جارێكی دیكە بازگەی كارێز، لە سنووری گەرمیان بە ڕووی شوفێرانی بارهەڵگردا داخرا، شوفێرانی كورد دژی داخستنی بازگەكە گردبوونەوەیان ئەنجامداو سوپای عێراقیش تەقەی كرد، بەهۆیەوە گرژی لەنێوان شوفێران و سەربازانی بازگەكەدا دروستبوو.
ئەمڕۆ جارێكی تر لە بازگەی كارێز، كە خاڵی پەیوەندی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەندەو دەكەوێتە نێوان هەردوو شارۆچكەی كفری و خورماتوو، لەلایەن سوپای عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت، بەسەر ئۆتۆمبێلی بارهەڵگردا داخرا.
(عوسمان قەتارچی) ئەندامی دەستەی پاڵپشتی شارۆچكەی كفری، لەسەر ڕووداوەكە بۆ ڕۆژنیوز وتی: لەبازگەكە سوپای عێراق ڕێگە بە هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر نادات بەبیانووی ئەوەی كاری قاچاغچێتی تێدا دەكرێت، بەرپرسانی بازگەكەش دەڵێن، داخستنی ڕێگاكە بڕیاری سەرۆك وەزیرانی عێراقە نەك ئێمە.
وتیشی: ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، كەبارەكەیان ئاسن بوو، دەیانوویست بگەڕێنەوە بۆ كفری، بەڵام بازگەكە ڕێگەی پێنەدان، ئەوانیش بڕیاریاندا بێ گوێدانە ڕێگریەكان بە بازگەكەدا تێپەڕن، كاتێك ئۆتۆمبێلەكان جوڵەیان كرد، سەربازێك بە كڵاشینكۆف تەقەی كرد، دەنگی دۆشكەش هات، شوفێرەكان پەلاماری سەربازەكەیاندا، ئاڵۆزی دروستبوو، بەڵام ژمارەیەك پێشمەرگە كە بۆ چاودێری هاتبوونە ناوچەكە دۆخەكەیان ئارامكردەوە، دواتر ئۆتۆمبێلەكان گەرانەوە كفری.
نزیكەی مانگێك پێش ئێستا، هەمان بازگە بەڕووی شوفێراندا داخرا، شوفێری ئۆتۆمبێلەكان و خاوەن پیشەكان، گردبونەوەیەكیان ئەنجامداو بۆ ماوەی دوو ڕۆژ خێمەیان هەڵدا لە بەردەم بازگەكەدا، دواتر سوپای عێراق ڕێگاكەی كردەوە.