ڕۆژنامەی (سەن)ی بەریتانی لەڕاپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، ڕاداری خاوەن كامێرەی سەوزی نوێی ناجێگیر، كە نرخەكەی دەگاتە نزیكەی (10) هەزار پاوەند واتە نزیكەی (13) هەزار دۆلار، لەتوانایدایە ماركەو جۆرو مۆدێلو ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێل، لەچەند چركەیەكدا دیاریبكات.
ڕادارەكە بەتوانایەكی زۆر كاردەكاتو لەدووری (762) مەترەوە سەرپێچی ئۆتۆمبێل تۆمار دەكاتو تاریكی شەویش كار لەئەدای ئەم جۆرە ڕادارە نوێیە ناكاتو سەرپێچیەكان تۆمار دەكات.
دوای تۆماركردنی سەرپێچی، ڕادارەكە بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیك وێنەكان دەگوازێتەوە بۆ بەشی داتای سەرپێچیو غەرامەكان، لەپێناو تۆماركردنی سەرپێچیەكە، لەسەر شۆفێری سەرپێچیكار، ئەم پرۆسەیەش بەهیچ شێوەیەك پێویست بەكارمەندی هاتوچۆ ناكات.
لەئێستادا كامێرای ڕادارە نوێیەكە بۆ دیاریكردنی خێرایی (LTI 20/20)، بەیەكێك لەتەكنەلۆژیا نوێیەكان هەژمار دەكرێت لەسەر ئاستی جیهان، كە خەڵاتی داهێنانی پێدراوە، بۆ دیاریكردنی خێراییو دووری ئۆتۆمبێلەكان.
ڕۆژنامە بەریتانیاكە لەڕاپۆرتەكەیدا لەبارەی ئەم ڕادارە نوێیەوە ئەوەشی خستووەتەڕوو، ڕادارەكە لەئایندەیەكی نزیكدا لەزیاتر لە(90) دەوڵەت دەخرێتە كار.
لەڕاپۆرتەكەدا ئەوەش ئاشكراكراوە، ئەم ڕادارە نوێیە تەنها سەرپێچی خێرایی ئۆتۆمبێل تۆمار ناكات، بەڵكو هاوكات سەرپێچی ئەو شۆفێرانەش تۆمار دەكات، كە بێ باكانەو نا بەرپرسیارانە شۆفێریی دەكەن، یان ئەو شۆفێرانەی پشتێنی سەلامەتی نابەستنو ئەوانەشی، لەكاتی شۆفێریكردندا مۆبایل بەكاردەهێنن.
ئامادەكردنی: فوئاد هەورامی