وەزارەتى گەیاندنى عێراق جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ئامادەن بۆ ڕادەستکردنى نەوەى چوارەمى خزمەتگوزارییەکانى مۆبایل بەئامانجى دابینکردنى خزمەتگوزارییەکى خێرا بۆ هاوڵاتیان، دەشڵێت لەڕێگەى چەند پڕۆسەیەکەوە بەهەدەردانى 4 ملیارى مانگانە ڕاگیراوە.
لەمبارەیەوە ڕەعد مەشهەدانى وتەبێژى وەزارەتى گەیاندنى عێراق، لەلێدوانێکیدا بە ئاژانسى فەرمى عێراقی راگەیاندووە : پڕۆسەکانى شۆک بووەتە هۆى ڕاگرتنى ژمارەیەکى زۆر لەسەرپێچیەکان و هەروەها ئاشکراکردنى چەندین کیگاباتى نایاسایى کە لەڕێگەى کۆنترۆڵکردنى تۆڕە ئەلیکترۆنییەکانەوە دەستى بەسەردا گیرابوو.
ناوبراو راشیگەیاندووە: بەکەمترین خەمڵاندن مانگانە 4 ملیار دینار بەو هۆیەوە قاچاخى بەئینتەرنێتەوە کراوە و ئەوەش بووەتە هۆى بەهەدەردانى موڵکى گشتى لەلایەن کۆمپانیاکانەوە.
ئاماژەی بەوەش كردووە: وەزارەتەکەى ئامادەیە بۆ ڕادەستکردنى نەوەى چوارەم ئەوەش بەمەبەستى پێشکەشکردنى خزمەتگوزارییەکى خێرا بۆ هاوڵاتیان لەڕێگەى کێبڵى تیشکدەر و هەروەها لەڕێگەى کۆمپانیاکانى مۆبایلەوە، ئەوەش بەهۆى ئەوەى وەزارەت ژمارەیەکى زۆرى پسۆڕى لەو بواردەدا هەیە.