەدات بە ئەو كەسەی كە هێناویەتی و، (900$) بۆ خۆی دەبات و, هەروەها ئەو بەشدار بووە ئەگەر كەسێكی هێنا بە هەمان شێوە (100$) دۆلار دەبەخشێ و، (900$) بۆ خۆی دەبات.

ئەمە بەلای كەمەوە، ئەگەر هەر كەسێك (1000$) دابێت، جارانی (4) ملیۆنی بكە دەكاتە چوار بلیۆن دۆلار كە، ئەو بڕە خەیاڵی یە لە بانكەكان بخەوێنێت، تەنها سووەكەی وەربگرێت بەسێتی و، ئەم پارە خەیاڵی یە تا چەندین ساڵی تر بەو جۆرە قازانجە كەمە ڕۆژانە (3ـ4$) بدات بە بەشدار بوو تەواو نابێت, چ جای ئەوەی سیستەمی هەرەمیەكەی لە فراوان بووندایە و، كۆمپانیاش بێگومان یان وەبەرهێنان بەو پارەیەوە دەكات، یان لە ژەمارە حیسابی بانكێكی ریبەوی دەیخەوێنێت.

كەواتە هەر كات كۆمپانیا مایە پووچ بوونی خۆی یان داخستنی ماڵپەڕ و نووسینگەكانی خۆی ڕاگەیاند, ئەو كات خاوەن كۆمپانیا قازانجێكی خەیاڵی دەكات و، زیانێكی زۆر گەورەش بە سامانی بەشداربووانی دەكەوێت، بە تایبەت چینەكانی ژێرەوە و ئەندامانی نوێ كە زۆرینەی بەشداربووانن.

كەواتە بێجگە لە فرتوفێڵ و قۆڵبڕین شتێكی تر نیە و، بەشداربووش كاتێ بەشداری دەكات و، بانگەشە بۆ ئەم سیستەمە دەكات، ئەویش بەهەمان شێوە خەریكی فریودانی كەسانی ترە.

لە كۆتاییدا دەڵێم:

سەرەڕای ئەم بەڵگە شەرعیانە, چەندین لایەنی سلبی تری تێدایە لە وانە: سەرقاڵكردنی گەنجەكانمان بە خەون وخەیاڵی دەوڵەمەند بوون و، دوور خستنەوەیان لە وەبەرهێنانی ڕاستەقینە و پشكی شەرعی و متمانە پێكراو كە لە واقعیدا بوونی هەیە.

هەروەها هەناردە كردنی سەدان دەفتەر دۆلار و پارەی قورس بۆ دەرەوە, ئەمەش زیانێكی گەورە لە ئابووری وڵاتمان دەدات.

هەروەها چەندین كێشەی كۆمەڵایەتی و دەروونی لێ دەكەوێتەوە، لە كاتی نەهاتنەدی خەونەكان و بزربوونی ئەم كۆمپانیایەش، وەك هاوشێوەكانی لە (بزناس ) و(هبە الجزیرە) و(سمارتس وای) و (بنك دریم لاند) و (برایم بنك) هتد.

بۆیە داوا لە موسوڵمانان دەكەم كە بەم جۆرە كۆمپانیانە فریو نەخۆن و پارێزگاری لە سامانەكانیان بكەن و پابەند بن بە دەق و بنەما شەرعیەكانەوە كە، هەموو مامەڵەیەكی وەهمی و بێ بنەما و فرتوفێڵی لەم جۆرە قەدەغە دەكات و، هانی وەبەرهێنانی ڕاستەقینە دەدات.

لە هەمانكاتدا دەڵێم: ئەركی حكومەت و دامەزراوە فەرمیەكان و بازرگانەكانی ئەم هەرێمەیە كە، دەرفەتی كار و، هەلی وەبەرهێنانی راستەقینە بۆ گەنجانمان برەخسێنن بە، دانانی كارگەی جۆراوجۆر وپرۆژەی وەبەرهێنان و پشكی دارای كە گوزارشت لە پرۆژەیەكی راستەقینە بكات وەك ئاو و كارەبا و نەوت و ترام و میترۆ و هەر بوارێكی تر خزمەتگوزاری یان پیشەسازی یان بازرگانی یان كشتوكاڵی..هتد، بۆ ئەوەی سامانی خەڵك بە گشتی و گەنجەكانمان بە تایبەتی لە داوی ئەم كۆمپانیا قوڵبڕانە دەرباز بكەن و خەون و ئاواتیان بەرباد نەكەن.

واللە تعالی اعلم

وصلی علی سیدنا محمد وعلی آله وصحبه اجمعین.

د. محمود زمناكۆیی

پرۆفیسۆری یاردەدەر لە ز. سەلاحەدین

 

هه‌واڵی گرنگ