وێنەیەكی خۆر كە هی دوێنێیە وێنەكە چەند پەڵەیەكی ڕەش لەسەر خۆر دەبینرێن.
پەڵە ڕەشەكانی سەر ڕووی خۆر چین ..؟
لەگەڵ ئەوەی تێكڕای پلەی گەرمی لەسەر ڕووی خۆر نزیكەی (5500) پلەی سەدیە، بەڵام لەكاتی دروستبوونی لوپی موگناتیسی بەهێز لەنێوان دوو ناوچەی سەر ڕووەكەی پلەی گەرمی یەكێك یان هەردوو لەو ناوچانە لایەنی كەم هەزار بۆ دوو هەزار پلەی سەدی كەمتر دەبێتەوەو ئەمەش وادەكات ئەو ناوچانە هەندێك درەوشانەوەیان كەمتر بێتەوەو بەبەراورد بە ڕووبەرەكانی تر تاریك و ڕەش دەربكەون، خۆر لەماوەی (11) ساڵدا بە یەك سوڕی تەواوی زۆربوون و كەمبوونەوەی ئەم پەڵە ڕەشانەدا دەڕوات، ساڵی پارو بە وردیش لەمانگی (12) ی ساڵی (2019) ژمارەی ئەو پەڵە ڕەشانە لە نزمترین ئاستدا بوو، چەند ڕۆژێكە دەستیان بە دەركەوتنەوە كردوەو لەوانەیە لەمەودوا زۆرترو گەورەتریش بن، لە مانگی 7 ی ساڵی 2025 سوڕی دروستبوون و دەركەوتنیان دەگاتەوە بەرزترین ئاست و دواتر دیسان كەمدەبێتەوە.
لەنێو ئاژانسی ناسا بەشێكی تایبەتی هەیە بە چاودێریكردنی بەردەوام و لێكۆڵینەوە لە خۆر NASA.SDO/HMI دەركەوتووە ئەو كاتانەی كە ئەو پەڵە ڕەشانەی سەر خۆر زۆرترو گەورەتر دەبن ئەوا ئەگەری ڕوودانی تەقینەوەكانی سەر خۆریش زۆرتر دەبن بەهۆی خاڵیبوونەوەی موگناتیسی لەسەر ئەو لوپە موگناتیسیانە، هەر بۆ زانیاریتان بەر لە دوو هەفتە تەقینەوەیەكی گەورە لەسەر پەڵە ڕەشە گەورەكەی سەر خۆر ڕوویدا ئەوەی كە لە وێنەكە دیارە، بەڵام ئەو كاتە لە دیوەكەی تری خۆر بوو.
چەند هەفتەیەكە ئەم چەند پەڵە ڕەشە لەسەر ڕووی خۆر دروستبوون، بەڵام بۆ ئێمە لەسەر زەوی نەدەبینران، چونكە لەدیوەكەی تری خۆر بوون، چەند ڕۆژێكە بەهۆی سوڕانەوەی خۆر بەدەوری خۆی هاتوونەتە ئەم دیوەو بەجوانی دەبینرێن، لەڕاستیدا خۆریش وەكو زەوی بەدەوری خۆیدا دەسوڕێتەوەو لە كەمەری ناوەڕاستیدا كە خێراترە یەك خولی تەواو بە دەوری خۆیدا بە نزیكەی 24 ڕۆژ تەواو دەكات.
تێبینیەكی زۆر گرنگ: نەكەن هەرگیز بەچاوی ئاسایی یان بە دوربین و تەلەسكۆپ بەبێ فلتەری تایبەتی هەوڵی تەماشاكردنی خۆر بدەن، چونكە ئەم كارە دەبێتە هۆی زیانگەیاندانی بەردەوام بە گلێنەی چاو و دوریش نیە ببێتە هۆی دروستبوونی كوێری كاتی یان كوێری بەردەوام، هەمیشە بۆ تەماشاكردنی خۆر دەبێت فلتەر یان چاویلكەی تایبەت بەكاربهێنرێت.
(لوقمان حەوێز – تێكساس)