بۆچی هەندێك كەس گیرۆدە پشكنینی چەوری خوێن دەبن ؟؟
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

بۆچی هەندێك كەس گیرۆدە پشكنینی چەوری خوێن دەبن ؟؟

 

 

لە زۆربەی كاتەكاندا هەندێك لەو نەخۆشانەی سەردانی پزیشك دەكەن داوای پشكنینی چەوری خوێن دەكەن، لە كاتێكدا پێویستی نییەو بە زیادە خۆی سەرقاڵكردووە، جگە لەوەی كاتێكی زۆری خۆی بە زیادە لە دەست دەدات، مەسرەفێكی زۆریش دەكات لە خۆڕایی.

ئەم گیرۆدە بوونە لە چییەوە هاتووە ؟؟

(د. زانیار ئاغال) پزیشكی پسپۆڕی هەناوی ڕوونی دەكاتەوە ساڵانێك پێش ئێستا كاتێك جیهان دركیان كرد بە مەترسی بەرزبوونەوەی چەوری كۆلستیرۆڵ لە خوێنی خەڵكدا، ئامۆژگاری هاوڵاتی خۆیان كرد كە ووریا بن و پشكنینی خۆیان بكەن، چارەسەری ئەوانەش بكەن كە لە مەترسیدان بۆ تووش بوونیان بە نەخۆشییەكانی دڵ وەكو جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشك، ئەو پەیوەندیە تووندە بوو لە نێوان بەرزی چەوری خوێن و جەڵتە كە وای كردووە جۆرەها چارەسەر بدۆزرێتەوە بۆ نەخۆشەكان لە ماوەی (30) ساڵی ڕابردوو، كەواتە مەسەلەكە بەرگرییە لە جەڵتەی مێشك و دڵ و قاچ و ئەوانە پەیوەندی بە خودی چەورییەكەوە نییە.

لای خۆمان زۆرێك لە نەخۆش وا تێ گەیشتوون كە بەرزی چەورییەكە خۆی نەخۆشییە، تەنانەت ئێمە جیاواز لە هەموو جیهان، وا دەزانین گەر سەرمان بیەشێت یان شان و ملمان ڕەق بن و یان هەناسە سوار بین ئەوا هۆكاری بەرزی چەورییەكەیە، لە ڕاستیدا شتی وا بوونی نییە، بەرزی چەوری هەرگیز نیشانەی نییە !

لێرەدا بە چەند خاڵێك بۆتان ڕوون دەكەمەوە كە چۆن مامەڵە لەگەڵ بەرزی چەوری بكەین:

1. كێ پشكنینی پێویستە ؟

خۆمان بكەین بە دوو گروپەوە تا تێ بگەین: گروپی مەترسی (ئەوانەی كەسێك لە بنەماڵەكەیان بە گەنجی مردووە بە نەخۆشی دڵ یان بە زگماكی چەورییان زۆر زۆر بەرزە)، گروپی دووەمیش (ئەوانەی مەترسییان نییە، بەڵام تەمەنیان لە (40) ساڵ زیاترە).

2. چەند ساڵ جارێك پشكنین بكاتەوە ؟

بۆ كەسێك سەروو (40) ساڵ بێت و نەخۆش نەبێت لەوانەیە تاكو ساڵی دیكەش پشكنینی نەوێتەوە، بۆ كەسێك لە گروپی مەترسی بێت لەوانەیە زووتر پشكنینی بوێتەوە، ئەمە پێویستە دكتۆرەكەت بۆت رێك بخات.

3. كە بەرز بوو چی بكەین ؟

پێش هەموو شتێك ووریا بن لە كوردستان وەرەقەی ئەنجامی پشكنینی چەوری زۆربەی جار هەڵەیە !!

وەرەقەی ئەنجامەكە لە تەنیشتەوە كە نۆرماڵەكان نووسراوە ئەوا بۆ كەسی ئاسایین و ئینجا هەر هەڵەیە، بەرزی چەوری خۆی گرنگ نییە، ئەوە گرنگە تۆ ئاستی مەترسییەكەت لەگەڵ ژمارەی چەورییەكە چەندە، ئەمە دكتۆرەكەت دەبێت بۆت بكات لە ڕێی چەند هاوكێشەیەكەوە كە زەرب و تەقسیمی دەكات بۆت، كەواتە لەمەولا وەرەقەی ئەنجامی پشكنینی چەوری بە پەلە مەدە بە دكتۆرەكەت، چونكە كارێكی قووڵی دەوێت تا بزانێت چارەسەر وەرگریت یان نا.

هەروەها ووریا بە، گەر تۆ شەكرەت بێت یان سستی گورچیلە یان پێشتر جەڵتەی دڵ یان مێشكت هەبووبێت ئەوا بێ یەك و دوو دەبێت دكتۆرەكەت حەبی چارەسەری چەوریت بۆ بنووسێت و پێویست بەم بێنەو بردەیە ناكات، چونكە تۆ لە گروپی مەترسیدایت، مەگەر هۆكارێك هەبێت كە دكتۆرەكە بۆت دوا بخات بۆ نموونە شەكرەی جۆری دوو هەیەو كۆنترۆڵە گەنجیت و وەزعت باش بێت.

4. چارەسەر ؟

دوای ئەوەی یەكلا بوویەوە كە تۆ بە هۆی بەرزی چەورییەكەت مەترسیت هەیە بۆ سەر دڵ و تەمەنت، ئەوكات:

بۆ هەموو كەس خواردنی ماسی و گوێزو سەوزەو میوە زیاد بكەو خواردنی برنج و نان و گۆشتەكان كەم بكەرەوە، ووریا بە هەڵت نەخەڵەتێنن بە خواردنی دووگ و ڕۆنی تووند، ئەمانە راستە چەوریت بەرز ناكەنەوە، بەڵام قەڵەوت دەكەن گەر زۆر بیان خۆیت بۆیە هەر هەمان مەترسی هەیە بۆ سەر دڵت، وەرزش بكە، پێ لە دكتۆرەكەت مەبڕە، جگەرە تەرك بكە تكایە تكایە.

بۆ گروپی مەترسی: دەست بەجێ دەست بكە بە حەبی چەوری، تەنهاو تەنها حەبی چەورییەكە تۆ دەپارێزێت لە جەڵتەی دڵ و مێشك كە بەهۆی بەرزی چەورییەكەتەوە بێت، ئەمەش قووڵە، كام دەرمان ؟ كام قووەتی حەب ؟ كام ماركە ؟ تا چەند ساڵ ؟ ئەمەیان ئەركی پزیشكەكەتە بۆت بنوسێت بە پێی تۆ.

(ئەژین عەبدولڵا – هەولێر)

 

هه‌واڵی گرنگ