لە (21/12) ی ئەمساڵدا، دوو هەسارەی هەرە گەورەی كۆمەڵەی خۆر، مشتەری و ناهید (زوحەل) دەچنە بارێكی دەگمەنەوەو بە ڕادەیەك لە یەك نزیك دەبنەوە كە بە درێژایی (800) ساڵە بەو شێوەیە نەبیندراون.
گەردوونناسان ئاماژەیان بەوەدا كە دوو هەسارەكە بە ئەندازەیەك لە یەك نزیك دەبنەوە، وەكو دوو هەسارەی پێكەوە لكاو دەردەكەون، بۆ ڕوونكردنەوەی ئەم دیاردەیە زانای گەردوونناسی پاتریك هارتیگان، لە زانكۆی رایسی ئەمریكا وتی : چوونە پاڵ یەكی ئەم دوو هەسارەیە، خۆی لەخۆیدا دیاردەیەكی دەگمەنەو (20) ساڵ جارێك ڕوو دەدات، بەڵام ئەم جارەیان تەواو جیاوازە، چونكە نزیكبوونەوەی لەم جۆرە چەندین سەدە جارێك ڕوو دەدات.
هەروەها بەپێی تۆڕی هەواڵی فۆكس نیوزی ئەمریكا كۆتا جار كە هەردوو هەسارەكە لەسەر یەك هێڵ و بەو ئەندازەیە لە یەكتر نزیك بوون ساڵی (1226) بووە.
بۆیە لەیەكەم ڕۆژی زستانی ئەمساڵداو لەدوای خۆرئاوابوونی ڕۆژی (21) ی كانونی دووەم، دانیشتوانی جیهان بینەری دیمەنێكی ناوازە دەبن؛ بەپێی وتەكانی هارتیگان، لە نێوان ڕۆژانی (16 – 25) ی ئەم مانگە نزیكەی ئەم دوو هەسارەیە لە یەكتر بە ئەندازەی تیرەی مانگێكی پر دەبێت و دانیشتوانی جیهان دەتوانن لە هەموو شوێنێكەوە ئەم دیاردە مێژووییە ببینن، بەڵام ئەوانەی لە هێڵی كەمەرەیی زەویدان دەتوانن بە شێوەیەكی ڕوونتر دیاردە كە ببینن.
هەروەها تایبەت بە ئەو كەسانەی بە تەلیسكۆپ چاودێری هەسارەكان دەكەن و ئارەزووی وێنە گرتنیان دەكەن، ئەگەر بەختی بینینی ئەو دیمەنەیان لە دەست چوو ئەوا ناچار دەبن تا مانگی مارسی ساڵی (2080) چاوەڕێ بكەن، چونكە بەپێی پێشبینی گەردوونناسان دیاردەی لەو شێوەیە تا ئەو كاتە دووبارە نابێتەوە.