دایک و باوکانی بەرێز!
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

دایک و باوکانی بەرێز!

دایک و باوکانی بەرێز:
 
١- ھیچ کات رێگە مەدەن منداڵە خوار دە ساڵەکەت بەتەنھا و دوور لە چاودێری خۆتان سەرقاڵی ئینتەرنێت بێت و پێویستە لە نزیکەوە چاودێری بکەیت و ئەگەر شتێکی نەخوازراو روویدا ، بتوانن بە زوترین کات کۆنترۆڵی بکەن.
 
٢- ھیچ کات رێگە نەدەن منداڵە خوار شەش ساڵەکەتان بەتەنھا لەگەڵ منداڵی خزمی لەخۆی گەورەتر دوور لە چاودێری ئێوە یاری بکەن، چونکە لەوانەیە توشی گێچەڵی سێکسی ببێت و بەداخەوە زۆر حالەتیش رووی داوەو ھەندێک منداڵ توشی ھێدمەو زەبری دەروونی بوون.
 
٣- تکایە بەردەوام رێنمایی کچە ھەرزەکارەکانتان بکەن بە ھیچ شێوەیەک وێنەی جەستەی خۆیان بۆ کەسانی تر نەنێرن، بەداخەوە ژمارەیەکی زۆر کچی ھەرزەکار بەھۆی وێنەوە توشی کێشەی گەورە بوون.
 
٤-پێداویستی سەرەکی منداڵ ھەستکردن بە ئاسایش و دڵنیایی و خۆشەویستیەو وەک ئۆکسجین وایە بۆ کەسێتی و باری دەروونیان، تکایە بێبەشیان مەکەن.
 
٥-ئەگەر دەتانەوێت لە ئەم دونیاو لە ئەو دونیا بەختەوەر بن، لە ناپاکی و خیانەتی ھاوسەرگیری دوور بکەونەوە، بەدرێژایی بیست و ھەشت ساڵی کارکردنم لە بواری پسپۆڕیم تەنانەت یەک خێزانم رێکەوت نەکردووە لە ئەوانەی یەکێک لە ھاوسەرەکان خیانەتی کردووە، کە بەختەوەر بوو بێت لە کۆتایی یان بە تەڵاق یان بە کارەسات کۆتایی ھاتووە.
 
٦-بەڕێزان زۆربەی زۆری ئەو منداڵانەی کە گەورە دەبن و توشی نەخۆشی و گرفتی دەروونی دەبن ،ئەو منداڵانەن کە نازدار بەخێو کراون یان بە دوو جۆری جیاواز پەروەردە کراون یان بێزراوو ترۆکراون، تکایە لێیان دوور بکەونەوە.
 
٧- تا دەتوانن کاتی پێویست بۆ منداڵ و ھاوسەرەکانتان تەرخان بکەن و گوێیان لێ بگرن با کێشەو گرفتەکان کەڵەکە نەبن و کار لە کار نەترازێت، کورد وتەنی گرێی دەست مەخەنە ددان، چونکە ھەموو کێشە گەورەکان لە کێشەی بچووکەوە دروست بوون.
 
٨-ھەرچ کات ژن و مێرد پەنایان بۆ جنێو دان بە یەکتری یان لێدان و توندوتیژی برد، ئەوە سەرەتای لێکترازاندنی خێزانەو تکایە رێزی یەکتری بگرن و چارەسەری گرفتەکان بە دیالۆگ وگڤت و گۆو لێکتێگەیشتن بکەن.
 
٩- تکایە لە کاتی دروستبوونی کێشەو گرفتەکان ھێڕش مەکەنە سەر کەسێتی یەکتری، بەڵکوو ھێڕش بکەنە سەر رەفتارە ھەڵەکان، لەبەر ئەوەی کەسێتی بەرانبەر بە تۆ ناگۆڕدرێت، بەڵام رەفتاری ھەڵەو نادروست دەگۆڕدرێت.
 
١٠-کاتێک ھاوسەرەکەت توڕەو ھەڵچووە تکایە تۆ بێدەنگ بەو ئەو جێگایەی بۆ بەجێ بھێڵەو دوای ئەوەی ھێور دەبێتەوە ئینجا قسەی لەگەڵ بکەو ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکە بدەن، لەبەرئەوەی مرۆڤ کاتێک توڕە دەبێت ئەوا پرۆسە عەقڵیە مەنتیقیەکان لە کاتی توڕەبوون لەکار دەکەون ئینجا ئەگەر ھەردوولا توڕەبن ئەوا رووداوی نەخوازراو روودەدەن و چارەسەرکردنیان زەحمەت دەبێت.
 
لە خودای گەورە داواکارم ھەموو خێزانەکان بەختەوەر بن و ماڵەکانتان پڕبێت لە ئاشتی و خۆشەویستی .
 
د.کەریم شەریف قەرەچەتانی
 

 

هه‌واڵی گرنگ