ژمارەکانی حکومەت وادەڵێت ئەو پارانە چییان لێهات؟
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ژمارەکانی حکومەت وادەڵێت ئەو پارانە چییان لێهات؟

هەمیشە ڕەخنەکان ئاراستەی حکومەت دەکرێت کەزانیاری سەبارەت داهات لەکاتی خۆیدا ئاشکرا ناکات وە ئەگەر هەر هەواڵێک لەو بارەوە بڵاو بکاتەوە ئەوا لە لایەن کەسانێکی زۆر چ لە حیزبە کانی دەرەوەی حکومەت و هەندێک چار هاوبەشەکانی حکومەتیش یان لە لایەن بەشێک لە چاودێران و شارەزایانەوە متمانەی پێ ناکرێت!.
لە بەرانبەردا حکومەتی هەرێم و بەتایبەت بەرپرسانی پارتی دیموکرات چ لە حیزب یان لە حکومەت و پەرلەمان، ئەوانی تر بەوە تۆمەت باردەکەن کە خەریکی چەواشەکارین و ڕاستییەکان نابینن و نایانەوێ بیبینن، ئەگینا داهاتی هەرێم چ لە سەکتەری نەوت یان داهاتەکانی تر لەبەردەستەو هەرکەس بیەوێ لەو لایەنانە دەتوانێ دەستی پێ بگات!.
بەبێ ئەوەی بچمە ناو ئەو کێشمە کێشمەیەوە لێرەدا من دەمەوێت لەسەر هەندێ ژمارە قسەبکەم کە لەلایەن حکومەتەوە لە ماوەکانی ڕابوردوودا بڵاو کراوەتەوە هەروەها ڕاپۆرتی کۆمپانیای دیلۆیت کە ووردبینی بۆ داهاتی نەوتی هەرێم دەکات دەکەمە بنەمای بەشێک لە بەرهەم و داهاتی هەرێم لە گەڵ ڕاپۆرتی کۆمپانیا نەوتییەکان سەبارەت بەوەرنەگرتنی شایستەی ٤ مانگیان لە هەرێم. تەنها روناکی دەخەمە سەر ئەو ژمارانە و لەسەر ئەو بنەمایە شیکارییەکەم دەکەم.
سەرەتای مانگی ١٢ی ٢٠٢٠ڕاپۆرتێکی گرنگی لەسەر "وەزارەتی دارایی چۆن ئیدارەی داهات، مووچە خەرجییەکانی داوە؟" لە لایەن رۆژنامەی زەمەن بڵاوکراوەتەوە و دەڵێت زانیارییەکانیان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری وەرگرتووە. کە سێ تەوەر لە خۆ دەگرێت:
تەوەری یەکەم : بەیانی دارایی ساڵی ٢٠١٩
تەوەری دووەم : روونکردنەوە سەبارەت داهات و خەرجی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠.
تەوەری سێهەم : روونکردنەوەی کۆی ئەو پارانەی کە لەحکومەتی فیدراڵ تەمویلی هەرێمی کوردستان کراوە لە ساڵەکانی ٢٠٠٤ تاوەکو ٢٠١٩.
من لێرەدا تانها جەخت لەسەر بەشێکی تەوەری یەکەم و دووەم دەکەمەوە، ئەویش پەیوەستە بەو بڕە پارەی لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە تەمویل کراوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری.
ڕاپۆرتەکە زانیاری زۆر باش و چەند ژمارەی کرنگی تێدایە،خۆزگا ئەو زانیاریانە بە شێوەی فەرمی لە لایەن وەزارەت و حکومەتەوە ڕابگەیەنرایە. وێڕای دەستخۆشێم بۆ هەر هەوڵێک بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر داهات و خەرجی سەرەڕای هەر تێبینییەک لەسەری هەبێت کارێکە بەئاراستەی درووست.
هەروەها ڕاپۆرتەکانی دیلۆیتیش بەهەمان شێوە وێنەیەکمان دەداتێ کە لەڕییەوە چۆنیەتی بەڕێوەبردن و مامەڵەکردن لەگەڵ سەکتەری نەوتمان بۆ دەردەکەوێت و ئێمەی چاودێریش تێبینی خۆمان دەخەینە ڕوو.
تەمویلی ساڵی ٢٠١٩
لەم زانیاریانەدا کە زەمەن لە وەزارەتی دارایی وەرگرتووە ئەو بڕە پارەیەی کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ساڵی ٢٠١٩ دا لە داهاتی نەوت تەمویلی وەزارەتی دارایی کردووە بریتی بووە لە ٤ ترلیۆن و ٢٤٦ ملیار و٥٧٧ ملیۆن دینار بووە.گەر بە نرخی فەرمی کە هەرێم دۆلارت پێ دەگۆرێتەوە (١،١١٨٢) بیکەین بە دۆلار ئەوا دەکاتە ٣ ملیار و ٥٩٢ ملیۆن و ٧٠٤ هەزار دۆلار.
.لە ڕاپۆرتی حەوتەمی دیلۆیت بۆ داهاتی نەوتی ساڵی ٢٠١٩ دا هاتووە کە داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێم بۆ هەموو ساڵەکە بریتی بووە لە ٨ ملیار و٤٣٨ ملیۆن و ٦٠١ هەزار و ٣٠٠ دۆلار، دوای دەرکردنی هەموو خەرجیە کان لەشایستەی کۆمپانیاکان و قەرز و پارەی کڕینی کارەبا و سوتەمەنی بۆ کارەبا و گواستنەوە.... بڕی ٤ ملیار ق ٥١٥ ملیۆن و ٤٢١ هەزار و٦٢٥ دۆلار ماوەتەو بۆ حکومەتی هەرێم کە دەکاتە ٥٤%. گەر بێت و ئەم بڕەی کە دیلۆیت دەڵی ماوەتەوە لە وەی کە دراوە بە وەزارەت دەربکەین ئەوکات دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کەوا:
بڕی ١ ترلیۆن و ٩٠ ملیار و ٦٥١ ملیۆن دینار نەگەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی لەساڵی ٢٠١٩ بە پێی زانیارییەکانی وەزارەت و کۆمپانیای دیلۆیت


داهاتی ٨ مانگی نەوتی هەرێم
زانیارییەکانی وەزارەتی دارایی لە ڕاپۆرتەکەی زەمەندا باسی ئەو داهاتە لە ماوەی هەشت مانگدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە بڕی ٢ ترلیۆن و ٣٨ ملیار و ٥٤٥ ملیۆن دینار تەمویلی کردوون .
ئێمەش لێرەدا پشت بەست بە ڕاپۆرتی دیلۆیت لەساڵی رابوردوودا کە نرخی نەوت بە نزیکەی ١١،٥ کەمتر لەنرخی نەوتی برێنت فرۆشتووە و ئاستی بەرهەمی نەوتی هەرێم کە کەمترین ڕێژەمان داناوە ئەویش ٤٢٠ هەزار بەرمیلە لەرۆژێکدا ئەژمار کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپا نەوتییەکانی کە لەهەرێم نەوت بەرهەم دەهێنن حکومەتی هەرێم شایستەی ٢ مانگی کۆتایی ٢٠١٩ و ٢ مانگی سەرەتای ٢٠٢٠ ی پێ نەداون وە ئەو بڕە لە شەش کێڵگەی بەرهەم هێنی هەرێمدا کە ڕێژەی ٥٥% ی بەرهەم پێک دەهێنن و کۆمپانیاکان ڕایان گەیاندووە دەکاتە ٧٠٩ ملیۆن دۆلار لەگەڵ شاستەی پێرێڵ پەترۆلیۆم (دانا گاز)کە ٣٠ ملیۆن دۆلارە . هەردوو کێڵگەی خورمەڵە کە کار کاری تێدا دەکات و بەرهەمی خۆی دەدات لە ١٧٠ هەزار بەرمیل و بلۆکی نەوتی گەرمیان کە کۆمپانیای گازپرۆمی روسی کاری تێدا دەکات و بەرهەمی ٢٤ هەزار بەرمیلە لەئێستادا هێج بڕێکیان ڕانەگەیاندووە کە هەرێم پێی نەدابن بەڵام گەر بێت ئەو پارەیەی کە هەرێم لەکێڵگە ی تاوکی نەیداوە بە کۆمپانیاکان بۆ کاری ئەژمار بکەین ئەوا قەرزی کار بۆ ئەو ٤ مانگە دەکاتە ٢٨٢ ملیۆن دۆلار ( باوەڕمان وایە شایستەی کار لە کۆمپانیاکانی تر دەبێت کەمتربێت چونکە پێدەچێت جۆری گرێبەستەکەی خزمەتگوزاری بێت وە ئەگەر واش نەبێت خەرجی لە کێڵگەکانی تر کەمترە چونکەکۆمپانیا هاتووەتە سەر کێڵگەی ئامادە) بۆیە لێرەدا تەنها ٢٠٠ ملیۆن دۆلارم ئەژمار کردووە. گەر شایستەی کێڵگەی گەرمیانیش وەکو هاو تاکانی لە کێڵگەکانی تر ئەژمار بکەین لانی کەم ٦٠ ملۆنی وەر نەگرتووە . ئەوا ئەو پارەیەی لە شایستەی کۆمپانیاکان بۆ حکومەت ماوەتەوە لەو ٤ مانگەدا ١ ملیار و ١٩٧ ملیۆن دۆلارە.
لەکۆی داهاتی مانگانەش بەپێی ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت ڕێژەی ٥٤% دەمێنێتەوە بۆ هەرێم دوای لێدەرکردنی هەموو خەرجییەکان.
بۆیە دەگەینە ئەو دەر ئەنجامەی لە ماوەی ئەو ٨ مانگەدا هەرێم بڕی ١ ترلیۆن و ٦٤ ملیار و ٧٢٧ ملیۆن دینار نەگەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی( سەیری خشتەکە بکە).



کۆی ئە پارانەی لە فرۆشی نەوتی ساڵی ڕابوردو لەگەڵ هەشت مانگی ئەمساڵ نەگەڕوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی لە دوای لێدەرکردنی هەموو خەرجییەکان دەکاتە زیاتر لە ٢ ترلیۆن و١٥٥ ملیار و ٣٧٨ ملیۆن دینارە( پارەی نزیکەی سێ مانگی موچەیە).
ئەوە تەنها ئەو ژمارانەیە کە حکومەت و وەزارەتی دارایی و کۆمپانیا نەوتییەکان ڕایان گەیاندووە. بۆیە پێویستی بە وەڵممی جدییە لە کاتێکدا کە موچەخۆر و هاوڵاتی هەرێم لە دۆخێکدایە کە بێوێنەیە لە خراپید.ا
هەر بەپێی ئەو داتایانە بێت کە ٥٤% داهاتی نەوت دوای خەرجی دەگەڕێتەوە بۆ هەرێم لە گەڵ داهاتی ناوخۆ و دەروازەکان دەتوانرێت ٢ مانگ جارێک بەبێ بەغداد موچە دابەش بکرێت بە بێ هیچ چاکسازییەک ئەی بۆ ناکرێت؟ ٩ مانگە یاسای چاکسازی دەرچووە و هیچ ئەنجامیکی لەسەر ئەرزی واقیعدا لێ نەکەوتووەتەوە.
کاتێک ژمارەکان بەوشێوەیەبن هاوڵاتی و چاودێران متمانەیان پێ نەبێت و هەنگاوەکنی چاکسازی کە خۆتان بەڵێنتان داوە لەشوێنی خۆی پەرتەناش بکات دەبێت بەغداد چ متمانەیەکی پێ بکات بە تایبەت لەم دۆخەی کە ئەوانی تێیدان (دارایی و سیاسی)؟
لەئەگەری ڕازی نەبوونی بەغداد بە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت و لەبری ئەوە داوای هەموو مەلەفی نەوت یان بەرهەمی نەوت بکات هیڵوێستی حکومەت چی دەبێت؟ هیچ ئامادە سازییەکی کردووە؟ یخود هاوڵاتی جارێکی تر وەکو هەمیشە قوربانییە؟

هه‌واڵی گرنگ